Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
9 ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە لە تەنگانەدام.
چاوەکانم کزبوون لە خەفەتان،
ڕۆح و لەشم لە خەمان.
10 ژیانم بە خەم و خەفەت فەوتاوە،
ساڵانی تەمەنم بە ئاخ هەڵکێشان،
لەبەر دەرد و بەڵا هێزم لێ بڕاوە،
ئێسقانەکانم پووکاونەتەوە.
11 بەهۆی دوژمنەکانمەوە،
بە تەواوی بوومەتە مایەی شەرمەزاری لای دراوسێکانم،
بوومەتە مایەی ترس بۆ ئاشناکانم،
ئەوانەی لە شەقامدا دەمبینن، لێم دوور دەکەونەوە.
12 لەبیرکراوم وەک ئەوەی مردبم،
وەک قاپێکی شکاوم بەسەرهاتووە.
13 چونکە گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە،
«لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!»
هەموو پێکەوە پیلان لە دژم دەگێڕن،
بیر لەوە دەکەنەوە ژیانم لەناو ببەن.
14 بەڵام ئەی یەزدان، من پشتم بە تۆ بەستووە،
دەڵێم: «تۆ خودای منیت.»
15 ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە،
لە دەستی دوژمنان و
ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە.
16 با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە،
بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە.
13 «لێم بێدەنگ بن، من قسە دەکەم و
ئەوەی بەسەرم دێت با بێت!
14 بۆچی من کێشە بۆ خۆم دروستبکەم،
ژیانی خۆم بخەمە مەترسییەوە؟
15 ئەگەر بشمکوژێت هەر پشتی پێی دەبەستم،
لەبەردەمیدا تەنها مشتومڕ لەسەر هەڵسوکەوتم دەکەم.
16 هەروەها ئەمە بۆ ڕزگاریمە،
کە خوانەناس نایەتە بەردەمی.
17 بە تەواوی گوێ لە قسەکانم بگرن و
ئەوەی ڕایدەگەیەنم با گوێتان لێی بێت.
18 ئەوەتا من بە باشی سکاڵای خۆمم خستووەتە ڕوو،
دەزانم ئەستۆپاک دەردەچم.
19 کێیە ئەوەی مشتومڕم لەگەڵ دەکات،
تاکو هەر ئێستا بێدەنگ بم و ڕۆح بەدەستەوە بدەم؟
21 چونکە بۆ من ژیان مەسیحە، مردنیش قازانج. 22 بەڵام ئەگەر ژیانم لە جەستە بەردەوام بێت، خەریکی خزمەتێک دەبم کە بەرهەمی هەبێت. چی هەڵبژێرم؟ نازانم! 23 لە دوو لاوە فشارم لەسەرە، حەز دەکەم ئەم ژیانە بەجێبهێڵم و لەگەڵ مەسیح بژیم، ئەمەش زۆر باشترە، 24 بەڵام مانەوەم بە جەستە بۆ ئێوە پێویستترە. 25 لەمە دڵنیام، دەزانم لە ژیاندا دەمێنم و لەگەڵ هەمووتان بەردەوام دەبم، بۆ بەرەوپێشچوون و خۆشیتان لە باوەڕ، 26 تاکو بەهۆی هاتنەوەی من بۆ لاتان شانازیتان بە عیسای مەسیح لە ڕێگەی منەوە زیاد بکات.
27 تەنها بە شێوەیەک بژین کە شایستەی پەیامی ئینجیلی مەسیح بێت، تاکو کاتێک بێم و بتانبینم یان لەلاتان نەبم و هەواڵتان ببیستم، کە لە یەک ڕۆحدا چەسپاون و بە یەک دڵ تێدەکۆشن لە پێناوی ئەو باوەڕەی کە لەسەر بناغەی پەیامی ئینجیلە، 28 لە هیچ شتێکی ڕکابەرەکانتان ناترسن. ئەمە بەڵگەیە بۆ لەناوچوونیان، بەڵام ڕزگارییە بۆ ئێوە، ئەمەش لە خوداوەیە، 29 چونکە خودا لەبەر مەسیح تەنها باوەڕهێنان بە ئەوی پێ نەبەخشیون، بەڵکو ئازار چێژتنیش لە پێناوی ئەو، 30 لەبەر ئەوەی هەمان تێکۆشانتان هەیە، ئەوەی لە منتان بینیوە و ئێستا لە منی دەبیستن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.