Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 2:15-17

15 یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی. 16 یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی: «تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت، 17 بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە لەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.»

پەیدابوون 3:1-7

کەوتنی مرۆڤ

مار لە هەموو ئاژەڵی کێوی سەر زەوی، ئەوانەی یەزدانی پەروەردگار دروستی کردبوون زۆرزانتر و تەڵەکەبازتر بوو. بە ئافرەتەکەی گوت: «ئایا ڕاستە خودا فەرموویەتی: ”بۆتان نییە لە هیچ درەختێکی باخچەکە بخۆن؟“»

ئافرەتەکەش بە مارەکەی گوت: «بۆمان هەیە لە بەری درەختەکانی باخچەکە بخۆین، بەڵام خودا فەرمووی: ”بۆتان نییە لە بەری ئەو دارە بخۆن، کە لەناوەڕاستی باخچەکەیە، هەروەها بۆتان نییە دەستی لێ بدەن، ئەگینا دەمرن.“»

مارەکە بە ئافرەتەکەی گوت: «نا بەڕاستی نامرن، چونکە خودا دەزانێت ئەو ڕۆژەی کە دەیخۆن چاوتان دەکرێتەوە و ئیتر وەک خوداتان لێدێت، چاکە و خراپە دەزانن.»

کاتێک ئافرەتەکە بینی بەری دارەکە بۆ خواردن باش بوو، چاو ئارەزووی دەکرد و وات لێ دەکات دانا بیت، لە بەرەکەی کردەوە و خواردی، دایە مێردەکەشی کە لەگەڵی بوو، ئەویش خواردی. ئیتر هەردووکیان چاویان کرایەوە و زانییان کە ڕووتن، ئیتر گەڵای هەنجیریان لێک دووری و پۆشاکیان بۆ خۆیان دروستکرد.

زەبوورەکان 32

هۆنراوەیەکی داود.

32 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە،
    گوناهەکانی داپۆشراوە.
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
    کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و
    لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە.

کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا،
    ئێسقانەکانم پووکانەوە،
    لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ.
چونکە بە شەو و بە ڕۆژ،
    دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو،
    تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.[a]

ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و
    تاوانم ناشارمەوە.
گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.»
    تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت.

بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە
    لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە،
    بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ.
تۆ پەناگای منیت،
    لە تەنگانە دەمپارێزی و
    بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.

خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت،
    ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.
وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن،
    بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت،
    بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە.
10 بەدکارەکان ئازاریان زۆرە،
    بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت،
    خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.»

11 ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن،
    ئەی دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!

ڕۆما 5:12-19

ئادەم و مەسیح

12 لەبەر ئەمە، چۆن لە ڕێگەی مرۆڤێکەوە گوناه هاتە جیهان، لە ڕێگەی گوناهیشەوە مردن، بەم شێوەیە مردن هەموو خەڵکی گرتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو گوناهیان کرد.

13 بێگومان، پێش هاتنی تەورات گوناه لە جیهاندا بوو، بەڵام کە تەورات نەبێت گوناه ناژمێردرێت. 14 کەچی مردن لە ئادەمەوە هەتا موسا حوکمڕانی دەکرد، تەنانەت بەسەر ئەوانەشەوە کە لە شێوەی یاخیبوونەکەی ئادەم گوناهیان نەکردبوو، کە نموونەی ئەو کەسەیە کە دێت[a].

15 بەڵام دیاری وەکو گوناه نییە. ئەگەر زۆر کەس بە گوناهی کەسێک مردن، جا چەند زیاتر نیعمەتی خودا و دیارییەکە بەهۆی نیعمەتی مرۆڤێکەوە کە عیسای مەسیحە، بەسەر زۆر کەس ڕژا. 16 هەروەها ئەو دیارییە وەک ئەنجامی گوناهی مرۆڤێک نییە: چونکە حوکمدان لە یەک گوناهەوە تاوانبارکردنی هێنایە کایەوە، بەڵام دیاری لە گوناهی زۆرەوە بێتاوانیی هێنایە کایەوە. 17 ئەگەر بە گوناهی کەسێک، مردن لە ڕێگەی ئەو کەسەوە حوکمڕانی کرد، ئیتر چەند زیاتر ئەوانەی پڕیی نیعمەت و دیاری ڕاستودروستی[b] وەردەگرن، لە ژیاندا حوکمڕانی دەکەن بە کەسێک کە عیسای مەسیحە.

18 کەواتە وەک چۆن بە یەک گوناه تاوانبارکردن بۆ هەموو مرۆڤ هاتە کایەوە، بە هەمان شێوە بە کارێکی ڕاستودروست بێتاوانکردن هاتە کایەوە کە ژیان بۆ هەموو مرۆڤ دەهێنێت. 19 لەبەر ئەوەی وەک چۆن بە یاخیبوونی کەسێک زۆر کەس گوناهبار کران، بە هەمان شێوە بە گوێڕایەڵی کەسێک زۆر کەس بێتاوان دەکرێن.

مەتا 4:1-11

تاقیکردنەوەی عیسا

پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە. دوای چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوون، برسی بوو. تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت[a]، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.»

بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: [مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.][b]»

ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز و لەسەر گوێسەبانەی[c] پەرستگا ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە:

«[سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
    لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،
تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.][d]»

عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: [یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.][e]»

دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.»

10 ئینجا عیساش پێی فەرموو: «شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: [کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.][f]»

11 ئینجا ئیبلیس وازی لێ هێنا و فریشتەش هاتن و خزمەتیان کرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.