Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
95 وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین،
هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان.
2 بە ستایشەوە بچینە بەردەمی،
بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین.
3 چونکە یەزدان خودایەکی گەورەیە،
پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
4 قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و
لووتکەی شاخەکان هی ئەون.
5 دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە،
بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا.
6 وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین،
لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین،
7 چونکە ئەو خودامانە و
ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین،
مەڕی دەستی ئەوین.
ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
8 دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا،
وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا[a] لە بیابان،
9 لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە،
هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی،
بەڵام هەر تاقییان کردمەوە.
10 چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم،
فەرمووم: «ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و
ڕێگای منیان نەناسی.»
11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
«نایەنە ناو حەسانەوەی من.»
27 ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم هەندێک لە خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی هەڵیبگرنەوە، بەڵام نەیاندۆزییەوە. 28 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەتا کەی ئێوە ڕەتی دەکەنەوە فەرمان و فێرکردنەکەم بپارێزن؟ 29 بڕوانن، یەزدان شەممەی پێداون، بۆیە لە ڕۆژی شەشەمدا نانی دوو ڕۆژتان پێدەدات، با هەریەکە لە شوێنی خۆی دابنیشێت، با کەس لە ڕۆژی حەوتەم شوێنی خۆی بەجێنەهێڵێت.» 30 ئیتر گەل لە ڕۆژی حەوتەم پشوویان دا.
31 بنەماڵەی ئیسرائیلیش ناویان لە نانەکە نا مەن[a]. وەک تۆوی گژنیژ سپییە و تامیشی وەک ناسکە نانی[b] بە هەنگوینە. 32 موسا گوتی: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی کردووە: ”ئۆمرێکی لێ پڕ بکەن و با بۆ نەوەکانتان بپارێزرێت، بۆ ئەوەی ئەو نانە ببینن کە لە چۆڵەوانی دەرخواردم دان کاتێک لە خاکی میسر دەرمهێنان.“»
33 ئینجا موسا بە هارونی گوت: «گۆزە ببە و پڕ بە ئۆمرێک مەنی تێبکە. ئینجا لەبەردەم یەزدانی دابنێ تاکو بۆ نەوەکانتان بپارێزرێت.»
34 هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا دا، لە دواییدا هارون مەنەکەی لەناو سندوقەکەی پەیمان[c] دانا بۆ پاراستنی. 35 نەوەی ئیسرائیل چل ساڵ مەنیان خوارد هەتا هاتنە خاکی ئاوەدانی، مەنیان خوارد هەتا هاتنە سنووری خاکی کەنعان.
ژنێکی سامیری
4 فەریسییەکان بیستیان کە عیسا لە یەحیا زیاتر قوتابی دروستکردووە و لە ئاو هەڵکێشاوە، 2 هەرچەندە عیسا خۆی خەڵکی لە ئاو هەڵنەدەکێشا، بەڵکو قوتابییەکانی. 3 کاتێک عیسا ئەمەی زانی[a] یەهودیای بەجێهێشت و گەڕایەوە جەلیل.
4 جا دەبووایە بە ناوچەی سامیرەدا تێبپەڕێت، 5 گەیشتە شارۆچکەیەکی سامیرە کە ناوی سوخار بوو، نزیک ئەو پارچە زەوییەی یاقوب دابوویە یوسفی کوڕی. 6 بیری یاقوبیش لەوێ بوو. جا عیسا لە گەشتەکە ماندوو بوو، لەلای بیرەکە دانیشت، نزیکەی کاتژمێر دوازدە[b] بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.