Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 118:1-2

118 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

با ئیسرائیل بڵێ:
    «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

زەبوورەکان 118:19-29

19 دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،
    پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
20 ئەم دەرگایە هی یەزدانە،
    ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
21 ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،
    بۆم بووی بە ڕزگاری.

22 ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
    بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
23 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
    لەبەرچاومان سەیرە.
24 ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،
    با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.

25 ئەی یەزدان، تکایە، ڕزگارمان بکە،
    ئەی یەزدان، تکایە، سەرکەوتوومان بکە.

26 پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت،
    لە ماڵی یەزدانەوە داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین.
27 یەزدان خودامانە و
    ڕووناکی پێ بەخشیوین.
قوربانی جەژن بە گوریس ببەستنەوە
    بە قۆچەکانی قوربانگا.

28 تۆ خودای منیت و منیش ستایشت دەکەم،
    تۆ خودای منیت، بە گەورەت دەزانم.

29 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

مەتا 21:1-11

کەژاوەی پاشایانە

21 کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە، گەیشتنە بێت‌فاجی لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد و پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، دەستبەجێ ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە، جاشکەکەی لەگەڵە. بیکەنەوە و بۆ منیان بهێنن. ئەگەر یەکێک شتێکی پێ گوتن، دەڵێن: گەورەمان پێویستی پێیانە، ئەویش یەکسەر دەیاننێرێت.»

ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە[a] گوتراوە بێتە دی کە دەفەرموێ:

[بە شاری سییۆن بڵێن،
    ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات،
دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و
    جاشی ماکەرێک بووە.][b]

قوتابییەکان ڕۆیشتن و وەک عیسا فەرمانی پێدابوون، کردیان. ماکەر و جاشکەکەیان هێنا، کەواکانیان خستە سەر پشتی و عیسا سواربوو. خەڵکێکی ئێجگار زۆر کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست. خەڵکی دیکە لقە داریان دەبڕییەوە و لەسەر ڕێگاکە ڕایاندەخست. ئەو خەڵکەی لەپێشی دەڕۆیشتن و ئەوانەش کە دوای کەوتبوون، هاواریان دەکرد:

«هۆسانا[c] بۆ کوڕی داود!»

«[پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!][d]»

«هۆسانا بۆ خودا!»

10 کاتێک عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم، هەموو شارەکە خرۆشا و گوتیان: «ئەمە کێیە؟»

11 خەڵکەکەش دەیانگوت: «ئەمە پێغەمبەر عیسایە، خەڵکی ناسیرەی جەلیلە.»

ئیشایا 50:4-9

یەزدانی باڵادەست زمانی فێربووانی پێم بەخشی
    بۆ ئەوەی بزانم کە چۆن بە قسە یارمەتی ماندوو بدەم.
هەموو بەیانییەک بەخەبەرم دەهێنێتەوە،
    گوێی من بەئاگا دەهێنێت
    بۆ سەرنجدان وەک قوتابی.
یەزدانی باڵادەست گوێیەکانی منی کردەوە،
    منیش یاخی نەبووم،
    بەرەو دوا هەڵنەگەڕامەوە.
پشتم ڕاگرت بۆ ئەوەی لێی بدەن،
    ڕوومەتیشم بۆ ئەوەی ڕیشم بڕننەوە.
ڕووی خۆمم دانەپۆشی لە
    گاڵتە پێکردن و تف لێکردن.
چونکە یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات،
    ڕیسوا نابم،
لەبەر ئەوە ڕووی خۆمم وەک بەردەئەستێ لێکرد،
    دەزانم شەرمەزار نابم.
ئەوەی بێتاوانم دەکات نزیکە،
    کێ سکاڵا لە من دەکات؟
    با پێکەوە ڕابوەستین،
کێ خاوەنی سکاڵایە لە دژی من؟
    با لێم بێتە پێش!
ئەوەتا یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات،
    ئیتر کێ تاوانبارم دەکات؟
ئەوەتا هەموویان وەک کراس دادەڕزێن،
    مۆرانە دەیانخوات.

زەبوورەکان 31:9-16

ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە لە تەنگانەدام.
    چاوەکانم کزبوون لە خەفەتان،
    ڕۆح و لەشم لە خەمان.
10 ژیانم بە خەم و خەفەت فەوتاوە،
    ساڵانی تەمەنم بە ئاخ هەڵکێشان،
لەبەر دەرد و بەڵا هێزم لێ بڕاوە،
    ئێسقانەکانم پووکاونەتەوە.
11 بەهۆی دوژمنەکانمەوە،
    بە تەواوی بوومەتە مایەی شەرمەزاری لای دراوسێکانم،
بوومەتە مایەی ترس بۆ ئاشناکانم،
    ئەوانەی لە شەقامدا دەمبینن، لێم دوور دەکەونەوە.
12 لەبیرکراوم وەک ئەوەی مردبم،
    وەک قاپێکی شکاوم بەسەرهاتووە.
13 چونکە گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە،
    «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!»
هەموو پێکەوە پیلان لە دژم دەگێڕن،
    بیر لەوە دەکەنەوە ژیانم لەناو ببەن.

14 بەڵام ئەی یەزدان، من پشتم بە تۆ بەستووە،
    دەڵێم: «تۆ خودای منیت.»
15 ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە،
    لە دەستی دوژمنان و
    ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە.
16 با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە،
    بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە.

فیلیپی 2:5-11

وەک عیسای مەسیح بیر بکەنەوە:

ئەوەی بە سروشتی خۆی خودایە،
    نەیویست یەکسانییەکەی لەگەڵ خودا بۆ خۆی بقۆزێتەوە،
بەڵکو خۆی کردە هیچ[a]،
    شێوەی بەندەی وەرگرت،
    وەک مرۆڤی لێهات،
کە بە ڕوخساری مرۆڤ بینرا،
    خۆی نزم کردەوە و
    تاکو مردن ملکەچ بوو، تەنانەت مردنی سەر خاچ[b].

لەبەر ئەوە خودا زۆر بەرزی کردەوە و
    ئەو ناوەی[c] دایێ کە لە سەرووی هەموو ناوێکەوەیە،
10 تاکو بە ڕاگەیاندنی ناوی عیسا هەموو ئەژنۆیەک چۆک دابدەن،
    لە ئاسمان و سەر زەوی و ژێر زەویش،
11 هەروەها هەموو زمانێک دان بنێت بەوەدا کە عیسای مەسیح خاوەن شکۆیە،
    بۆ شکۆی خودای باوک.

مەتا 26:14-27:66

ناپاکی یەهوزا

14 ئینجا یەکێک لە دوازدە قوتابییەکە کە ناوی یەهوزای ئەسخەریوتی بوو، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا، 15 گوتی: «چیم دەدەنێ تاکو بیدەمە دەستتان؟» ئەوانیش سی دراوی زیویان بۆ کێشا. 16 ئیتر بۆ هەلێک دەگەڕا تاکو بە گرتنی بدات.

بەستنی پەیمانی نوێ

17 ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی جەژنی فەتیرە[a]، قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «دەتەوێ بچینە کوێ و ئامادەکاری بکەین، تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟»

18 فەرمووی: «بڕۆنە ناو شار، بۆ لای فڵانە کەس، پێی بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێ، کاتم نزیک بووەتەوە، لەگەڵ قوتابییەکانم لەلای تۆ نانی پەسخە دەخۆم.“» 19 قوتابییەکانیش فەرمانی عیسایان جێبەجێ کرد و نانی پەسخەیان ئامادە کرد.

20 کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە پاڵی دایەوە. 21 کاتێک نانیان دەخوارد، فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.»

22 ئەوانیش زۆر خەمبار بوون، هەریەکە پێیان گوت: «گەورەم، ئەو کەسە منم؟»

23 وەڵامی دایەوە: «ئەوەی لەگەڵم دەست دەخاتە ناو قاپەکە، ئەو بە گرتنم دەدات. 24 کوڕی مرۆڤ دەبێت وەکو لەسەری نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.»

25 ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دەدات، وەڵامی دایەوە: «ڕابی، ئەو کەسە منم؟» پێی فەرموو: «خۆت گوتت.»

شێوی مەسیح

26 کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، دایە قوتابییەکان و فەرمووی: «وەرگرن، بخۆن، ئەمە جەستەی منە.»

27 ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و فەرمووی: «هەموو لێی بخۆنەوە، 28 چونکە ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر بۆ گوناه بەخشین دەڕژێت. 29 پێتان دەڵێم: لەمەودوا ئیتر لەم بەرهەمەی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی باوکم لەگەڵتان دەیخۆمەوە.»

30 ئینجا گۆرانی ڕۆحییان[b] گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون.

نکۆڵیکردنی پەترۆس

31 ئینجا عیسا پێی فەرموون: «ئەمشەو بەهۆی ئەوەی بەسەرم دێت هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە:

«[لە شوانەکە دەدەم،
    مەڕی مێگەلەکە پەرت دەبن.][c]

32 بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.»

33 پەترۆس وەڵامی دایەوە: «ئەگەر لەوەی بەسەرت بێت هەموو پشتت لێ بکەن، من قەت پشتت لێ ناکەم.»

34 عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: پێش خوێندنی کەڵەشێر، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»

35 پەترۆسیش پێی گوت: «تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەگەڵیشت بمرم، هەرگیز نکۆڵیت لێ ناکەم.» قوتابییەکانیش هەموو وایان گوت.

نوێژی عیسا لە باخی گەتسیمانی

36 دوای ئەوە عیسا لەگەڵیان بۆ شوێنێک چوو پێی دەگوترا، گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن، تاکو دەچمە ئەوێ نوێژ دەکەم.» 37 پەترۆس و دوو کوڕەکەی زەبدی برد و پەژارە و دڵتەنگی دایدەگرت. 38 پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و شەوارەم لەگەڵ بگرن.»

39 کەمێک چووە پێش و بە ڕوودا چووە سەر زەوی، نوێژی دەکرد و دەیفەرموو: «باوکە، ئەگەر دەکرێت ئەم جامەم لەسەر تێبپەڕێت. بەڵام نەک وەک من دەمەوێت، بەڵکو تۆ.»

40 هاتەوە لای قوتابییەکان، بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «ئەرێ نەتانتوانی کاتژمێرێک شەوارەم لەگەڵ بگرن؟ 41 شەوارە بگرن و نوێژ بکەن، نەوەک تاقی بکرێنەوە. ڕۆح چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە.»

42 دیسان چووەوە نوێژی کرد: «باوکە! ئەگەر ناکرێت ئەمە لەسەرم تێبپەڕێت و هەر دەبێت بیخۆمەوە، با خواستی تۆ بێت.»

43 دیسان هاتەوە و بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو. 44 ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیەم نوێژی دەکرد و هەمان شتی دەگوتەوە.

45 دوایی هاتە لای قوتابییەکان و پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ ئەوەتا کات نزیک بووەتەوە و کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. 46 هەستن با بڕۆین! ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.»

گرتنی عیسا

47 هێشتا ئەو قسەی دەکرد، ئەوە بوو یەهوزا هات کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ بوو بە شمشێر و دارەوە لەلایەن کاهینانی باڵا و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. 48 ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی، بیگرن.» 49 دەستبەجێ هاتە لای عیسا و گوتی: «سڵاو ڕابی[d].» ئینجا ماچی کرد.

50 عیساش پێی فەرموو: «هاوڕێ، ئەوەی بۆی هاتووی بیکە.» ئینجا هاتنە پێشەوە و عیسایان دەستبەسەر کرد و گرتییان. 51 لەناکاو یەکێک لەوانەی لەگەڵ عیسادا بوو، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی.

52 عیسا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەمرن. 53 ئایا وا دەزانیت ناتوانم بانگی باوکم بکەم و زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ بنێرێت؟ 54 بەڵام ئیتر چۆن نووسراوە پیرۆزەکان دێنە دی، کە دەڵێن بەو شێوەیە پێویستە ڕووبدات؟»

55 لەو کاتەدا عیسا بە خەڵکەکەی فەرموو: «وەک بۆ گرتنی یاخیبووێک بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا دانیشتبووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم. 56 بەڵام ئەمانە هەمووی ڕوویدا بۆ هاتنەدی نووسراوە پیرۆزەکانی پێغەمبەران.» ئینجا هەموو قوتابییەکان بەجێیان هێشت و ڕایانکرد.

دادگاییکردنی عیسا

57 ئەوانەی عیسایان گرت، بردییانە لای قەیافای سەرۆک کاهین، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆببوونەوە. 58 پەترۆسیش دووربەدوور بۆ حەوشەی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، ئینجا چووە ژوورەوە و لەنێو خزمەتکاران دانیشت تاکو دەرئەنجامەکەی ببینێت.

59 کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین[e] بەدوای شایەتییەکی درۆدا دەگەڕان لەسەر عیسا، تاکو بە کوشتنی بدەن. 60 بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، هەرچەندە زۆر شایەتی درۆزن هاتن. لە کۆتاییدا دووان هاتن، 61 گوتیان: «ئا ئەمە گوتی: ”دەتوانم پەرستگای خودا بڕووخێنم و بە سێ ڕۆژ بنیادی بنێمەوە.“»

62 جا سەرۆکی کاهینان هەستا و پێی گوت: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە شایەتی چی لەسەر تۆ دەدەن؟» 63 بەڵام عیسا بێدەنگ بوو.

سەرۆکی کاهینانیش پێی گوت: «سوێندت دەدەم بە خودای زیندوو، پێمان بڵێ، ئەگەر تۆ مەسیحەکەی[f]، کوڕی خودا.»

64 عیسا پێی فەرموو: «تۆ خۆت وا دەڵێیت. منیش پێتان دەڵێم، لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ دەبینن لە دەستە ڕاستی توانادار دادەنیشێت و لەسەر هەوری ئاسماندا دێتەوە.[g]»

65 ئینجا سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «کفری کرد! ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا گوێتان لە کفرەکە بوو. 66 چی دەبینن؟»

وەڵامیان دایەوە: «شایانی مردنە!»

67 ئینجا تفیان لەڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا و 68 گوتیان: «ئەی مەسیح، ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟»

پەترۆس نکۆڵی لە عیسا دەکات

69 لەو کاتەدا پەترۆس لە حەوشە، لە دەرەوە دانیشتبوو. کەنیزەیەک هاتە لای و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای جەلیلی بوویت.»

70 ئەویش لەبەردەم هەموویان نکۆڵیی کرد: «نازانم چی دەڵێی.»

71 ئینجا چووە دەرەوە بۆ ناو داڵانەکە، یەکێکی دیکەش بینی و بەوانەی ئەوێی گوت: «ئەمە لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوو.»

72 دیسان بە سوێندخواردنەوە نکۆڵی لێکرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»

73 دوای کەمێک ئەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون هاتن و بە پەترۆسیان گوت: «بەڕاستی تۆش لەوانیت، زمانت ئاشکرات دەکات[h]

74 جا دەستی بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن کرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»

دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی. 75 ئەوسا پەترۆس قسەکانی عیسای بیرکەوتەوە کە فەرمووی: «پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.

عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس

27 کاتێک ڕۆژبووەوە، هەموو کاهینانی باڵا و پیرانی گەل تەگبیریان لە عیسا کرد تاکو بیکوژن. جا بەستیانەوە و بردییان و دایانە دەست پیلاتۆسی فەرمانڕەوا.

یەهوزا خۆی دەکوژێ

ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دا کە بینی عیسا بڕیاری بەسەردا درا، پەشیمان بووەوە، سی دراوە زیوەکەی بۆ کاهینانی باڵا و پیران گەڕاندەوە و گوتی: «گوناهم کرد کە خوێنێکی بێتاوانم بە گرتن دا.» گوتیان: «بە ئێمە چی؟ خۆت دەزانیت.»

ئەویش زیوەکانی لە پەرستگادا فڕێدا و ڕۆیی، چوو خۆی هەڵواسی[i].

بەڵام کاهینانی باڵا دراوە زیوەکانیان هەڵگرتەوە و گوتیان: «دروست نییە بیخەینە گەنجینەی پەرستگاوە، چونکە نرخی خوێنە.» ئینجا تەگبیریان کرد و کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان بۆ گۆڕستانی بێگانان پێی کڕی. لەبەر ئەوە ئەو کێڵگەیە تاکو ئەمڕۆش پێی دەگوترێ کێڵگەی خوێن. ئەوسا ئەوەی بەهۆی پێغەمبەر یەرمیا گوتراوە، هاتە دی: [سی پارچە زیوەکەیان برد، ئەم نرخە لەلایەن کوڕەکانی ئیسرائیل لەسەری خەمڵێنرا، 10 ئینجا بە کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان دا، وەک یەزدان فەرمانی پێدام.[j]]

پیلاتۆس پرسیار لە عیسا دەکات

11 عیساش لەبەردەم فەرمانڕەوا ڕاوەستا، فەرمانڕەوا لێی پرسی، گوتی: «ئایا تۆ پاشای جولەکەی؟»

عیساش فەرمووی: «تۆ دەڵێیت.»

12 کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێی دەکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە. 13 پیلاتۆس پێی گوت: «ئایا گوێت لێ نییە چەند شایەتیت لەسەر دەدەن؟» 14 بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو.

بڕیاری لەخاچدانی عیسا

15 لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات. 16 لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو، ناودەبردرا باراباس. 17 لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «کێتان دەوێ بۆتانی بەربدەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» 18 چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو.

19 کاتێک لەسەر تەختی دادگایی دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژتووە.»

20 بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوای باراباس بکەن و عیسا لەناوببەن.

21 فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟» گوتیان: «باراباس.»

22 پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟»

هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!»

23 ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟»

بەڵام زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!»

24 پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!»

25 گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!»

26 ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.

سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن

27 سەربازەکانی فەرمانڕەوا عیسایان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوا برد و تەواوی سەربازەکان لە دەوری کۆبوونەوە. 28 ڕووتیان کردەوە و کەوایەکی سووریان دایێ. 29 هەروەها تاجێکی دڕکیان هۆنییەوە و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ کرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای جولەکە!» 30 تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا. 31 دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردییان تاوەکو لە خاچی بدەن.

لەخاچدان و مردنی عیسا

32 کاتێک دەهاتنە دەرەوە پیاوێکی کورێنییان[k] بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. 33 کە گەیشتنە ئەو شوێنەی پێی دەگوترا گولگۆسا، ناونراوە شوێنی کاسەسەر، 34 شەرابی تێکەڵ بە زراویان دایە عیسا تاکو بیخواتەوە، کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە. 35 کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک کراسەکەیان دابەش کرد. 36 ئینجا لەوێ دانیشتن و ئێشکیان بۆ گرت. 37 لەژوور سەرییەوە تاواننامەکەی ئەویان دانا کە نووسرابوو: «ئەمە عیسایە، پاشای جولەکە.» 38 ئەوسا دوو دز لەگەڵی لە خاچ درابوون، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. 39 ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا، 40 دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ کوڕی خودای، لە خاچەکە دابەزە!»

41 بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێدەکرد: 42 «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! پاشای ئیسرائیلە! با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین. 43 پشتی بە خودا بەست، با ئێستا ڕزگاری بکات، ئەگەر ئەمی دەوێت، چونکە گوتی: ”من کوڕی خودام.“» 44 دزەکانیش کە لەگەڵی لە خاچ درابوون گاڵتەیان پێدەکرد.

مردنی عیسا

45 لە کاتژمێر دوازدەوە[l] هەتا سێ[m]، تاریکایی بەسەر هەموو زەوییەوە بوو. 46 نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «[ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟]» واتە: [خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟][n]

47 هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون و گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات!»

48 دەستبەجێ یەکێک لەوان ڕایکرد و ئیسفەنجێکی هەڵگرت، خستییە ناو سرکەوە و کردی بەسەر قامیشێکەوە و پێیدا تاکو بیخواتەوە، 49 بەڵام ئەوانی دیکە گوتیان: «لێگەڕێ، با بزانین ئەلیاس دێت ڕزگاری بکات.»

50 عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کردەوە و گیانی سپارد.

51 لەو کاتەدا پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەقبوو و بوو بە دوو پارچە. زەوی لەرزی و بەرد درزیان برد و 52 گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا کە مردبوون هەستانەوە. 53 دوای هەستانەوەی عیسا لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر کەسیش دەرکەوتن.

54 سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵ ئەو چاودێری عیسایان دەکرد، بوومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕوویدا، زۆر ترسان و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە کوڕی خودا بوو!»

55 زۆر ژن لەوێ بوون، لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، ئەوانەی لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، 56 مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب و یوسف، لەگەڵ دایکی کوڕەکانی زەبدی لەنێویان بوون.

ناشتنی عیسا

57 دەمەو ئێوارە پیاوێکی دەوڵەمەندی خەڵکی ڕامە هات، ناوی یوسف بوو، ئەو خۆی قوتابی عیسا بوو. 58 چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای لێکرد، ئینجا پیلاتۆس فەرمانی دا بیدرێتێ. 59 یوسفیش تەرمەکەی برد و بە کەتانی پاک پێچای و 60 لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە بەرد هەڵکەنرا بوو، ئینجا بەردێکی گەورەی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە و ڕۆیشت. 61 مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکەش لەوێ بوون، بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون.

ئێشکگرتنی گۆڕی عیسا

62 بۆ بەیانی[o] کە دوای ڕۆژی خۆ ئامادەکردنە، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان لەلای پیلاتۆس کۆبوونەوە، 63 گوتیان: «گەورەم، هاتەوە بیرمان ئەو چەواشەکارە کاتێک زیندوو بوو گوتی: ”دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە.“ 64 جا فەرمان بدە هەتا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکەی پاس بکرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، ئەوسا بە گەل بڵێن لەنێوان مردووان هەستاوەتەوە. جا چەواشەی دوایی لەوەی یەکەم خراپتر دەبێت.»

65 پیلاتۆسیش گوتی: «پاسەوانتان هەیە، بڕۆن چۆنتان پێ باشە وا پاسی بکەن.» 66 ئەوانیش چوون گۆڕەکەیان پاس کرد، مۆریان لە بەردەکە دا و پاسەوانیان دانا.

مەتا 27:11-54

پیلاتۆس پرسیار لە عیسا دەکات

11 عیساش لەبەردەم فەرمانڕەوا ڕاوەستا، فەرمانڕەوا لێی پرسی، گوتی: «ئایا تۆ پاشای جولەکەی؟»

عیساش فەرمووی: «تۆ دەڵێیت.»

12 کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێی دەکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە. 13 پیلاتۆس پێی گوت: «ئایا گوێت لێ نییە چەند شایەتیت لەسەر دەدەن؟» 14 بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو.

بڕیاری لەخاچدانی عیسا

15 لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات. 16 لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو، ناودەبردرا باراباس. 17 لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «کێتان دەوێ بۆتانی بەربدەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» 18 چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو.

19 کاتێک لەسەر تەختی دادگایی دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژتووە.»

20 بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوای باراباس بکەن و عیسا لەناوببەن.

21 فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟» گوتیان: «باراباس.»

22 پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟»

هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!»

23 ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟»

بەڵام زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!»

24 پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!»

25 گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!»

26 ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.

سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن

27 سەربازەکانی فەرمانڕەوا عیسایان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوا برد و تەواوی سەربازەکان لە دەوری کۆبوونەوە. 28 ڕووتیان کردەوە و کەوایەکی سووریان دایێ. 29 هەروەها تاجێکی دڕکیان هۆنییەوە و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ کرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای جولەکە!» 30 تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا. 31 دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردییان تاوەکو لە خاچی بدەن.

لەخاچدان و مردنی عیسا

32 کاتێک دەهاتنە دەرەوە پیاوێکی کورێنییان[a] بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. 33 کە گەیشتنە ئەو شوێنەی پێی دەگوترا گولگۆسا، ناونراوە شوێنی کاسەسەر، 34 شەرابی تێکەڵ بە زراویان دایە عیسا تاکو بیخواتەوە، کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە. 35 کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک کراسەکەیان دابەش کرد. 36 ئینجا لەوێ دانیشتن و ئێشکیان بۆ گرت. 37 لەژوور سەرییەوە تاواننامەکەی ئەویان دانا کە نووسرابوو: «ئەمە عیسایە، پاشای جولەکە.» 38 ئەوسا دوو دز لەگەڵی لە خاچ درابوون، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. 39 ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا، 40 دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ کوڕی خودای، لە خاچەکە دابەزە!»

41 بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێدەکرد: 42 «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! پاشای ئیسرائیلە! با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین. 43 پشتی بە خودا بەست، با ئێستا ڕزگاری بکات، ئەگەر ئەمی دەوێت، چونکە گوتی: ”من کوڕی خودام.“» 44 دزەکانیش کە لەگەڵی لە خاچ درابوون گاڵتەیان پێدەکرد.

مردنی عیسا

45 لە کاتژمێر دوازدەوە[b] هەتا سێ[c]، تاریکایی بەسەر هەموو زەوییەوە بوو. 46 نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «[ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟]» واتە: [خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟][d]

47 هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون و گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات!»

48 دەستبەجێ یەکێک لەوان ڕایکرد و ئیسفەنجێکی هەڵگرت، خستییە ناو سرکەوە و کردی بەسەر قامیشێکەوە و پێیدا تاکو بیخواتەوە، 49 بەڵام ئەوانی دیکە گوتیان: «لێگەڕێ، با بزانین ئەلیاس دێت ڕزگاری بکات.»

50 عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کردەوە و گیانی سپارد.

51 لەو کاتەدا پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەقبوو و بوو بە دوو پارچە. زەوی لەرزی و بەرد درزیان برد و 52 گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا کە مردبوون هەستانەوە. 53 دوای هەستانەوەی عیسا لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر کەسیش دەرکەوتن.

54 سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵ ئەو چاودێری عیسایان دەکرد، بوومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕوویدا، زۆر ترسان و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە کوڕی خودا بوو!»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.