Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
هەڵقوڵانی ئاو لە تاشەبەرد
17 هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی سینەوە کۆچیان کرد، بەگوێرەی کۆچەکانیان کاتێک یەزدان فەرمانی پێ دەکردن، لە ڕەفیدیم لایاندا، بەڵام ئاو نەبوو بۆ خواردنەوە بۆ گەل. 2 جا گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «ئاومان بدەنێ بیخۆینەوە.»
موساش وەڵامی دانەوە: «بۆچی دەمەقاڵێم لەگەڵ دەکەن؟ بۆچی یەزدان تاقی دەکەنەوە؟»
3 بەڵام گەل لەوێ تینوویان بوو و کەوتنە بۆڵەبۆڵ لەسەر موسا. گوتیان: «بۆچی ئێمەت لە میسرەوە هێنایە دەرەوە، هەتا خۆمان و منداڵ و مەڕوماڵاتمان بە تینووێتی بمرین؟»
4 ئیتر موسا هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «چی لەم گەلە بکەم؟ پاش کەمێکی دیکە بەردبارانم دەکەن.»
5 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لەپێش گەلدا بڕۆ و هەندێک پیری ئیسرائیل لەگەڵ خۆت ببە و ئەو گۆچانەش کە پێی لە ڕووباری نیلت دا لەگەڵ دەستت بیبە و بڕۆ. 6 من لەپێشت لەوێ لەسەر ئەو تاشەبەردە[a] لە حۆرێڤ وەستاوم. لە تاشەبەردەکە دەدەیت، ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و گەل دەیخۆنەوە.» موساش بەم جۆرەی کرد لەبەرچاوی پیرانی ئیسرائیل. 7 ئەو شوێنەیان ناونا مەسا و مەریبا[b]، لەبەر دەمەقاڵێی نەوەی ئیسرائیل و لەبەر ئەوەی یەزدانیان تاقی کردەوە و گوتیان «ئایا یەزدان لەنێوانمانە یان نا؟»
95 وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین،
هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان.
2 بە ستایشەوە بچینە بەردەمی،
بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین.
3 چونکە یەزدان خودایەکی گەورەیە،
پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
4 قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و
لووتکەی شاخەکان هی ئەون.
5 دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە،
بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا.
6 وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین،
لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین،
7 چونکە ئەو خودامانە و
ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین،
مەڕی دەستی ئەوین.
ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
8 دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا،
وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا[a] لە بیابان،
9 لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە،
هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی،
بەڵام هەر تاقییان کردمەوە.
10 چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم،
فەرمووم: «ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و
ڕێگای منیان نەناسی.»
11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
«نایەنە ناو حەسانەوەی من.»
ڕزگاربوون لە تووڕەیی خودا
5 کەواتە، لەبەر ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە لەگەڵ خودا ئاشتیمان هەیە، 2 لە ڕێگەی ئەویشەوە ڕێپێدراویێتیمان[a] وەرگرت بەهۆی باوەڕ بێینە ناو ئەم نیعمەتەی کە ئێستا تێیدا نیشتەجێین. شانازیش بە هیوای شکۆی خودا دەکەین. 3 تەنها ئەمە نا، بەڵکو لە تەنگانەشدا شانازی دەکەین، دەزانین تەنگانە دانبەخۆداگرتن دروستدەکات، 4 دانبەخۆداگرتنیش ئەزموون، ئەزموونیش هیوا، 5 هیواش نابێتە هۆی شەرمەزاری، چونکە خۆشەویستی خودا[b] ڕژاوەتە ناو دڵمان، بە ڕۆحی پیرۆز کە پێمان دراوە.
6 کاتێک هێشتا لاواز بووین، مەسیح لە کاتی دیاریکراودا لە پێناو گوناهباران مرد. 7 لەبەر ئەوەی بە دەگمەن کەسێک لە پێناوی مرۆڤێکی ڕاستودروست دەمرێت، لەوانەیە لە پێناوی مرۆڤێکی باش کەسێک بوێرێت بمرێت. 8 بەڵام خودا خۆشەویستی خۆی بۆ دەرخستین، بەوەی مەسیح لە پێناوی ئێمەدا مرد، کاتێک هێشتا گوناهبار بووین.
9 ئێستاش کە بە خوێنی ئەو بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی ئەوەوە چەندە زیاتر لە تووڕەیی خودا ڕزگار دەبین![c] 10 چونکە ئەگەر کاتێک دوژمن بووین لەگەڵ خودا، بە مردنی کوڕەکەی ئاشت بووینەوە، ئەی دوای ئەوەی کە ئاشت بووینەوە چەند زیاتر بە ژیانی ئەو ڕزگار دەبین! 11 نەک تەنها ئەمە، بەڵکو بەهۆی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە شانازی بە خودا دەکەین، ئەوەی ئێستا بەهۆیەوە ئاشتبوونەوەمان وەرگرتووە.
5 گەیشتە شارۆچکەیەکی سامیرە کە ناوی سوخار بوو، نزیک ئەو پارچە زەوییەی یاقوب دابوویە یوسفی کوڕی. 6 بیری یاقوبیش لەوێ بوو. جا عیسا لە گەشتەکە ماندوو بوو، لەلای بیرەکە دانیشت، نزیکەی کاتژمێر دوازدە[a] بوو.
7 ژنێکی سامیرەیی هات بۆ ئەوەی ئاو ببات، عیسا پێی فەرموو: «هەندێک ئاوم بدەرێ.» 8 لەو کاتەدا قوتابییەکانی چووبوونە ناو شار تاکو خواردن بکڕن.
9 جا ژنە سامیرەییەکە پێی گوت: «تۆ جولەکەیت و منیش ژنێکی سامیرەییم، چۆن داوای ئاوم لێ دەکەیت؟» چونکە جولەکەکان تێکەڵی سامیرەییەکان نابن.
10 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر بەخشینی خودات بزانیایە و هەروەها ئەوەش کێیە کە پێت دەڵێت ”ئاوم بدەرێ،“ ئەوسا تۆ داوات لێ دەکرد و ئەویش ئاوی ژیانی پێدەدایت.»
11 ژنەکە پێی گوت: «بەڵام گەورەم، دۆلکەت پێنییە و بیرەکەش قووڵە. ئیتر تۆ ئاوی ژیانت لەکوێ بوو؟ 12 خۆ لە یاقوبی باوکمان گەورەتر نیت کە بیرەکەی پێداوین، خۆی و کوڕەکانی و ماڵاتەکانیشی لێیان خواردووەتەوە؟»
13 عیسا وەڵامی دایەوە: «هەرکەسێک لەم ئاوە بخواتەوە جارێکی دیکە تینووی دەبێتەوە. 14 بەڵام ئەوەی لەو ئاوە بخواتەوە کە من دەیدەمێ، هەرگیز تینووی نابێت، بەڵکو ئەو ئاوەی من دەیدەمێ تێیدا دەبێتە کانیاوێک و هەڵدەقوڵێت، ژیانی هەتاهەتایی دەبەخشێ.»
15 ژنەکەش پێی گوت: «گەورەم، ئەو ئاوەم بدەرێ تاکو تینوو نەبم و نەیەمەوە ئێرە بۆ ئاوکێشان.» 16 عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ، مێردەکەت بانگ بکە و وەرەوە ئێرە.»
17 ژنەکە وەڵامی دایەوە: «مێردم نییە.» عیساش پێی فەرموو: «ڕاست دەکەیت کە دەڵێی مێردم نییە. 18 لە ڕاستیدا پێنج مێردت هەبوو، ئێستاش ئەوەی هەتە مێردت نییە. ئەمەشت بە ڕاستی گوت.»
19 ژنەکە پێی گوت: «گەورەم، دەبینم تۆ پێغەمبەریت. 20 باوباپیرانمان لەم شاخەدا خودایان پەرستووە، بەڵام ئێوە دەڵێن ئۆرشەلیم[b] ئەو شوێنەیە کە پێویستە پەرستنی لێ بکرێت.»
21 عیسا پێی فەرموو: «خانم، باوەڕم پێ بکە، کاتێک دێت ئێوە باوک دەپەرستن، بەڵام نە لەسەر ئەم شاخە و نە لە ئۆرشەلیم. 22 ئەوەی ئێوە دەیپەرستن نایناسن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیپەرستین دەیناسین، چونکە ڕزگاری لە جولەکەوەیە. 23 بەڵام کاتێک دێت ئەویش کە ئێستایە خواپەرستە ڕاستەقینەکان بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی باوک دەپەرستن، چونکە باوک داوای ئەم جۆرە خواپەرستانە دەکات. 24 خودا ڕۆحە و پێویستە ئەوانەی دەیپەرستن بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی بیپەرستن.»
25 ژنەکە پێی گوت: «دەزانم مەسیا دێت، کە پێی دەگوترێ مەسیح، کە ئەو هات هەموو شتێکمان پێ ڕادەگەیەنێت.»
26 عیساش پێی فەرموو: «من ئەوم، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات.»
27 لەو کاتەدا قوتابییەکانی گەیشتن، سەرسام بوون کە لەگەڵ ژنێک قسە دەکات. بەڵام کەس نەیگوت: «چیت دەوێت؟» یان «بۆچی قسەی لەگەڵ دەکەیت؟»
28 ئینجا ژنەکە گۆزەکەی بەجێهێشت، چووە ناو شار و بە خەڵکی گوت: 29 «وەرن کەسێک ببینن هەرچییەکم کردووە پێی گوتم! دەبێ مەسیح نەبێت؟» 30 ئیتر خەڵکەکە لە شار هاتنە دەرەوە و چوونە لای.
31 لەو کاتەدا قوتابییەکان تکایان لێی دەکرد: «ڕابی، بخۆ!»
32 بەڵام پێی فەرموون: «خواردنێکم هەیە بیخۆم، کە ئێوە نایزانن.»
33 لەبەر ئەوە قوتابییەکان بە یەکتریان دەگوت: «کەس هیچی بۆ هێناوە بیخوات؟»
34 عیساش پێی فەرموون: «خواردنی من ئەوەیە بە خواستی ئەوە بکەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم. 35 ئەی ئێوە ناڵێن: ”پاش چوار مانگ کاتی دروێنە دێت“؟ ئەوەتا پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن و سەیری کێڵگەکان بکەن وا زەرد هەڵگەڕاون بۆ دروێنە. 36 سەپانیش کرێ وەردەگرێت و بۆ ژیانی هەتاهەتایی بەرهەم کۆدەکاتەوە، تاکو تۆوچێن و سەپان پێکەوە دڵشاد بن. 37 لەبەر ئەوە ئەو پەندە ڕاستە کە دەڵێت: ”یەکێک تۆو دەکات و یەکێکی دیکە دروێنە دەکات.“ 38 من ئێوەم بۆ دروێنەیەک ناردووە کە پێوەی ماندوو نەبوون. کەسانی دیکە پێوەی ماندوو بوون و ئێوە بەرهەمی ماندووبوونیان دەخۆن.»
39 زۆر لە سامیرەییەکانی ئەو شارە باوەڕیان بە عیسا هێنا، لەبەر قسەی ئەو ژنەی کە شایەتی دەدا: «هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم.» 40 لەبەر ئەوە کاتێک سامیرەییەکان هاتنە لای عیسا، تکایان لێکرد لەلایان بمێنێتەوە، ئەویش دوو ڕۆژ لەوێ مایەوە. 41 ژمارەیەکی زۆر زیاتریش بەهۆی قسەکانییەوە باوەڕیان هێنا و 42 بە ژنەکەیان دەگوت: «چیتر بەهۆی قسەی تۆوە نییە کە ئێمە باوەڕ دەهێنین، چونکە خۆمان بیستمان و دەزانین کە ئەم پیاوە بەڕاستی ڕزگارکەری جیهانە!»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.