Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 143

زەبوورێکی داود.

143 ئەی یەزدان، نوێژم ببیستە،
    گوێ لە پاڕانەوەم بگرە،
بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی خۆت
    وەڵامم بدەوە.
لەگەڵ خزمەتکاری خۆت مەکەوە دادگایی،
    چونکە کەس نییە لەبەردەم تۆ بێتاوان دەربچێت.
چونکە دوژمن ڕاوم دەنێت،
    ژیانمی بەرەو زەوی پێپەست کردووە،
لەناو تاریکی داینیشاندووم
    وەک ئەوانەی دەمێکە مردوون.
ڕۆحم بێ ورە دەبێت،
    لە ناخمەوە دڵم دەبەسترێت.
ڕۆژگاری دێرین دێتەوە یادم،
    لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە،
    سەرنج دەدەمە کردارەکانی دەستت.
دەستم بۆ تۆ پاندەکەمەوە،
    گیانم بۆ تۆ وەک خاکێکی وشکە.[a]

ئەی یەزدان، زوو وەڵامم بدەوە،
    ڕۆحم لەناودەچێت،
ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
    ئەگینا لەوانە دەچم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان.
با بەیانییان گوێم لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بێت،
    چونکە من پشت بە تۆ دەبەستم.
ئەو ڕێگایەم پێ بناسێنە کە دەیگرمەبەر،
    چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.
ئەی یەزدان، لە دوژمنەکانم دەربازم بکە،
    هانا بۆ تۆ دەهێنم.
10 فێرم بکە بە ڕەزامەندی تۆ بهێنمە دی،
    چونکە تۆ خودای منی.
ڕۆحە چاکەکەت ڕێنماییم دەکات
    لە زەوییەکی ڕاست.

11 ئەی یەزدان، لەبەر ناوی خۆت بمژیێنەوە،
    بە ڕاستودروستی خۆت گیانم لە تەنگانە دەربهێنە.
12 بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دوژمنانم دەمکوت بکە،
    هەموو ئەوانە لەناوببە کە تەنگم پێ هەڵدەچنن،
    چونکە من خزمەتکاری تۆم.

دووەم پاشایان 4:18-37

18 کوڕەکە گەورە بوو، ڕۆژێک کوڕەکە چووە دەرەوە بۆ لای باوکی، کە لەلای دروێنەکەرەکان بوو. 19 بە باوکی گوت: «ئای سەرم! ئای سەرم!»

باوکیشی بە خزمەتکارەکەی گوت: «هەڵیبگرە و بیبە بۆ لای دایکی.» 20 خزمەتکارەکەش هەڵیگرت و بردییەوە لای دایکی. هەتا نیوەڕۆ لەسەر ئەژنۆی دایکی دانیشت، ئینجا مرد. 21 ئەویش چووە سەرەوە لەسەر جێی نوستنەکەی پیاوەکەی خودا داینا، دەرگاکەی لەسەر داخست و هاتە دەرەوە.

22 ئینجا مێردەکەی بانگکرد و گوتی: «خزمەتکارێک و ماکەرێکم بۆ بنێرە، هەتا بە پەلە بچم بۆ لای پیاوەکەی خودا و بگەڕێمەوە.»

23 ئەویش پرسیاری کرد: «بۆچی ئەمڕۆ دەچیتە لای؟ خۆ ئەمڕۆ نە جەژنی سەرەمانگە و نە شەممەیە.»

ژنەکەش گوتی: «هیچ نییە.»

24 کورتانی لە ماکەرەکە بەست و بە خزمەتکارەکەی گوت: «لێخوڕە و خێرا بڕۆ، لەبەر من خاو مەکەرەوە هەتا خۆم پێت نەڵێم.» 25 ئینجا ڕۆیشت و لە کێوی کارمەل گەیشتە لای پیاوەکەی خودا.

کاتێک پیاوەکەی خودا لە دوورەوە بینی بە گێحەزی خزمەتکاری گوت: «تەماشا، ئەوە شونەمییەکەیە. 26 ئێستا بەرەوپیری ڕابکە و پرسیاری سەلامەتی خۆی و مێردەکەی و کوڕەکەی لێ بکە.»

ژنەکەش گوتی: «باشین.»

27 کاتێک ژنەکە لە چیاکە گەیشتە لای پیاوەکەی خودا، قاچەکانی گرت. گێحەزیش هاتە پێشەوە هەتا دووری بخاتەوە، بەڵام پیاوەکەی خودا گوتی: «لێیگەڕێ، چونکە زۆر دڵی تەنگە، یەزدان ئەو کارەی لێم شاردەوە و پێی ڕانەگەیاندم.»

28 ئینجا ژنەکە گوتی: «ئایا من داوای کوڕم لە گەورەم کرد؟ نەمگوت، ”هەڵممەخەڵەتێنە؟“»

29 ئەلیشەعیش بە گێحەزی گوت: «کەواکەت لە ناوقەدت ببەستە، گۆچانەکەم لەدەست بگرە و بە پەلە بڕۆ، ئەگەر چاوت بە یەکێک کەوت سڵاوی لێ مەکە، ئەگەر یەکێکیش سڵاوی لێکردیت، وەڵامی مەدەرەوە. گۆچانەکەم لەسەر دەموچاوی کوڕەکە دابنێ.»

30 بەڵام دایکی کوڕەکە گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئیتر هەستا و دوای کەوت.

31 گێحەزی لەپێشیانەوە ڕۆیشت و گۆچانەکەی لەسەر دەموچاوی کوڕەکە دانا، بەڵام نە دەنگی هەبوو نە هەست. ئینجا گێحەزی گەڕایەوە بۆ لای ئەلیشەع و پێی ڕاگەیاند، گوتی: «کوڕەکە هەڵنەستایەوە.»

32 کاتێک ئەلیشەع چووە ناو ماڵەکە، بینی کوڕەکە لەسەر جێگاکەی مردووە. 33 جا چووە ژوورەوە و دەرگاکەی لەسەر خۆی و منداڵەکە داخست، لە یەزدان پاڕایەوە. 34 پاشان چووە سەر جێگاکە و لەسەر کوڕەکە پاڵکەوت، دەمی خستە سەر دەمی و چاوەکانی لەسەر چاوەکانی و دەستەکانی لەسەر دەستەکانی. کە لەسەری درێژ بوو، جەستەی کوڕەکە گەرم داهات. 35 ئینجا ئەلیشەع هەستا و لەناو ژوورەکە دەهات و دەچوو، چووەوە سەر جێگاکە و لەسەر کوڕەکە درێژبووەوە. کوڕەکە حەوت جار پژمی و چاوەکانی کردەوە.

36 ئەلیشەع گێحەزیی بانگکرد و گوتی: «ئەو شونەمییە بانگ بکە.» ئەویش بانگی کرد، کاتێک هاتە ژوورەوە ئەلیشەع پێی گوت: «کوڕەکەت هەڵبگرە.» 37 هات و خۆی هاویشتە بەر پێی، کڕنۆشی برد. پاشان کوڕەکەی هەڵگرت و چووە دەرەوە.

ئەفەسۆس 2:1-10

زیندووبوونەوە لەگەڵ مەسیح

ئێوەش بەهۆی خراپە و گوناهەکانتانەوە مردبوون کە پێشتر تێیدا دەژیان کاتێک پەیڕەوی ڕێبازی ئەم جیهانە و سەرۆکی دەسەڵاتی هەواتان دەکرد، ئەو ڕۆحەی ئێستا لە یاخیبوواندا کار دەکات. ئێمەش هەموو لەوان بووین، لە هەوەسەکانی سروشتی دنیاییماندا دەژیاین، بە خواستەکانی ئەم سروشتە و بیرەکانیمان دەکرد، وەکو خەڵکی دیکە بە سروشت شایانی تووڕەیی خودا بووین. بەڵام خودا کە دەوڵەمەندە لە بەزەیی، لەبەر ئەو خۆشەویستییە مەزنەی بۆ ئێمەی دەربڕیوە، ئێمە کە بەهۆی گوناهەکان مردبووین، لەگەڵ مەسیح زیندووی کردینەوە. بە نیعمەت ڕزگارتان بووە. خودا ئێمەی لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەستاندەوە و بە هۆی ‏یەکبوون لەگەڵ ئەودا لە شوێنەکانی ‏ئاسمان دایناین، تاکو لە دنیای داهاتوو دەوڵەمەندی نیعمەتی بێ هاوتای خۆی لە ڕێگەی میهرەبانییەکەیەوە بۆ ئێمە دەربخات کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکین. لەبەر ئەوەی بە نیعمەت ڕزگارتان بوو لە ڕێگەی باوەڕەوە، ئەمەش لە خۆتانەوە نییە، بەڵکو دیاری خودایە، بە کردار نییە، تاکو کەس شانازی نەکات، 10 چونکە ئێمە دروستکراوی دەستی خوداین، لە ڕێگەی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیح دەبینە بەدیهێنراوێک بۆ کاری چاکە، کە خودا پێشتر ئامادەی کردووە تاکو بە ئەنجامی بگەیەنین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.