Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
130 ئەی یەزدان، لە ناخی قووڵاییەکانەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم!
2 ئەی پەروەردگار، گوێ لە دەنگم بگرە!
با گوێیەکانت سووک بن بۆ دەنگی پاڕانەوەم.
3 ئەی یەزدان، ئەگەر گوناهەکان تۆمار بکەیت،
ئەی پەروەردگار، کێ دەوەستێت؟
4 بەڵام لێخۆشبوون لەلای تۆیە،
بۆ ئەوەی لێت بترسین.
5 چاوەڕێی یەزدان دەکەم، گیانم چاوەڕێی دەکات،
هیوام بە بەڵێنەکانییەتی.
6 گیانم چاوەڕێی پەروەردگار دەکات،
زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان،
زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان.
7 ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت،
چونکە خۆشەویستی نەگۆڕ لەلای یەزدانە،
توانایەکی زۆریشی هەیە بۆ کڕینەوە.
8 هەر ئەوە ئیسرائیل دەکڕێتەوە
لە هەموو گوناهەکانی.
گیانلەبەرەکان و شکۆمەندی یەزدان
1 لە پێنجی مانگی چواری ساڵی سییەم،[a] کاتێک من لەسەر نۆکەندی کەڤار لەنێو ڕاپێچکراوەکان بووم، ئاسمان کرایەوە و خودا چەند بینینێکی بۆ ئاشکرا کردم. 2 ئەمەش ساڵی پێنجەمی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا بوو.[b]
لە پێنجی مانگدا، 3 فەرمایشتی یەزدان بۆ حزقیێلی کاهین کوڕی بوزی هات، لە خاکی بابلییەکان لەسەر نۆکەندی کەڤار، لەوێش ڕۆحی یەزدان هاتە سەری.
8 ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش گوێ لەوە بگرە کە پێت دەفەرمووم، وەک بنەماڵەی یاخیبوو یاخی مەبە. دەمت بکەرەوە و ئەوەی دەتدەمێ بیخۆ.»
9 کە تەماشام کرد دەستێک بۆ لام درێژکراوە و تۆمارێکی پێچراوی تێدایە. 10 لەبەردەمم کردییەوە و لەناوەوە و لەپشتەوەشی لاوانەوە و گریان و واوەیلا نووسرابوون.
3 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوەی لەپێشتە بیخۆ، ئەم تۆمارە پێچراوەیە بخۆ و بڕۆ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە.» 2 منیش دەمم کردەوە و ئەو تۆمارەی دەرخواردم دا.
3 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بیخۆ و هەناوت پڕ بکە لەو تۆمارەی کە دامە تۆ.» منیش خواردم و لە دەمم وەک هەنگوین شیرین بوو.
فریشتە و تۆمارە بچووکەکە
10 پاشان فریشتەیەکی دیکەی بەهێزم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و بە هەور خۆی پۆشیبوو، پەلکەزێڕینە لەسەر سەری بوو، ڕووی وەک خۆر وابوو، پێیەکانی وەک ستوونی ئاگر وابوون. 2 تۆمارێکی بچووکی کراوەی بەدەستەوە بوو. پێی ڕاستی لەسەر دەریا و چەپی لەسەر وشکانی دانا. 3 بە دەنگێکی بەرز وەک نەڕەی شێر نەڕاندی. کاتێک نەڕاندی، حەوت هەورەگرمەکە بە دەنگەکانیان هاتنە دوان. 4 کاتێک حەوت هەورەگرمەکە هاتنە دوان، بەتەمابووم بنووسم، بەڵام دەنگێکم لە ئاسمانەوە گوێ لێبوو دەیفەرموو: «ئەوەی حەوت هەورەگرمەکە گوتیان مۆری بکە و مەیاننووسە.» 5 ئەو فریشتەیەی بینیم لەسەر دەریا و وشکانی ڕاوەستابوو دەستی ڕاستی بۆ ئاسمان بەرزکردەوە و 6 سوێندی بە خودای زیندووی هەتاهەتایی خوارد، ئەوەی ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە بەدییهێناون، گوتی: «چیتر کاتەکە دواناخرێت! 7 بەڵکو لە ڕۆژانی پێش لێدانی کەڕەنا لەلایەن فریشتەی حەوتەمەوە، پێش ئەوەی دەنگی کەڕەناکە بێت، نهێنی خودا دێتە دی، وەک چۆن خوداش مژدەی بە بەندە پێغەمبەرەکانی دا.»
8 ئەو دەنگەی لە ئاسمانەوە گوێم لێبوو دیسان قسەی لەگەڵ کردم و فەرمووی: «بڕۆ تۆمارە کراوەکە لە فریشتە ڕاوەستاوەکەی سەر دەریا و سەر وشکانی وەربگرە.» 9 چوومە لای فریشتەکە و پێم گوت تۆمارە بچووکەکەم بداتێ، پێی گوتم: «بیبە و بیخۆ. گەدەت تاڵ دەکات، بەڵام لە دەمتدا وەک هەنگوین شیرین دەبێت.» 10 ئەوە بوو تۆمارە بچووکەکەم لە دەستی فریشتەکە وەرگرت و خواردم، لە دەممدا وەک هەنگوین شیرین بوو، بەڵام کە خواردم گەدەی تاڵ کردم. 11 پاشان پێم گوترا: «دەبێت دووبارە پێشبینی لەسەر خەڵک و نەتەوە و زمان و پاشای زۆر بکەیت.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.