Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 107:1-16

کۆکراوەی بەشی پێنجەم

زەبوورەکانی 107‏–150

107 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
    ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
    لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە.

هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان،
    ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.
برسی و تینوو بوون،
    گیانیان داهێزرا.
ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
    ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست،
    بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.
با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
    بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد،
    گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.

10 هەندێک لە دانیشووانی تاریکی و سێبەری مەرگ،
    دیلیێتی ئازار و ئاسن،
11 چونکە لە قسەکانی خودا یاخی بوون،
    سووکایەتییان بە ڕاوێژی هەرەبەرز کرد.
12 لەبەر ئەوە پشتیان لەژێر باردا چەمایەوە،
    کەوتن و کەس نەبوو یارمەتییان بدات.
13 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
    ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
14 لە تاریکی و سێبەری مەرگ دەریهێنان،
    کۆت و زنجیرەکانی پچڕاندن.
15 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
    بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
16 چونکە دەروازەی بڕۆنزی تێکشکاند،
    شیشە ئاسنەکانی شکاند.

سەرژمێری 20:1-13

ئاو لە تاشەبەردەکەوە

20 ئینجا نەوەی ئیسرائیل، هەموو کۆمەڵەکە هاتنە چۆڵەوانی چن لە مانگی یەکدا و گەل لە قادێش چادریان هەڵدا و لەوێدا مریەم مرد و لەوێش نێژرا.

ئاو نەبوو بۆ کۆمەڵ، جا لە دژی موسا و هارون کۆبوونەوە و گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «خۆزگە وەک براکانمان لەبەردەم یەزدان لەناوبچووینایە! بۆچی کۆمەڵی یەزدانتان هێنایە ئەم چۆڵەوانییە هەتا تێیدا خۆمان و مەڕوماڵاتمان بمرین؟ بۆچی ئێمەتان لە میسرەوە هێنایە دەرەوە تاکو بمانهێنن بۆ ئەم شوێنە خراپە؟ ئەم شوێنە دانەوێڵە و هەنجیر و مێو و هەناری لێ نییە، ئاوی خواردنەوەشی لێ نییە!»

جا موسا و هارون لەبەردەم کۆمەڵەوە هاتنە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بەسەر ڕوویاندا کەوتن و شکۆمەندی یەزدانیان بۆ دەرکەوت. یەزدانیش بە موسای فەرموو: «گۆچانەکە ببە و کۆمەڵ کۆبکەرەوە، تۆ و هارونی برات لەبەرچاویاندا بەو تاشەبەردە بڵێن هەتا ئاوەکەی بدات، جا لە تاشەبەردەکەوە ئاویان بۆ هەڵدەقوڵێت و کۆمەڵ و مەڕوماڵاتەکانیان ئاو دەدەیت.»

موساش گۆچانەکەی لەبەردەم یەزدانەوە برد وەک فەرمانی پێ کرد. 10 موسا و هارون جەماوەریان لەپێش تاشەبەردەکە کۆکردەوە، موسا پێی گوتن: «ئەی یاخیبووان گوێ بگرن، ئایا لەم بەردەوە ئاوتان بۆ دەربهێنین؟» 11 موسا دەستی بەرزکردەوە و بە گۆچانەکەی دوو جار لە تاشەبەردەکەی دا، جا ئاوێکی زۆر هەڵقوڵا و کۆمەڵ و مەڕوماڵاتەکانیشیان لێیان خواردەوە.

12 بەڵام یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «لەبەر ئەوەی متمانەتان پێ نەکردم، تاکو لەبەرچاوی گەلی ئیسرائیل من بە پیرۆز نیشان بدەن، هەر لەبەر ئەوە ئەم کۆمەڵە نابەنە ناو ئەو خاکەی پێم داون.»

13 ئەمە مێرگی مەریبایە کە نەوەی ئیسرائیل لەگەڵ یەزداندا دەمەقاڵێیان کرد و ئەویش لەنێویاندا پیرۆزی خۆی نیشان دان.

یەکەم کۆرنسۆس 10:6-13

ئەم شتانەی ڕوویاندا پەندن بۆمان، تاکو ئارەزووی خراپە نەکەین، وەک ئەوان ئارەزوویان کرد. بتپەرست مەبن وەک هەندێکیان، وەکو نووسراوە: [گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.][a] با داوێنپیسی نەکەین وەک هەندێکیان داوێنپیسییان کرد و لە ڕۆژێکدا بیست و سێ هەزاریان کەوت. نابێت مەسیح تاقی بکەینەوە، وەک هەندێکیان تاقییان کردەوە و مار لەناوی بردن[b]. 10 بۆڵەبۆڵ مەکەن وەک هەندێکیان بۆڵەبۆڵیان کرد و فریشتەی لەناوبەر[c] کوشتیان.

11 جا ئەم شتانەیان وەک پەند بەسەرهات، بۆ ئاگاداری ئێمەش نووسراوە، کە لە کۆتایی زەمان دەژین. 12 کەواتە ئەوەی وادەزانێت ڕاوەستاوە، با وریابێت نەکەوێت. 13 هیچ تاقیکردنەوەیەکتان تووش نابێت کە هاوبەش نەبێت لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام خودا دڵسۆزە، کە نایەڵێت زیاتر لە توانای خۆتان تاقی بکرێنەوە، بەڵکو لەگەڵ تاقیکردنەوە ڕێگای دەرچوون دەکاتەوە، تاکو بتوانن بەرگە بگرن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.