Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
دە ڕاسپاردەکە
20 خودا هەموو ئەم فەرمایشتانەی بە گەل فەرموو:
2 «من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.
3 «هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.
4 «پەیکەر[a] بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. 5 کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم[b]، لە جیاتی گوناهی باوکان سزای منداڵان دەدەم، هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم، 6 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.
7 «ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن[c]، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆ پاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.
8 «ڕۆژی شەممەتان[d] لە یاد بێت، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن. 9 شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن، 10 بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن. خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و ئاژەڵەکانتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، 11 چونکە یەزدان لە شەش ڕۆژدا ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە دروستی کردن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم پشووی دا، لەبەر ئەمە یەزدان ڕۆژی شەممەی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد.
12 «ڕێزی دایک و باوکتان بگرن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.
13 «مەکوژن[e].
14 «داوێنپیسی مەکەن.
15 «دزی مەکەن.
16 «بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.
17 «چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
2 ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
3 هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
دەنگیان نابیسترێت،
4 بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
5 کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
6 لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.
7 فێرکردنی یەزدان تەواوە،
دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[a] یەزدان جێی متمانەیە،
ساویلکە دەکەنە دانا.
8 ڕێنمایی یەزدان دروستە،
دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
چاو ڕۆشن دەکات.
9 لەخواترسی بێگەردە،
هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
بە تەواوی ڕاستودروستە.
10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.
14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[b].
مەسیح دانایی و توانای خودایە
18 پەیامی خاچ بۆ لەناوچووان گێلایەتییە، بەڵام بۆ ئێمەی ڕزگاربووان هێزی خودایە. 19 لەبەر ئەوەی نووسراوە:
[دانایی داناکان لەناودەبەم،
تێگەیشتنی تێگەیشتووان بەلاوە دەنێم.][a]
20 کوا دانا؟ کوا مامۆستای تەورات؟ کوا کەسی بە دەموزاری ئەم دنیایە؟ ئایا خودا دانایی ئەم جیهانەی نەکردووەتە گێلایەتی؟ 21 خودا بە دانایی خۆی، مەبەستی بوو کە خەڵک بیناسێت، نەک لە ڕێگەی دانایی جیهانەوە، بەڵکو خودا ویستی لە ڕێگەی مزگێنییەوە باوەڕداران ڕزگار بکات، ئەو مزگێنییەی خەڵکانێک بە گێلایەتی دەزانن. 22 جولەکە داوای نیشانە دەکەن و یۆنانی هەوڵی دانایی دەدەن، 23 بەڵام ئێمە مەسیحی لەخاچدراو جاڕدەدەین، بۆ جولەکە کۆسپە و بۆ نەتەوەکان گێلایەتییە، 24 بەڵام بۆ بانگکراوان، جولەکە و ناجولەکە، مەسیح هێزی خودا و دانایی خودایە، 25 چونکە گێلایەتی خودا لە مرۆڤ داناترە، لاوازی خودا لە مرۆڤ بەهێزترە.
پاکسازی حەوشەکانی پەرستگا
13 کە جەژنی پەسخەی[a] جولەکەکان نزیک بووەوە، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم. 14 لە حەوشەکانی پەرستگا فرۆشیارانی گا و مەڕ و کۆتری بینی، پارەگۆڕەوانیش دانیشتبوون. 15 قامچییەکی لە گوریس دروستکرد و هەمووانی لە حەوشەکانی پەرستگا دەرکرد، مەڕ و گا پێکەوە. پارەی پارەگۆڕەوانی پەرشوبڵاو کردەوە و مێزەکانی وەرگێڕا، 16 ئینجا بە کۆترفرۆشانی فەرموو: «ئەم شتانە لێرە هەڵگرن! ماڵی باوکم مەکەنە بازاڕ!»
17 جا قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە نووسراوە: [دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت.][b]
18 جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «چ پەرجووێکمان نیشان دەدەیت تاکو دەسەڵاتی ئەنجامدانی هەموو ئەم کارانەت بسەلمێنێ؟»
19 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئەم پەرستگایە بڕووخێنن، بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە.»
20 ئینجا جولەکەکان گوتیان: «ئەم پەرستگایە بە چل و شەش ساڵ بنیاد نراوە، تۆ بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنیتەوە؟» 21 بەڵام ئەو باسی پەرستگای لەشی خۆی دەکرد. 22 لەبەر ئەوە کاتێک لەناو مردووان هەستایەوە، قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە ئەمەی گوتبوو، ئینجا باوەڕیان هێنا بە نووسراوە پیرۆزەکە[c] و بەو قسەیەی عیسا فەرمووی.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.