Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ב (بێت)
9 گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟
بە پاراستنی وشەکانت.
10 بە هەموو دڵەوە بەدوای تۆدا دەگەڕێم،
مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.
11 وشەکانی تۆم لەناو دڵم شاردووەتەوە،
تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم.
12 ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ!
فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
13 بە لێوەکانی خۆم،
باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.
14 بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم،
وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.
15 لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە،
چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.
16 بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم،
وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.
بەڵێنی شکۆمەندی پەرستگای نوێ
2 لە بیست و یەکی مانگی حەوت، فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات: 2 «ئێستا قسە بکە لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین و پاشماوەی گەل، بڵێ: 3 ”لەوانەی کە ماونەتەوە کامەتان ئەو ماڵەی لە شکۆمەندی یەکەمیدا بینیوە؟ ئەی ئێستا ئێوە چۆن دەیبینن؟ ئایا وەک هیچ نایەتە بەرچاوتان؟“ 4 یەزدان دەفەرموێت: ”بەڵام ئێستا ئەی زروبابل، بەهێزبە. ئەی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین، بەهێزبە. ئەی هەموو گەلی خاکەکە، بەهێزبن و ئیش بکەن، چونکە من لەگەڵتانم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 5 ”بەپێی ئەو پەیمانەی لەگەڵتاندا بەستم کاتێک لە میسرەوە هاتنە دەرەوە، ڕۆحم لەنێوتاندا ماوە. مەترسن.“
6 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”پاش کەمێک من جارێکی دیکە ئاسمان و زەوی، دەریا و وشکانی دەهەژێنم. 7 هەموو گەلان دەهەژێنم و هەموو شتە گرانبەهاکانی گەلان دێن و ئەم ماڵە پڕ لە شکۆ دەکەم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 8 ”زیو بۆ منە، زێڕ بۆ منە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 9 ”شکۆمەندی ئێستای ئەم ماڵە لە شکۆمەندی پێشتری مەزنتر دەبێت. لەم شوێنەدا ئاشتی دەبەخشم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
زروبابل ئەنگوستیلەی یەزدانە
20 دووبارە فەرمایشتی یەزدان بۆ حەگەی هاتەوە، لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ، فەرمووی: 21 «قسە لەگەڵ زروبابلی فەرمانڕەوای یەهودا بکە و بڵێ: ”من ئاسمان و زەوی دەهەژێنم. 22 تەختی پاشایەتییەکان وەردەگێڕم و هێزی پاشایەتی نەتەوەکان لەناودەبەم. گالیسکە و سوارەکەی وەردەگێڕم، ئەسپ و سوارەکانیان دەکوژرێن، هەریەکە بە شمشێری براکەی.“
23 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”ئەی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی بەندەی من، لەو ڕۆژەدا دەتبەم و وەک ئەنگوستیلەت لێ دەکەم بۆ خۆم، چونکە تۆم هەڵبژارد.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
34 خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «لە تەوراتدا بیستوومانە کە مەسیح هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئیتر چۆن دەڵێی ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بەرز بکرێتەوە“؟ ئەم کوڕی مرۆڤە کێیە؟»
35 عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات. 36 باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە.
37 هەرچەندە زۆر پەرجووی لەبەردەمیان کرد، بەڵام باوەڕیان پێ نەهێنا، 38 تاکو وتەی ئیشایا پێغەمبەر بێتە دی کە گوتی:
[ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟
هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟][a]
39 لەبەر ئەوە نەیانتوانی باوەڕ بهێنن، چونکە ئیشایا لە شوێنێکی دیکە گوتی:
40 [چاویانی کوێر و دڵیانی ڕەقکردووە،
بۆ ئەوەی بە چاویان نەبینن و بە دڵیان تێنەگەن،
نەوەک بگەڕێنەوە و منیش چاکیان بکەمەوە.][b]
41 ئیشایا ئەمانەی گوت، چونکە شکۆی ئەوی بینی و باسی کرد.
42 هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرەکانیش باوەڕیان پێی هێنا، بەڵام لەبەر فەریسییەکان ڕایاننەدەگەیاند نەوەک لە کەنیشت دەربکرێن، 43 چونکە شکۆی خەڵکیان لە شکۆی خودا زیاتر خۆشدەویست.
ڕووناکی باوەڕ
44 عیساش هاواری کرد و فەرمووی: «ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، باوەڕ بە من ناهێنێت، بەڵکو بەوەی ناردوومی، 45 ئەوەش کە دەمبینێت، ئەوە دەبینێت کە ناردوومی. 46 من وەک ڕووناکی هاتوومەتە جیهان، تاکو هەرکەسێک باوەڕم پێ بهێنێت لە تاریکیدا نەمێنێتەوە.
47 «ئەگەر یەکێک گوێی لە وتەکانم بوو و کاری پێ نەکرد، من حوکمی نادەم، چونکە نەهاتووم تاکو جیهان حوکم بدەم، بەڵکو جیهان ڕزگار بکەم. 48 ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە حوکمی بدات، ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا حوکمی دەدات. 49 من لە خۆمەوە قسەم نەکردووە، بەڵکو ئەو باوکە کە ناردوومی ڕایسپاردووم کە چی بڵێم و چ قسەیەک بکەم. 50 دەزانم ڕاسپاردەی ئەو ژیانی هەتاهەتاییە، جا هەرچی دەیڵێم، چۆن باوک پێی فەرمووم ئاوا دەڵێم.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.