Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان. زەبوورێکی داودە. کاتێک ناتانی پێغەمبەر هاتە لای دوای ئەوەی داود لەگەڵ بەتشەبەع[a] جووتبوو.
51 ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە،
بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.
2 بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و
لە گوناهم پاکم بکەرەوە.
3 چونکە من یاخیبوونم دەزانم،
هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.
4 لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد،
لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد،
تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت،
دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.
5 ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم،
گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
6 ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت،
لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.
7 بە زوفا[b] پاکم بکەرەوە پاک دەبم،
بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.
8 با گوێم لە شادی و خۆشی بێت،
با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.
9 چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و
هەموو خراپەکانم بسڕەوە.
10 ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و
ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.
11 لە بەرچاوی خۆت دەرممەکە،
ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.
12 شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە،
بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.
13 ئینجا یاخیبووان فێری ڕێگای تۆ دەکەم،
گوناهباران دەگەڕێنەوە لات.
14 ئەی خودایە، خودای ڕزگاریم، لە سزای خوێنڕشتن دەربازم بکە،
هەتا زمانم گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا بڵێت.
15 ئەی پەروەردگار، لێوەکانم لێک بکەرەوە و
دەمم ستایشت ڕابگەیەنێت.
16 تۆ بە قوربانی دڵشاد نابیت، ئەگینا پێشکەشی دەکەم،
بە قوربانی سووتاندن ڕازی نابیت.
17 قوربانییەکان بۆ خودا ڕۆحی شکاوە،
ئەی خودایە، تۆ بە سووکییەوە تەماشای دڵی شکاو و وردوخاشکراو ناکەیت.
18 بە ڕەزامەندی خۆت چاکە لەگەڵ سییۆن بکە،
شووراکانی ئۆرشەلیم بنیاد بنێوە.
19 ئەوسا بە قوربانی ڕاستودروستی و
بە قوربانی سووتاندنی تەواو دڵشاد دەبیت،
ئەوسا گا لەسەر قوربانگاکەت پێشکەش دەکرێت.
تووڕەبوونی یونس بەهۆی بەزەیی یەزدان
4 بەڵام ئەمە یونسی زۆر پەست کرد و ڕقی هەستا. 2 نزای بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئای ئەی یەزدان، ئایا ئەمە قسەی من نەبوو کە هێشتا لە خاکی خۆمدا بووم؟ لەبەر ئەوە هەوڵی هەڵاتنم دا بۆ تەرشیش، چونکە زانیم تۆ خودایەکی میهرەبانیت و بە بەزەییت، پشوودرێژیت و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زۆرە، لە خراپەهێنان بەسەر خەڵکی پاشگەز دەبیتەوە. 3 ئێستاش ئەی یەزدان، گیانم لێ بستێنە، چونکە مردنم باشترە لە ژیانم.»
4 یەزدانیش فەرمووی: «ئایا کارێکی باشە تووڕە بیت؟»
5 ئینجا یونس لە شارەکە چووە دەرەوە و لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە دانیشت، لەوێ کەپرێکی بۆ خۆی دروستکرد و لەژێر سێبەرەکەیدا دانیشت، بۆ ئەوەی ببینێت چی لە شارەکەدا ڕوودەدات. 6 یەزدانی پەروەردگاریش ڕووەکێکی ئامادە کرد و لەسەر یونس بەرزی کردەوە، هەتا ببێتە سێبەر لە سەری، بۆ ئەوەی لە خەمەکەی دەربازی بکات. یونسیش زۆر دڵی بە ڕووەکەکە خۆش بوو. 7 بەڵام خودا لە بەرەبەیاندا کرمێکی ئامادە کرد، کرمەکە لە ڕووەکەکەی دا و وشکی کرد. 8 لە کاتی خۆر هەڵاتندا خودا بایەکی ڕۆژهەڵاتی گەرمی ئامادە کرد، هەتاو لەسەری یونسی دا و گێژی کرد، ئەویش داوای مردنی بۆ خۆی کرد و گوتی: «مردنم باشترە لە ژیانم.»
9 خوداش بە یونسی فەرموو: «ئایا کارێکی باشە لەبەر ڕووەکەکە تووڕە بیت؟»
ئەویش گوتی: «بەڵێ، هەتا بڵێی کارێکی باشە.»
10 یەزدانیش فەرمووی: «تۆ دڵت بە ڕووەکەکە سووتا کە پێوەی ماندوو نەبوویت و بەخێوت نەکردووە، بە یەک شەو بوو، هەر بە یەک شەویش لەناوچوو. 11 ئەی باشە نەینەوا، ئەو شارە مەزنە کە زیاد لە سەد و بیست هەزار کەسی تێدایە، ڕاستیان لە چەپیان جیا ناکەنەوە، هەروەها ئەو هەموو ئاژەڵە زۆرەش کە تێیدایە، دڵم پێیان نەسووتێت؟»
ئارەزووی دیدەنی ڕۆما
8 سەرەتا، لە پێناوی هەمووتان بەهۆی عیسای مەسیحەوە سوپاسی خودام دەکەم، چونکە باوەڕتان لە هەموو جیهاندا بڵاو دەکرێتەوە. 9 خودا، ئەوەی بە ڕۆحم خزمەتی دەکەم لە جاڕدانی مزگێنی کوڕەکەیدا، شایەتی منە کە چۆن بێ بڕانەوە یادتان دەکەم و 10 بەردەوام لە نوێژەکانم دەپاڕێمەوە کە هیچ نەبێت ئێستا بە خواستی خودا بۆم ڕێک بکەوێت بێمە لاتان.
11 تامەزرۆی بینینی ئێوەم تاکو بۆ جێگیربوونتان بەهرەی ڕۆحیتان بدەمێ، 12 هەموومان پێکەوە یەکتری هانبدەین، ئێوە بە باوەڕی من و منیش بە باوەڕی ئێوە. 13 ئەی خوشک و برایان، نامەوێ لەلاتان شاراوە بێت، زۆر جار بەتەمابووم بێمە لاتان، تاکو لەنێو ئێوەشدا بەرهەمم هەبێت، وەک لەنێو نەتەوەکانی دیکەدا، بەڵام هەتا ئێستا ڕێم لێ گیرابوو.
14 من قەرزاری یۆنانی و بەربەریم[a]، دانا و نەزان. 15 بۆیە بە پەرۆشم مزگێنی بدەمە ئێوەی دانیشتووانی ڕۆما.
مژدە توانای خودایە
16 شەرمم بە پەیامی ئینجیل[b] نییە، لەبەر ئەوەی هێزی خودایە بۆ ڕزگاربوونی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە. 17 لە پەیامی ئینجیلدا بێتاوانکردن[c] لە خوداوە ئاشکرا دەکرێت، ئەم بێتاوانکردنەش لە دەستپێکردنەوە هەتا کۆتایی بە باوەڕە[d]، وەک نووسراوە: [ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.[e]][f]
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.