Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 77

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. ئاوازی یەدوتون، زەبوورێکی ئاساف.

77 دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم،
    دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، گوێم لێ بگرە.
لە ڕۆژی تەنگانەم بەدوای پەروەردگاردا دەگەڕێم،
    بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت.
    گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە.

بیر لە خودا دەکەمەوە و دەناڵێنم،
    ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەبوورێتەوە.[a]
پێڵووی چاوەکانمت گرت،
    شپرزە بووم، قسەم پێ نەکرا.
بیر لە ڕۆژگاری دێرین دەکەمەوە،
    ساڵانی ڕابردوو.
شەوانە لە دڵی خۆم بیر لە ئاوازەکانم دەکەمەوە،
    ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەگەڕێت:

«ئایا هەتاهەتایە پەروەردگار ڕەت دەکەیتەوە؟
    چیتر لێمان ڕازی نابێتەوە؟
ئایا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتایە نەماوە؟
    ئایا بەڵێنەکانی بۆ نەوە دوای نەوە دواییان هاتووە؟
ئایا خودا میهرەبانی لەبیر کردووە؟
    یان لە تووڕەیی بەزەیی خۆی داخستووە؟»

10 ئینجا دەڵێم: «ئەمە دەردی منە:
    دەستە ڕاستەی خودای هەرەبەرز گۆڕاوە.»
11 کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم،
    بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە.
12 لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و
    بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە.

13 ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە.
    چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟
14 تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و
    هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە.
15 بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە،
    نەوەی یاقوب و یوسف.

16 ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی،
    کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان،
    بگرە قووڵاییەکان هەژان.
17 هەورەکان ئاویان ڕشت،
    هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە،
    هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە.
18 گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول،
    بروسکەکان دنیاییان ڕووناک کردەوە،
    زەوی لەرزی و هەژا.
19 ڕێگات بە ناو دەریادایە،
    ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە،
    شوێن پێیەکانت نەزانران.

20 لەسەر دەستی موسا و هارون،
    وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد.

پەندەکانی سلێمان 30:1-9

قسەی ئاگور

30 قسەی ئاگوری کوڕی یاقە و سروشەکەی:

ئەم پیاوە بۆ ئیتیێلی[a] ڕاگەیاند
    بۆ ئیتیێل و بۆ ئوخال:

«من لە هەموو مرۆڤێک دەبەنگترم،
    تێگەیشتنی مرۆڤانەم نییە.
فێری دانایی نەبووم و
    ناسینی خودای پیرۆزم نییە.
کێ بەرزبووەوە بۆ ئاسمان و هاتە خوارەوە؟
    کێ بای لەناو هەردوو لەپی خۆی کۆکردەوە؟
کێ ئاوی لەناو جلدا پێچایەوە؟
    کێ هەموو لایەکی زەوی دامەزراند؟
ناوی چییە؟ ناوی کوڕەکەی چییە؟
    ئەگەر دەیزانیت پێم بڵێ!

«هەموو وشەیەکی خودا بێگەردە،
    قەڵغانە بۆ ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
هیچ شتێک بۆ وشەکانی زیاد مەکە،
    نەوەک سەرزەنشتت بکات و بە درۆزن دەربچیت.

«ئەی یەزدان، دوو شتم لێ داوا کردیت،
    لێمی قەدەغە مەکە پێش مردنم:
شتی پووچ و قسەی درۆم لێ دووربخەوە،
    هەژاری یان دەوڵەمەندیم مەدەرێ،
    نانی پێویستی خۆم دەرخوارد بدە.
نەوەک تێر بم و نکۆڵیت لێبکەم و
    بڵێم: ”یەزدان کێیە؟“
یان نەوەک هەژار بم و دزی بکەم و
    ناوی خودای خۆم بێ ڕێز بکەم.

مەتا 4:1-11

تاقیکردنەوەی عیسا

پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە. دوای چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوون، برسی بوو. تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت[a]، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.»

بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: [مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.][b]»

ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز و لەسەر گوێسەبانەی[c] پەرستگا ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە:

«[سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
    لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،
تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.][d]»

عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: [یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.][e]»

دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.»

10 ئینجا عیساش پێی فەرموو: «شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: [کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.][f]»

11 ئینجا ئیبلیس وازی لێ هێنا و فریشتەش هاتن و خزمەتیان کرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.