Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
25 ئەی یەزدان، گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.
2 ئەی خودای من، پشتم بە تۆ بەستووە.
ڕێ مەدە شەرمەزار بم،
دوژمنانم پێ خۆش مەکە.
3 هەموو ئەوانەی ئومێدیان بە تۆ هەیە
شەرمەزار نابن،
بەڵکو ئەوانە شەرمەزار دەبن
کە بەبێ هۆ ناپاکی دەکەن.
4 ئەی یەزدان، ڕێگاکانی خۆتم پێ بناسێنە،
ڕێڕەوەکانی خۆتم فێر بکە.
5 لە ڕاستی خۆت ڕێنماییم بکە و فێرم بکە،
چونکە تۆ خودای ڕزگارکەری منیت،
بە درێژایی ڕۆژ ئومێدم هەر بە تۆیە.
6 ئەی یەزدان، بەزەیی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆت لەبیر بێت،
چونکە لە دێرزەمانەوە ئەمانە هەن.
7 ئەی یەزدان، گوناهەکانی کاتی گەنجیەتیم و
یاخیبوونەکانم بەبیر خۆت مەهێنەوە،
بەڵکو بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بیرم لێ بکەرەوە،
لە پێناوی چاکی خۆت.
8 یەزدان چاک و سەرڕاستە،
بۆیە گوناهباران فێری ڕاستەڕێیی دەکات،
9 ڕابەرایەتی بێفیزەکان دەکات بۆ دادپەروەری،
ئەوان فێری ڕێگای خۆی دەکات.
10 هەموو ڕێگاکانی یەزدان ڕاست و خۆشەویستی نەگۆڕن
بۆ ئەو کەسانەی فەرزەکانی پەیمانەکەی ناشکێنن.
هۆنراوەیەکی داود.
32 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە،
گوناهەکانی داپۆشراوە.
2 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و
لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە.
3 کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا،
ئێسقانەکانم پووکانەوە،
لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ.
4 چونکە بە شەو و بە ڕۆژ،
دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو،
تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.[a]
5 ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و
تاوانم ناشارمەوە.
گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.»
تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت.
6 بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە
لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە،
بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ.
7 تۆ پەناگای منیت،
لە تەنگانە دەمپارێزی و
بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.
8 خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت،
ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.
9 وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن،
بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت،
بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە.
10 بەدکارەکان ئازاریان زۆرە،
بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت،
خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.»
11 ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن،
ئەی دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!
2 ئیفلیجێکیان هێنایە لای لەناو جێگا کەوتبوو، کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، ورەت بەرز بێت، گوناهەکانت بەخشران.»
3 جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کفر دەکات!»
4 عیساش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟ 5 کامیان ئاسانترە بگوترێت، ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت، ”هەستە و بڕۆ؟“ 6 بەڵام تاکو بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» ئینجا بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» 7 ئەویش هەستا و گەڕایەوە ماڵ. 8 کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن و ستایشی خودایان کرد، کە دەسەڵاتی ئاوای بە مرۆڤ داوە.
عیسا بۆ گوناهباران هاتووە
9 کاتێک عیسا بەوێدا تێپەڕی، پیاوێکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مەتا بوو. پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.
10 لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی مەتا لەسەر خوان دانیشتبوو، زۆر باجگر و گوناهبار هاتن و لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی پاڵیان دایەوە. 11 کە فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»
12 جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. 13 بڕۆن و واتای ئەمە فێربن: [من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی.][a] چونکە نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.