Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی پێنجەم
زەبوورەکانی 107–150
107 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
3 لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە.
17 هەندێک بوونە گێل و لە ڕێگای یاخیبوونیان و
لە گوناهەکانیان تووشی ناخۆشی دەبن.
18 قێزیان لە هەموو خواردنێک بووەوە،
لە دەروازەکانی مەرگ نزیک بوونەوە.
19 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
20 فەرمایشتی خۆی نارد و چاکی کردنەوە،
لە فەوتان دەربازی کردن.
21 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
22 با قوربانی سوپاسگوزاری بکەن،
بە هەلهەلەوە باسی کردارەکانی بکەن.
8 خودا بە نوح و بە کوڕەکانی فەرموو کە لەگەڵیدا بوون: 9 «من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە و نەوەی دوای ئێوەدا دەچەسپێنم، 10 لەگەڵ هەموو ئەو گیاندارانەی کە لەگەڵ ئێوەن، باڵندە و ئاژەڵە ماڵییەکان و هەموو ئاژەڵە کێوییەکان، هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان و لە کەشتییەکە هاتوونەتە دەرەوە، هەروەها هەرچی گیانداری سەر زەویش هەیە. 11 من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە دەچەسپێنم، هەرگیز جارێکی دیکە، هەموو گیانلەبەران بە ئاوی لافاو لەناو ناچن، هەرگیز جارێکی دیکە لافاو وا نابێت زەوی بە تەواوی وێران بکات.»
12 ئینجا خودا فەرمووی: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان دەیبەستم، پەیمانێکە بۆ هەموو نەوەکانی داهاتوو. 13 وا پەلکەزێڕینەی خۆمم لەناو هەورەکاندا داناوە، ئەوەش دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و زەوی. 14 ئینجا هەرکاتێک هەورم بەسەر زەویدا هێنا و پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا دەرکەوت، 15 من پەیوەست دەبم بە پەیمانەکەم لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو گیانێکی زیندوو لە هەموو جۆرێک. هەرگیز جارێکی دیکە ئاو لافاوێکی وا دروستناکات کە هەموو ژیانێک لەناو ببات. 16 هەرکاتێک پەلکەزێڕینە لە هەورەکان بێت، دەیبینم و من پەیوەست دەبم بە پەیمانە هەتاهەتاییەکە، کە لەنێوان خودا و هەموو گیانێکی زیندووە لە هەموو جۆرێک کە لەسەر زەوین.»
17 ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە کە لەنێوان خۆم و هەموو ژیانێک کە لەسەر زەویدایە چەسپاندم.»
بەرەکەتی ڕۆحی لە مەسیحەوە
3 ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە ئێمەی بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بە هەموو بەرەکەتێکی ڕۆحی لە شوێنەکانی ئاسماندا[a] بەرەکەتدار کردووە، 4 وەک پێش دامەزراندنی جیهان بە یەکبوونمان لەگەڵ مەسیحدا هەڵیبژاردین، تاکو لەبەردەمی پیرۆز و بێ گلەیی بین. 5 پێشتر بە خۆشەویستی ئێمەی دیاری کرد، تاکو لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەگوێرەی خواستی خۆشحاڵانەی، وەکو منداڵی خۆی لە خۆیمان بگرێتەوە[b]، 6 ئەمەش دەبێتە مایەی ستایشکردنی نیعمەتە شکۆدارەکەی کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خۆشەویستیەوە بەخۆڕایی پێیداوین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.