Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 40:21-31

21 ئایا نازانن؟
    ئایا نابیستن؟
ئەی لە سەرەتاوە پێتان ڕانەگەیەنراوە؟
    ئایا لەو کاتەوەی زەوی بەدیهێنراوە تێنەگەیشتوون کە
22 ئەو لەسەر ئاسۆی زەوی دادەنیشێت و
    دانیشتووانەکەی وەک پێکوڕە وان؟
ئەو ئاسمان وەک پڵاس بڵاو دەکاتەوە،
    وەک ڕەشماڵ هەڵیدەدات بۆ نیشتەجێبوون.
23 ئەو مەزنەکان وەک نەبوو لێدەکات و
    حوکمڕانانی جیهان دەکات بە هیچ.
24 هەر ئەوەندەی نێژران، چێنران و
    قەدیان لە زەوی ڕەگی داکوتا،
فووی لێکردن و وشک هەڵگەڕان،
    ڕەشەبا وەک پووش هەڵیاندەگرێت.

25 خودای پیرۆز دەفەرموێت: «لەگەڵ کێ هاوشێوەم دەکەن؟
    من هاوتای کێم؟
26 چاوتان بۆ بەرزی هەڵبڕن و
    ببینن کێ ئەمەی بەدی هێناوە،
کێ ئەستێرەکانی بە ژمارە دەردەهێنێت و
    ناو لە هەموویان دەنێت؟
لەبەر زۆری هێز و توندی توانای
    هیچ کامیان ون نابێت.

27 «ئەی یاقوب، بۆ دەڵێیت،
    ئەی ئیسرائیل، بۆ سکاڵا دەکەیت:
”ڕێگای من لە یەزدان شاردرایەوە،
    دادی من لە خودام تێپەڕی“؟
28 ئایا نەتزانی،
    یان نەتبیست؟
یەزدان خودای هەتاهەتاییە،
    بەدیهێنەری ئەمسەر و ئەوسەری زەوی.
نە ماندوو و نە شەکەت دەبێت،
    کەس پەی بە تێگەیشتنی ئەو نابات.
29 توانا بە ماندوو دەدات و
    بۆ داهێزراویش هێز زۆر دەکات.
30 گەنجەکان ماندوو و شەکەت دەبن،
    لاوەکان پێیان هەڵدەکەوێت و دەکەون،
31 بەڵام ئەوانەی چاوەڕوانی یەزدانن،
    هێزیان نوێ دەبێتەوە،
وەک هەڵۆ لە شەقەی باڵ دەدەن،
    ڕادەکەن و شەکەت نابن،
    دەڕۆن و ماندوو نابن.

زەبوورەکان 147:1-11

147 هەلیلویا!

چەندە باشە مۆسیقا ژەنین بۆ خودامان!
    ستایشکردن چەندە خۆشە و شیاوە!

یەزدان ئۆرشەلیم بنیاد دەنێتەوە،
    ڕاپێچکراوەکانی[a] ئیسرائیل کۆدەکاتەوە.
دڵشکاوان چاک دەکاتەوە و
    برینیان ساڕێژ دەکات.
ژمارەی ئەستێرەکان دیاری دەکات و
    هەریەکەیان بە ناوێک بانگ دەکات.
پەروەردگارمان گەورەیە و هێزی زۆرە،
    تێگەیشتنی بێ سنوورە.
یەزدان یارمەتی بێفیزەکان دەدات و
    بەدکاران بەرەو زەوی نزم دەکاتەوە.

بە سوپاسەوە گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
    بە قیسارە مۆسیقا بۆ خودامان بژەنن.

ئەوەی ئاسمان بە هەور دادەپۆشێت،
    باران بۆ زەوی ئامادە دەکات،
    گیا لەسەر چیاکان دەڕوێنێت،
خۆراکی ئاژەڵ و
    بێچووە قەلەڕەشی دەم بە قیڕە دەدات.

10 یەزدان بە هێزی ئەسپ خۆشحاڵ نابێت،
    بە قاچی مرۆڤ دڵشاد نییە،
11 بەڵام یەزدان بەوانە دڵشادە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،
    ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەیە.

زەبوورەکان 147:20

20 ئەمەی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکردووە،
    حوکمەکانی ئەویان نەزانیوە.

هەلیلویا!

یەکەم کۆرنسۆس 9:16-23

16 ئەگەر مزگێنی بدەم شانازیم نییە، لەبەر ئەوەی پێویستە و خراوەتە ئەستۆم. قوڕبەسەرم ئەگەر مزگێنی نەدەم! 17 چونکە ئەگەر خۆبەخش ئەوە بکەم، ئەوا پاداشت دەکرێم. بەڵام ئەگەر بە ناچاری بێت، ئەوا متمانەی بریکاریەتیم دراوەتێ. 18 ئیتر پاداشتم چییە؟ ئەوەیە کاتێک مزگێنی دەدەم، بەخۆڕایی مزگێنی بدەم و داوای مافی تەواوی خۆم وەکو مزگێنیدەر نەکەم.

19 هەرچەندە سەبارەت بە هەمووان سەربەستم، بەڵام خۆم کردە کۆیلەی هەمووان تاکو زیاتریان لێ بەدەستبهێنم. 20 بۆ جولەکە خۆم وەک جولەکە لێکرد، تاکو جولەکە ببەمەوە. بۆ ئەوانەی لەژێر شەریعەتن[a] وەک لەژێر شەریعەت، کە خۆم لەژێر شەریعەت نیم، تاکو ئەوانەی لەژێر شەریعەتن بیانبەمەوە. 21 بۆ ئەوانەی بێ شەریعەتن، وەک بێ شەریعەت بم، هەرچەندە بێ شەریعەتی خودا نیم، بەڵکو لەژێر شەریعەتی مەسیحدام، تاکو ئەوانەی بێ شەریعەتن بیانبەمەوە. 22 بۆ لاوازان بوومە لاواز، تاکو لاوازەکان ببەمەوە. بۆ هەمووان بوومە هەموو شتێک، تاکو بە هەر شێوەیەک هەندێک ڕزگار بکەم. 23 هەموو ئەمانە لە پێناوی پەیامی ئینجیلدا دەکەم، تاکو تێیدا بەشدار[b] بم.

مەرقۆس 1:29-39

چاککردنەوەی خەڵکێکی زۆر

29 کاتێک عیسا لەگەڵ یاقوب و یۆحەنا کەنیشتەکەیان بەجێهێشت، چوونە ماڵی شیمۆن و ئەندراوس. 30 خەسووی شیمۆن لەناو جێگا کەوتبوو، تای هەبوو، خێرا باسی ئەویان بۆ عیسا کرد. 31 ئەویش هات، دەستی گرت و هەڵیستاندەوە. تایەکە بەریدا و دەستی بە خزمەتکردنیان کرد.

32 ئەو ئێوارەیە لەپاش ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆش و ئەو کەسانەیان بۆ دەهێنا کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو. 33 هەموو دانیشتووانی شارەکە لەبەر دەرگا کۆبوونەوە، 34 عیسا ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی بە جۆرەها دەردەوە چاککردەوە و زۆر ڕۆحی پیسیشی دەرکرد و نەیهێشت ڕۆحە پیسەکان بدوێن، چونکە دەیانزانی کێیە.

مزگێنیدان لە ناوچەی جەلیل

35 بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر کە هێشتا تاریک بوو، عیسا هەستا و چووە شوێنێکی چۆڵ و لەوێ دەستی کرد بە نوێژکردن. 36 شیمۆن و هاوڕێکانی بە شوێنیدا گەڕان، 37 کە دۆزییانەوە پێیان گوت: «هەموو خەڵکەکە بەدواتدا دەگەڕێن.»

38 عیسا پێی فەرموون: «وەرن، با بڕۆین بۆ دێیەکانی دەوروپشت، تاکو لەوێش پەیامەکەم ڕابگەیەنم، چونکە من بۆ ئەمە هاتووم.» 39 ئینجا ڕۆیشت و لە هەموو جەلیلدا لەناو کەنیشتەکانیان پەیامی خودای ڕادەگەیاند و ڕۆحی پیسی دەردەکرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.