Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 25:1-10

زەبوورێکی داود.

25 ئەی یەزدان، گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.

    ئەی خودای من، پشتم بە تۆ بەستووە.
ڕێ مەدە شەرمەزار بم،
    دوژمنانم پێ خۆش مەکە.
هەموو ئەوانەی ئومێدیان بە تۆ هەیە
    شەرمەزار نابن،
بەڵکو ئەوانە شەرمەزار دەبن
    کە بەبێ هۆ ناپاکی دەکەن.

ئەی یەزدان، ڕێگاکانی خۆتم پێ بناسێنە،
    ڕێڕەوەکانی خۆتم فێر بکە.
لە ڕاستی خۆت ڕێنماییم بکە و فێرم بکە،
چونکە تۆ خودای ڕزگارکەری منیت،
    بە درێژایی ڕۆژ ئومێدم هەر بە تۆیە.
ئەی یەزدان، بەزەیی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆت لەبیر بێت،
    چونکە لە دێرزەمانەوە ئەمانە هەن.
ئەی یەزدان، گوناهەکانی کاتی گەنجیەتیم و
    یاخیبوونەکانم بەبیر خۆت مەهێنەوە،
بەڵکو بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بیرم لێ بکەرەوە،
    لە پێناوی چاکی خۆت.

یەزدان چاک و سەرڕاستە،
    بۆیە گوناهباران فێری ڕاستەڕێیی دەکات،
ڕابەرایەتی بێفیزەکان دەکات بۆ دادپەروەری،
    ئەوان فێری ڕێگای خۆی دەکات.
10 هەموو ڕێگاکانی یەزدان ڕاست و خۆشەویستی نەگۆڕن
    بۆ ئەو کەسانەی فەرزەکانی پەیمانەکەی ناشکێنن.

دانیال 9:1-14

نزای دانیال

لە ساڵی یەکەمی داریوشی کوڕی ئەحەشوێرۆش[a] لە نەوەی مادەکان کە بووە بە فەرمانڕەوای شانشینی بابلییەکان، لە ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی ئەو، من کە دانیالم لە نووسراوە پیرۆزەکانەوە[b] بەپێی فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر تێگەیشتم کە ماوەی کاولبوونی ئۆرشەلیم حەفتا ساڵ دەبێت. منیش ڕووم لە خودای پەروەردگار کرد، بە نوێژ و پاڕانەوەوە داوام دەکرد، بە ڕۆژوو و بە پۆشینی جلوبەرگی گوش[c] و بە خۆڵەمێش بەسەرخۆدا کردن.

نزام بۆ یەزدانی پەروەردگارم کرد و دانم پێدا نا:

«ئەی پەروەردگار، خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت و فەرمانەکانت بەجێدەگەیەنن، گوناهمان کرد و تاوانمان کرد، خراپەمان کرد و یاخی بووین، لە فەرمانەکان و یاساکانی تۆ لاماندا. گوێمان لە بەندە پێغەمبەرەکانت نەگرت، ئەوانەی بە ناوی تۆوە قسەیان بۆ پاشا و میر و باوباپیرانمان و هەموو گەلی خاکەکە کرد.

«ئەی پەروەردگار، تۆ ڕاستودروستیت، بەڵام ئەمڕۆ شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، بۆ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، بۆ هەموو ئیسرائیلە، نزیک و دوورەکان لە هەموو ئەو خاکانەی بۆ ئەوێ دەرتکردووین، لەبەر ئەو ناپاکییەی لەگەڵ تۆدا کردمان. ئەی یەزدان، شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، لە پاشا و میر و باوباپیرانمان، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد. خودای پەروەردگارمان بە بەزەیی و بەخشندەیە، هەرچەندە ئێمە لێی یاخی بووین. 10 گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارمان نەبووین بۆ ئەوەی بە ڕێگای فێرکردنەکانیدا بڕۆین، کە لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانییەوە پێیداین. 11 هەموو ئیسرائیل سەرپێچی فێرکردنەکانی تۆیان کرد، لایاندا و گوێڕایەڵبوونی تۆیان ڕەتکردەوە.

«لەبەر ئەوە ئەو نەفرەت و سوێندەت بەسەرماندا ڕژاند کە لە تەوراتی موسای بەندەی خودا نووسرابوو، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد. 12 ئەو ئاگادارکردنەوانەت هێنایە دی کە لەسەر ئێمە و ئەو دادوەرانەمان فەرمووبووت کە دادوەرییان بۆمان دەکرد، بۆ ئەوەی بەڵایەکی گەورەمان بەسەردا بهێنیت. لەژێر ئاسماندا شتی وا ڕووینەدابێت، وەک ئەوەی بەسەر ئۆرشەلیم هات. 13 هەروەک ئەوەی لە تەوراتی موسادا نووسرابوو هەموو ئەم بەڵایانە بەسەرماندا هات، بەڵام لە تاوانەکانمان نەگەڕاینەوە و سەرنجمان نەدایە ڕاستییەکەی تۆ، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی یەزدانی پەروەردگارمان بەدەستبهێنین. 14 جا یەزدان مکوڕ بوو کە بەڵاکەمان بەسەربهێنێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارمان لە هەموو کارەکانی کە کردی ڕاستودروستە، ئێمەش گوێڕایەڵی نەبووین.

یەکەم یۆحەنا 1:3-10

ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە بە ئێوەی ڕادەگەیەنین، بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکتر بژین، پێکەوە ژیانی ئێمەش پەیوەستە لەگەڵ باوکی ئاسمانی و عیسای مەسیحی کوڕی. ئێمە ئەمانەتان بۆ دەنووسین تاکو خۆشییەکەمان پڕ و تەواو بێت.

خودا ڕووناکییە

ئەمەش ئەو پەیامەیە کە لە مەسیحەوە بیستمان و پێتانی ڕادەگەیەنین: خودا ڕووناکییە، هیچ تاریکی تێدا نییە. ئەگەر بڵێین پێکەوە ژیانمان لەگەڵی هەیە و بە تاریکیدا بڕۆین، ئەوا درۆ دەکەین و ڕاست ناکەین، بەڵام ئەگەر بە ڕووناکیدا بڕۆین، هەروەک چۆن خودا لە ڕووناکیدایە، ئەوا لەگەڵ یەکتری پێکەوە دەژین و خوێنی عیسای کوڕی لە هەموو گوناهێک پاکمان دەکاتەوە.

ئەگەر بڵێین گوناهمان نییە، ئەوا خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین و ڕاستی لە ئێمەدا نییە. ئەگەر دانمان بە گوناهەکانماندا نا، ئەوا خودا دڵسۆز و دادپەروەرە، تەنانەت لە گوناهەکانمان خۆشدەبێت و لە هەموو ناڕەواییەک پاکمان دەکاتەوە. 10 ئەگەر بڵێین گوناهمان نەکردووە، ئەوا بە درۆزنی دادەنێین و پەیامەکەی لە ئێمەدا نییە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.