Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ داود.
138 بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
لەبەردەم خوداوەندەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم.
2 بەرامبەر پەرستگای پیرۆزت کڕنۆش دەبەم،
ستایشی ناوت دەکەم،
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت،
چونکە فەرمایشتی خۆتت لە ناوبانگەکەت بەرزتر کردووەتەوە.
3 ئەو ڕۆژەی هاوارم بۆ تۆ کرد بەدەنگمەوە هاتیت،
ئازا و بوێرت کردم.
4 ئەی یەزدان، هەموو پاشاکانی سەر زەوی ستایشت دەکەن،
کاتێک فەرمایشتی دەمی تۆیان بیست.
5 گۆرانی بەسەر ڕێگاکانی یەزداندا دەڵێن،
چونکە شکۆمەندی یەزدان مەزنە.
6 چونکە یەزدان بەرزە و دەڕوانێتە کەسی بێفیز،
بەڵام لووتبەرزان لە دوورەوە دەناسێت.
7 ئەگەر بەناو تەنگانەشدا بڕۆم ژیانم دەپارێزیت،
دەست درێژ دەکەیت بەسەر تووڕەیی دوژمنانم،
بە دەستی ڕاستت ڕزگارم دەکەیت.
8 یەزدان ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت؛
ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت هەتاهەتاییە،
واز لە کارەکانی دەستت مەهێنە.
مردنی هارون
22 هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە قادێشەوە کۆچیان کرد و هاتنە کێوی هۆر، 23 یەزدانیش لە کێوی هۆر لەسەر سنووری خاکی ئەدۆم بە موسا و هارونی فەرموو: 24 «هارون دەچێتە پاڵ گەلەکەی، چونکە ناچێتە ناو ئەو خاکەی بە نەوەی ئیسرائیلم داوە، چونکە ئێوە لەلای مێرگی مەریبا لە فەرمانم یاخی بوون. 25 هارون و ئەلعازاری کوڕی ببە سەر کێوی هۆر و 26 جلەکان لەبەر هارون دابکەنە و لەبەر ئەلعازاری کوڕی بکە، جا هارونیش دەچێتە پاڵ گەلەکەی و لەوێ دەمرێت.»
27 موساش ئاوای کرد وەک یەزدان فەرمانی دا و لەبەرچاوی هەموو کۆمەڵ بەسەر کێوی هۆر کەوتن. 28 ئینجا موسا جلەکانی لەبەر هارون داکەند و لەبەر ئەلعازاری کوڕی کرد، هارونیش لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە مرد، ئینجا موسا و ئەلعازار لە کێوەکە هاتنە خوارەوە. 29 کاتێک هەموو کۆمەڵ بینییان هارون مرد، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل سی ڕۆژ بۆ هارون گریان.
19 نانی خوارد، هێزی هاتەوە بەر و بۆ چەند ڕۆژێک لە دیمەشق لەگەڵ قوتابییەکان بوو.
مژدەدانی شاول لە دیمەشق
20 یەکسەر لە کەنیشتەکاندا عیسای ڕادەگەیاند، کە کوڕی خودایە. 21 هەموو ئەوانەی گوێیان دەگرت سەرسام ببوون و دەیانگوت: «ئەمە ئەوە نییە ئەوانەی لەناودەبرد کە لە ئۆرشەلیم بەم ناوە دەپاڕانەوە؟ بۆ ئەمەش نەهاتە ئێرە، تاکو بە بەندکراوی بۆ کاهینانی باڵا بیانبات؟» 22 بەڵام شاول توانادارتر دەبوو، جولەکەی دانیشتووی دیمەشقی دەمکوت دەکرد و دەریدەخست کە عیسا مەسیحە.
23 پاش ماوەیەکی زۆر، جولەکە پیلانیان دانا بیکوژن، 24 بەڵام شاول بە پیلانەکەیانی زانی. ئەوان شەو و ڕۆژ چاودێری دەروازەکانیان دەکرد تاکو بیکوژن. 25 بۆیە قوتابییەکان بە شەو بردییان و لەناو سەبەتەیەکدا لە شووراکەوە شۆڕیان کردەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.