Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 32

هۆنراوەیەکی داود.

32 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە،
    گوناهەکانی داپۆشراوە.
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
    کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و
    لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە.

کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا،
    ئێسقانەکانم پووکانەوە،
    لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ.
چونکە بە شەو و بە ڕۆژ،
    دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو،
    تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.[a]

ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و
    تاوانم ناشارمەوە.
گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.»
    تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت.

بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە
    لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە،
    بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ.
تۆ پەناگای منیت،
    لە تەنگانە دەمپارێزی و
    بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.

خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت،
    ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.
وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن،
    بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت،
    بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە.
10 بەدکارەکان ئازاریان زۆرە،
    بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت،
    خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.»

11 ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن،
    ئەی دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!

دەرچوون 34:1-9

دوو تەختە بەردی نوێ

34 یەزدان بە موسای فەرموو: «دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم بۆ خۆت بتاشە، منیش لەسەر دوو تەختەکە ئەو وشانە دەنووسمەوە کە لەسەر دوو تەختەکەی یەکەم جار بوون و تۆ شکاندت. بۆ بەیانیش ئامادە بە و لە بەیانیدا سەربکەوە بۆ سەر شاخی سینا. لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە بۆم ڕاوەستە. کەس لەگەڵت سەرنەکەوێت و لە هەموو کێوەکە کەس نەبینرێت، هەروەها مەڕوماڵاتیش لەلای کێوەکە نەلەوەڕێنرێت.»

ئینجا موسا دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم جاری تاشی و بەیانی زوو هەستا و بۆ شاخی سینا سەرکەوت، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ دەستیشی دوو تەختە بەردەکەی هەڵگرت. یەزدان لە هەورەوە دابەزی و لەوێ لەلای ڕاوەستا و ناوی خۆی ڕاگەیاند کە یەزدانە. ئینجا یەزدان لەبەردەمی تێپەڕی و ڕایگەیاند: «یەزدان، یەزدان، خودایەکی بە بەزەیی و میهرەبانە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی زۆرە. خۆشەویستی نەگۆڕ دەپارێزێت بۆ هەزاران، لە تاوان و یاخیبوون و گوناه خۆشدەبێت، بەڵام تاوانباران ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.»

موسا خێرا سەری دانەواند و کڕنۆشی برد، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، با پەروەردگار لەگەڵمان بڕوات، چونکە گەلێکی کەللەڕەقە، تۆش لە تاوان و گوناهمان خۆشبە و بمانکە بە موڵکی خۆت.»

دەرچوون 34:27-28

27 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەم وتانە بنووسەوە، چونکە بەگوێرەی ئەو وتانە پەیمانم لەگەڵ تۆ و لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بەستووە.» 28 موسا چل شەو و چل ڕۆژ لەوێ بوو لەلای یەزدان، نانی نەخوارد و ئاوی نەخواردەوە، لەسەر دوو تەختەکەش وتەکانی پەیمانی نووسی، دە ڕاسپاردەکە.

مەتا 18:10-14

نموونەی مەڕی ونبوو

10 «ئاگاداربن! بە سووکی مەڕواننە یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، چونکە پێتان دەڵێم فریشتەکانیان لە ئاسماندا بەردەوام ڕووی باوکم دەبینن کە لە ئاسماندایە. ⌟ 11 چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە ونبووان ڕزگار بکات.⌞

12 «ڕاتان چییە؟ ئەگەر یەکێک سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە چیادا بەجێناهێڵێت تاکو بچێت بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟ 13 ڕاستیتان پێ بڵێم: ئەگەر دۆزییەوە، لە نەوەد و نۆیەکەی تر کە بزر نەببوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت! 14 بە هەمان شێوە باوکتان لە ئاسمان نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناوبچێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.