Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
5 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی پشت بە ئادەمیزاد دەبەستێت،
متمانەی بە هێزی مرۆڤانە هەیە و
دڵی لەسەر یەزدان لادەبات.
6 وەک بنچکێک لە بیابان دەبێت،
چاکە نابینێت کاتێک دێت،
لە گەرمەسێر نیشتەجێ دەبێت لە چۆڵەوانی،
لە زەوییەکی خوێیین کە کەسی تێدا ناژیێت.
7 «بەڵام بەرەکەتدارە ئەو کەسەی پشت بە یەزدان دەبەستێت و
متمانەی پێی هەیە.
8 وەک دارێک دەبێت، شەتڵکراو لەدەم ئاو،
لەدەم جۆگە ڕەگ دادەکوتێت،
لە گەرما ناترسێت،
گەڵاکانی سەوزن،
گوێ بە وشکەساڵی نادات،
لە بەروبووم دان ناوەستێت.»
9 دڵ لە هەموو شتێک فریودەرترە و
دەرمانی نییە،
کێ دەیناسێت؟
10 «من یەزدانم، دڵ دەپشکنم،
دەروون تاقی دەکەمەوە،
بۆ ئەوەی هەریەکە بەگوێرەی ڕەفتارەکەی پێی بدەم،
بەگوێرەی شایستەیی کردارەکانی.»
کۆکراوەی بەشی یەکەم
زەبوورەکانی 1–41
1 خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی
بەپێی ڕاوێژی بەدکاران ناڕوات و
لە ڕێگای گوناهباران ڕاناوەستێت و
لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانانیشێت.
2 بەڵکو ئارەزووی ئەو لە فێرکردنی[a] یەزدانە،
شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە.
3 وەک دارێک وایە کە لەدەم جۆگەی ئاو ڕوابێت و
لە وەرزی خۆیدا بەرهەم بدات و
گەڵاکانی هەرگیز وشک نەبن،
لە هەموو کارێک سەرکەوتوو دەبێت.
4 بێگومان بەدکاران وانین،
بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە.
5 بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن،
نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن.
6 چونکە یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات،
بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.
هەستانەوەی مردووان
12 بەڵام ئەگەر ڕاگەیەنراوە کە مەسیح لەنێو مردووان هەستێنرایەوە، ئیتر چۆن هەندێکتان دەڵێن مردووان زیندوو نابنەوە؟ 13 ئەگەر هەستانەوە لەنێو مردووان نەبێت، تەنانەت مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە. 14 ئەگەر مەسیح هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا مزگێنیدانمان بێ سوود دەبێت، باوەڕی ئێوەش هیچ سوودی نابێت. 15 ئێمەش دەبینە شایەتی درۆزن بۆ خودا، چونکە ئێمە سەبارەت بە خودا شایەتیمان دا کە مەسیحی هەستاندووەتەوە، بەڵام ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە، هەڵینەستاندووەتەوە. 16 ئەگەر مردووان هەڵنەستێنرێنەوە، کەواتە مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە. 17 ئەگەر مەسیح لەنێو مردووان هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا باوەڕتان پووچ دەبێت و ئێوە هێشتا لە گوناهەکانتاندان. 18 کەواتە ئەوانەی کە باوەڕیان بە مەسیح هەبوو و نوستوون[a]، لەناوچوون. 19 ئەگەر بێتو تەنها لەم ژیانە هیوامان بە مەسیح بێت، ئەوا ئێمە نەگبەتترین خەڵک دەبین لەنێو مرۆڤ.
20 بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان.
17 ئینجا عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکان هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەختایی ڕاوەستا. لەوێ کۆمەڵێکی زۆر لە قوتابییەکانی و خەڵکێکی ئێجگار زۆر کە لە هەموو یەهودیا و ئۆرشەلیم و کەناری سور و سەیداوە هاتبوون، 18 هەموویان بۆ ئەوە هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە، ئەوانەش کە بە دەست ڕۆحە پیسەکان دەیانناڵاند چاکبوونەوە. 19 هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاکدەکردەوە.
20 ئینجا چاوی بۆ قوتابییەکانی هەڵبڕی و فەرمووی:
«خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، ئەی هەژاران،
چونکە شانشینی خودا بۆ ئێوەیە.
21 خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا برسین،
چونکە تێر دەبن.
خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا دەگریێن،
چونکە پێدەکەنن.
22 خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی ڕقی لێتان دەبێتەوە و
کاتێک جیاتان دەکەنەوە، جنێوتان پێدەدەن و
بە بەدکار ناوتان دەبەن، لەبەر کوڕی مرۆڤ.
23 «لەو ڕۆژەدا دڵخۆش بن و لە خۆشیدا هەڵپەڕن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە باوباپیرانیشیان ئاوایان بە پێغەمبەران کردووە.
24 «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی دەوڵەمەندان،
چونکە خۆشگوزەرانی خۆتان لێرە وەرگرتووە.
25 قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا تێرن،
چونکە ئێوە برسی دەبن.
قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا پێدەکەنن،
چونکە ئێوە ماتەم دەگێڕن و دەگریێن.
26 قوڕبەسەرتان کاتێک هەموو خەڵک ستایشتان دەکات،
چونکە باوباپیرانیان ئاوایان بۆ پێغەمبەرە درۆزنەکان کردووە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.