Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
121 چاوم بەرەو چیاکان[a] هەڵدەبڕم،
یارمەتی من لەکوێوە دێت؟
2 یارمەتی من لەلای یەزدانەوەیە،
دروستکەری ئاسمان و زەوی.
3 لێ ناگەڕێت پێت بخزێت،
ئەوەی دەتپارێزێت خەواڵوو نابێت.
4 بێگومان ئەوەی ئیسرائیل دەپارێزێت
خەواڵوو نابێت و نانوێت.
5 یەزدان پارێزگاری تۆیە،
یەزدان سێبەری تۆیە لەلای دەستە ڕاستت،
6 نە خۆر بە ڕۆژ ئەزیەتت دەدات،
نە مانگ بە شەو.
7 یەزدان لە هەموو خراپەیەک دەتپارێزێت،
گیانت دەپارێزێت.
8 یەزدان پارێزگاری هاتوچۆت دەکات،
لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.
4 «ئەی گەلی من، گوێم لێ بگرن،
ئەی نەتەوەکەم، گوێم بۆ شل بکەن،
چونکە فێرکردن لەلای منەوە دەردەچێت و
دادپەروەریم بۆ ڕووناکی گەلان دەچەسپێنم.
5 ڕاستودروستیم نزیکە،
ڕزگاریم بەڕێوەیە،
بازووی من دادوەری بۆ گەلان دەکات.
دوورگەکان چاوەڕێی منن،
هیوایان بە بازووی منە.
6 چاوتان بۆ ئاسمان هەڵبڕن و
لە ژێرەوە سەیری زەوی بکەن،
چونکە ئاسمان وەک دووکەڵ دەڕەوێتەوە و
زەوی وەک جل دادەڕزێت و
دانیشتووانەکەی وەک مێشوولە دەمرن.
بەڵام ڕزگاریی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت،
ڕاستودروستیشم هەرگیز ناڕووخێت.
7 «ئەی ئەوانەی ڕاستودروستی دەزانن، گوێم لێ بگرن،
ئەی ئەو گەلەی فێرکردنەکەم لەناو دڵیانە:
مەترسن لەوەی خەڵکی گاڵتەتان پێ بکەن،
لە جنێوەکانیان مەتۆقن.
8 چونکە وەک کراس مۆرانە دەیانخوات و
وەک خوری کرم لێیان دەدات،
بەڵام ڕاستودروستی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت و
ڕزگاریشم بۆ نەوەی نەوەکان.»
چاککردنەوەی خزمەتکاری سەرپەلێک
7 لەدوای ئەوەی عیسا لە وتەکانی بووەوە بۆ ئەو خەڵکەی کە گوێیان لێدەگرت، چووە ناو کەفەرناحوم. 2 سەرپەلێک[a] کۆیلەیەکی هەبوو زۆری خۆشدەویست، نەخۆش بوو و لەسەرە مەرگدا بوو. 3 کاتێک هەواڵی عیسای بیست، پیرانی جولەکەی ناردە لای و داوای لێکرد بێت بۆ ئەوەی کۆیلەکەی چاک بکاتەوە. 4 هاتنە لای عیسا و لە ناخی دڵەوە لێی پاڕانەوە و گوتیان: «شایانی ئەوەیە کە ئەمەی بۆ بکەیت، 5 چونکە گەلی ئێمەی خۆشدەوێت و کەنیشتی بۆمان دروستکردووە.» 6 عیساش لەگەڵیان چوو.
بەڵام زۆری نەمابوو بگاتە ماڵەکە کە سەرپەلەکە هاوڕێکانی نارد پێی بڵێن: «گەورەم، ئەزیەت مەکێشە، شایانی ئەوە نیم تۆ خۆت بێیتە ماڵەکەم، 7 لەبەر ئەوە خۆمم بە شایانی ئەوە نازانی کە بێمە لات. بەڵام وشەیەک بفەرموو، خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە، 8 چونکە منیش مرۆڤێکم لەژێر دەسەڵاتدام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.»
9 کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، پێی سەرسام بوو، ئینجا ئاوڕی لەو خەڵکە دایەوە کە دوای کەوتبوون، فەرمووی: «پێتان دەڵێم، لە ئیسرائیلدا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە.» 10 ئەوانەی نێردرابوون گەڕانەوە ماڵەکە، بینییان کۆیلەکە چاک بووەتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.