Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 22:23-31

23 ئەی لەخواترسەکان، ستایشی بکەن!
    ئەی هەموو نەوەکانی یاقوب، شکۆداری بکەن!
    ئەی هەموو نەوەکانی ئیسرائیل، لێی بترسن!
24 چونکە بە سووکییەوە نەیڕوانییە ستەمی ستەملێکراوەکە و پشتی لێ ناکات،
    ڕووی لێ وەرناگێڕێت،
    بەڵکو گوێ لە هاواری دەگرێت.

25 لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا تۆ بابەتی ستایشکردنی منی،
    نەزرەکانم[a] بەجێدەهێنم لەپێش ئەوانەی ترسی تۆیان هەیە.
26 هەژارەکان دەخۆن[b] و تێر دەبن،
    ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن ستایشی دەکەن،
    دڵتان بۆ هەتاهەتایە بژیێت.

27 سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو،
    هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن،
28 چونکە پاشایەتی بۆ یەزدانە و
    ئەو فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات.

29 هەموو دەوڵەمەندەکانی سەر زەوی دەخۆن و کڕنۆشی بۆ دەبەن،
    هەروەها هەموو ئەوانەی دەچنە ناو خۆڵ لەبەردەمی ئەو چۆک دادەدەن،
    ئەوانەی ناتوانن خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە.
30 نەوەکان دەیپەرستن،
    باسی پەروەردگار بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکرێت.
31 ڕاستودروستییەکەی بەو خەڵکانە ڕادەگەیەنن کە هێشتا لەدایک نەبوونە،
    چونکە ئەم کارەی[c] کردووە.

پەیدابوون 16:1-6

هاجەر و ئیسماعیل

16 سارای ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو. سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم بنوو، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.»

ئەبرامیش بە قسەی سارای کرد. ئینجا سارای ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا، ئەمەش پاش دە ساڵ بوو لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، دایە ئەبرامی مێردی هەتا ببێتە ژنی. ئیتر لەگەڵ هاجەر نوست، ئەویش سکی پڕ بوو.

کاتێک کە زانی وا سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو. ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «ئەو سووکایەتییەی بە من دەکرێ تۆ لێی بەرپرسی. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەری نێوان من و تۆ بکات.»

ئەبرامیش بە سارای گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای هاجەری زەلیل کرد، ئەویش لە دەستی هەڵات.

ڕۆما 4:1-12

نموونەی ئیبراهیم

ئیتر چی بڵێین، ئیبراهیمی باوکمان بەگوێرەی جەستە چی دۆزییەوە؟ ئەگەر ئیبراهیم بە کردار بێتاوان بووایە شانازی دەکرد، بەڵام نەک لەلای خودا. ئایا لەو بارەیەوە نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ [ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا، ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.][a]

ئەوەی کار دەکات‏، کرێیەکەی مافی خۆیەتی و بەخشینێکی ناشایستە نییە. بەڵام ئەوەی کار ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە هەیە کە خودا گوناهبار بێتاوان دەکات، ئەوا باوەڕەکەی بە ڕاستودروستی بۆ دادەنرێت. وەک داود دەڵێت، لە خۆزگەخواستن بەو مرۆڤەی کە خودا بێ کردار ڕاستودروستی بۆ دادەنێت:

[خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە یاخیبوونەکانیان بەخشراون،
    گوناهەکانیان داپۆشراون.
خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی کە یەزدان گوناهی لەسەر ناژمێرێت.][b]

ئایا ئەم خۆزگەخواستنە تەنها بۆ خەتەنەکراوانە یان بۆ خەتەنە نەکراوانیشە؟ چونکە دەڵێین، باوەڕ بۆ ئیبراهیم بە ڕاستودروستی دانرا. 10 کەواتە چۆن دانرا؟ بە خەتەنەکردن یان بێ خەتەنەکردن؟ بە خەتەنەکردن نا بەڵکو بێ خەتەنەکردن! 11 ئیتر ئیبراهیم نیشانەی خەتەنەکردنی وەرگرت، لە ڕێگەی باوەڕەوە بێ خەتەنەکردن مۆری ڕاستودروستی وەرگرت، تاکو ببێتە باوکی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن و خەتەنە نەکراون، تاکو بۆیان بە ڕاستودروستی دابنرێت. 12 هەروەها باوکی ئەوانەی کە نەک تەنها خەتەنە کراون، بەڵکو کەوتوونەتە شوێن ئەو باوەڕەی کە ئیبراهیمی باوکمان هەیبوو پێش ئەوەی خەتەنە بکرێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.