Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 19

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
    گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
    شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
    دەنگیان نابیسترێت،
بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
    وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
    کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
    وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
    دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
    هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.

فێرکردنی یەزدان تەواوە،
    دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[a] یەزدان جێی متمانەیە،
    ساویلکە دەکەنە دانا.
ڕێنمایی یەزدان دروستە،
    دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
    چاو ڕۆشن دەکات.
لەخواترسی بێگەردە،
    هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
    بە تەواوی ڕاستودروستە.

10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
    لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
    لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
    پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
    گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
    وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
    لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.

14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
    جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
    ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[b].

دەرچوون 19:16-25

16 ئەوە بوو سەر لە بەیانی ڕۆژی سێیەم، بووە هەورەتریشقە و بروسک و تەمێکی چڕ لەسەر کێوەکە، دەنگی کەڕەنا زۆر بەرزبووەوە، هەموو گەل ئەوانەی لە ئۆردوگاکە بوون کەوتنە لەرزین. 17 ئینجا موسا گەلی لە ئۆردوگاکەوە دەرهێنا بۆ دیداری خودا، جا لە خوارەوەی کێوەکە وەستان. 18 هەموو شاخی سیناش دووکەڵی دەکرد لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگرەوە هاتە خوارەوە بۆ سەری و دووکەڵیش وەک دووکەڵی کوورە بەرزبووەوە و هەموو کێوەکەش بە توندی لەرزی. 19 دەنگی کەڕەناش جار لەدوای جار بەرزتر دەبوو. موسا دەدوا و خوداش بە دەنگ وەڵامی دەدایەوە.

20 یەزدان هاتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا و موسای بۆ سەری کێوەکە بانگکرد. موساش سەرکەوت. 21 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ خوارەوە و گەل ئاگادار بکەرەوە، نەوەک پێشێلی بکەن بۆ بینینی یەزدان و زۆریان لەناوبچن. 22 هەروەها ئەو کاهینانەش کە لە یەزدان نزیک دەبنەوە، با خۆیان تەرخان بکەن، نەوەک یەزدان بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»

23 موساش بە یەزدانی گوت: «گەل ناتوانێت بۆ شاخی سینا سەربکەوێت، چونکە تۆ ئاگادارت کردینەوە و فەرمووت: ”سنوور بۆ کێو دابنێ و تەرخانی بکە.“»

24 یەزدانیش پێی فەرموو: «بڕۆ خوارەوە، پاشان لەگەڵ هارون سەربکەوە، بەڵام کاهینەکان و گەل با پێشێلی نەکەن بۆ سەرکەوتن بۆ لای یەزدان، نەوەک بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»

25 ئیتر موسا بۆ لای گەل چووە خوارەوە و پێی گوتن.

مەرقۆس 9:2-8

دوای شەش ڕۆژ، عیسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، بە تەنها بردنییە سەر چیایەکی بەرز، لەپێشیان شێوەی گۆڕا. جلەکانی بووە سپییەکی بریسکەدار، سپیتر لەوەی کە هەرکەسێک لە جیهاندا بتوانێت بیکات. ئینجا ئەلیاس و موسایان بۆ دەرکەوت، لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.

پەترۆسیش بە عیسای گوت: «ڕابی، پێمان باشە لێرە بین، با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ، یەکێک بۆ موسا، یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە تۆقیبوون. هەورێکیش هات و سێبەری بەسەریاندا کرد، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، گوێی لێ بگرن!»

کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد، لە عیسا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.