Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
17 بەڵام بەردەوام بوون لە گوناهکردن لە دژی،
لە یاخیبوون لە دژی هەرەبەرز لە بیابان.
18 لە دڵی خۆیاندا خودایان تاقی کردەوە
بە داواکردنی ئەو خواردنەی دڵیان پێوەی بوو.
19 لە دژی خودا دوان، گوتیان:
«ئایا خودا دەتوانێت لە چۆڵەوانی مێزێک بڕازێنێتەوە؟
20 ئەوەتا لە تاشەبەردەکەی دا و ئاوی لێ هێنا،
جۆگەکان ئاویان لێ ڕژا!
ئایا دەتوانێت نانیش بدات و
گۆشت بۆ گەلەکەی دابین بکات؟»
52 ئینجا وەک مەڕ گەلەکەی بەپێشدا،
وەک ڕان لە چۆڵەوانی ڕابەرایەتی کردن.
53 بەبێ ترس بەرەو ئاسوودەیی ڕێنمایی کردن،
بەڵام دەریا دوژمنەکانی داپۆشین.
54 بردنی بۆ سنووری خاکی پیرۆز،
ئەو چیایەی بە دەستی ڕاستەی بەدەستیهێنا.
55 نەتەوەکانی لەبەردەم دەرکردن،
میراتی بە گوریس بۆ دابەش کردن،
هۆزەکانی ئیسرائیلی لە خێوەتەکانیان نیشتەجێ کرد.
چادری چاوپێکەوتنی موسا
7 موساش چادرێکی دەهێنا و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە، دوور لە ئۆردوگاکە هەڵیدەدا و ناوی لێنابوو «چادری چاوپێکەوتن»[a]. هەرکەسێک داوای ڕاوێژی لە یەزدان دەکرد، دەچوو بۆ ئەم چادرەی چاوپێکەوتن، ئەوەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بوو. 8 هەروەها هەر کاتێک موسا بۆ چادرەکە دەڕۆیشت، هەموو گەل هەڵدەستان و هەریەکە لە دەروازەی چادرەکەی خۆی ڕادەوەستا، دەیڕوانییە دوای موسا هەتا دەچووە ناو چادرەکەوە. 9 کاتێک موسا دەچووە ناو چادرەکە ستوونێکی هەور دادەبەزی و لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕادەوەستا، ئینجا یەزدان لەگەڵ موسا دەدوا. 10 گەلیش هەموویان ستوونی هەورەکەیان دەبینی لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕاوەستاوە، هەموو گەل هەڵدەستان و کڕنۆشیان دەبرد، هەریەکە و لەبەر دەروازەی چادرەکەی خۆی. 11 یەزدانیش ڕووبەڕوو لەگەڵ موسا دەدوا، هەروەک یەکێک لەگەڵ برادەرەکەی بدوێت. کاتێکیش موسا دەگەڕایەوە ئۆردوگاکە، گەنجە خزمەتکارەکەی کە یەشوعی کوڕی نون بوو لەناو چادرەکە دەرنەدەچوو.
موسا و شکۆمەندی یەزدان
12 موسا بە یەزدانی گوت: «بڕوانە، تۆ بە منت فەرموو: ”ئەم گەلە سەربخە،“ بەڵام تۆ پێت نەناساندم کە کێ لەگەڵم دەنێریت، هەروەها تۆ فەرمووت: ”دەتناسم و ناویشت دەزانم و پەسەندیت لەبەرچاوم.“ 13 ئێستاش ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ئەوەی بتناسم، هەتا لەبەرچاوت پەسەند بم، هەروەها ببینە ئەم نەتەوەیەی کە گەلی خۆتە.»
14 یەزدان فەرمووی: «من لەگەڵتان دەبم و لەگەڵتان دەڕۆم و دەتانحەسێنمەوە.»
15 موساش پێی گوت: «ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەبیت و لەگەڵمان نەڕۆیت، لێرەوە سەرمان مەخە. 16 بە چیش دەزانرێت کە من و گەلەکەت لەبەرچاوت پەسەندین، ئایا بە ڕۆیشتنت نییە لەگەڵمان؟ بەمە لە هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی جیا دەکرێینەوە.»
17 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەروەها ئەم شتەش دەکەم کە باست کرد، چونکە لەبەرچاوم پەسەند بوویت و بە ناوت تۆم ناسی.»
18 ئینجا موسا گوتی: «شکۆمەندی خۆتم پیشان بدە.»
19 ئەویش فەرمووی: «هەموو چاکیم لەپێشت تێدەپەڕێنم. من کە ناوم یەزدانە، لەبەردەمی تۆ ناوی خۆم ڕادەگەیەنم. میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»[b] 20 هەروەها فەرمووی: «ناتوانیت ڕووم ببینیت، چونکە کەس نییە بمبینێت و بژیێت.»
21 هەروەها یەزدان فەرمووی: «ئەوەتا شوێنێکم هەیە و لەسەر ئەو تاشەبەردە بوەستە. 22 کاتێک شکۆمەندیم تێدەپەڕێت، ئەوا دەتخەمە کەلێنێکی بەردەکە و هەتا تێدەپەڕم بە دەستم داتدەپۆشم، 23 دواتر دەستم هەڵدەگرم و تۆ لە دواوە دەمبینیت، بەڵام ڕووم نابینرێت.»
30 «دوای ئەوەی چل ساڵ تەواوبوو، [فریشتەیەک لە بیابانی شاخی سینا لەنێو دەوەنێکی داگیرساودا بۆی دەرکەوت.][a] 31 موساش ئەمەی بینی و لە دیمەنەکە سەرسام بوو، دەچووە پێش تاکو لە نزیکەوە سەیر بکات، دەنگی یەزدان هات: 32 [من خودای باوکانت، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبم.][b] بەڵام موسا لەرز گرتی و نەیوێرا سەیر بکات.
33 «[جا یەزدان پێی فەرموو: پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە. 34 بەڕاستی من ئەزیەتی گەلەکەی خۆمم لە میسر بینی و گوێم لە ناڵەیان بوو، هاتمە خوارەوە تاکو دەربازیان بکەم. ئێستاش وەرە، دەتنێرمە میسر.][c]
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.