Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 118:1-2

118 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

با ئیسرائیل بڵێ:
    «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

زەبوورەکان 118:14-24

14 یەزدان هێز و گۆرانی منە،
    یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.

15 دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان:
    «دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،
16 دەستە ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە،
    دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»
17 من نامرم، بەڵکو دەژیم و
    باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.
18 یەزدان بە توندی تەمبێی کردم،
    بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.
19 دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،
    پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
20 ئەم دەرگایە هی یەزدانە،
    ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
21 ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،
    بۆم بووی بە ڕزگاری.

22 ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
    بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
23 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
    لەبەرچاومان سەیرە.
24 ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،
    با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.

دەرچوون 15:1-18

سروودی موسا و مریەم

15 ئینجا موسا و نەوەی ئیسرائیل ئەم سروودەیان بۆ یەزدان گوت:

«سروود بۆ یەزدان دەڵێم،
    چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت،
ئەسپ و سوارەکەی
    فڕێدایە ناو دەریا.

«هێز و سروودم یەزدانە،
    بووە بە ڕزگاری بۆم.
ئەمە خودامە و شکۆداری دەکەم،
    خودای باوکمە و بە گەورەی دەزانم.
یەزدان پیاوی جەنگە،
    ناوی یەزدانە.
گالیسکەکانی فیرعەون و سوپاکەی
    فڕێدایە ناو دەریا،
هەڵبژاردەی ئەفسەرەکانی
    لە دەریای سوور نوقوم بوون،
قووڵایی دایپۆشین،
    کەوتنە بنەوە وەک بەرد.
دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان،
    بەتوانایە بۆ شکۆمەندیت.
دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان،
    دوژمن تێکدەشکێنێت.

«بە مەزنی و پایەبەرزیت
    بەرهەڵستەکانت پێشێل دەکەیت،
جۆشی تووڕەییت دەبارێنیت
    وەک پووش دەیانخوات.
بە بای لووتت
    ئاوەکان گرد بوونەوە،
ئاوەڕۆکان وەک گرد وەستان،
    قووڵاییەکان لەناو دەریا بەستیان.
دوژمن گوتی:
    ”دوایان دەکەوم، پێیان دەگەم،
تاڵان دابەش دەکەم،
    گیانم لێیان تێر دەبێت،
شمشێرەکەم ڕادەکێشم،
    دەستم لەناویان دەبات.“
10 بەڵام بە بای خۆت فووت کرد،
    دەریا دایپۆشین،
ڕۆچوون وەک قورقوشم،
    لە ئاوێکی مەزن.
11 ئەی یەزدان، کێ لەنێو خوداوەندەکان وەک تۆیە؟
    کێ وەک تۆ
        پایەبەرزە لە پیرۆزی،
        سامناک لە شکۆمەندی،
        دروستکەری کاری سەرسوڕهێنەر؟

12 «دەستی ڕاستت درێژکرد،
    زەوی قووتی دان.
13 ئەو گەلەی کڕیتەوە،
    بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕابەرایەتی دەکەیت،
بە هێزی خۆت ڕێنمایی دەکەیت،
    بۆ نشینگەی پیرۆزت.
14 گەلان گوێیان لێ دەبێت و دەلەرزن،
    دانیشتووانی فەلەستیە ژان دەیانگرێت.
15 سەرکردەکانی ئەدۆم سەرسام دەبن،
    ڕابەرەکانی مۆئاب لەرز دەیانگرێت،
هەموو دانیشتووانی کەنعان دەتوێنەوە.
16     سامناکی و تۆقین دێتە سەریان.
ئەی یەزدان، بە هێزی بازووت
    وەک بەرد لە شوێنی خۆیان دەچەقن،
هەتا ئەوەی گەلەکەت دەپەڕێتەوە،
    هەتا ئەو گەلەی کڕیوتە دەپەڕێتەوە.
17 دەیانهێنیت و دەیانچێنیت
    لە کێوی میراتت،
ئەو شوێنەی بۆ نیشتەجێی خۆت دروستت کرد ئەی یەزدان،
    ئەی پەروەردگار، ئەو پیرۆزگایەی کە دەستەکانت دایمەزراند.

18 «یەزدان پاشایەتی دەکات
    بۆ هەتاهەتایە.»

کۆلۆسی 3:12-17

باوەڕدار و کڵێسا

12 بۆیە، ئێوە کە گەلی پیرۆز و خۆشەویست و هەڵبژێردراوی خودان، میهرەبانی و نیانی و بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتن لەبەر بکەن. 13 بەرگەی یەکتری بگرن، ئەگەر یەکێک سکاڵای لەسەر یەکێک هەبوو، گەردنی یەکتری ئازاد بکەن. وەک مەسیحی باڵادەست لێتان خۆشبوو، ئێوەش لێیان خۆشبن. 14 لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە خۆشەویستی لەبەر بکەن، کە لە یەکێتییەکی تەواودا هەموویان دەبەستێتەوە.

15 با ئاشتی مەسیح حوکمی دڵتان بکات، کە بۆ ئەمە بانگکران لە یەک لەشدا، هەروەها سوپاسگوزار بن. 16 با پەیامی مەسیح بە دەوڵەمەندی لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، بەوپەڕی دانایی یەکتری فێر بکەن و ئاگادار بکەنەوە، بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بە سوپاسگوزاری لە دڵتاندا گۆرانی بۆ خودا بڵێن. 17 هەر شتێک دەڵێن و دەیکەن، هەمووی بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە بیکەن، لە ڕێگەی عیساوە سوپاسی خودای باوک بکەن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.