Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
143 ئەی یەزدان، نوێژم ببیستە،
گوێ لە پاڕانەوەم بگرە،
بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی خۆت
وەڵامم بدەوە.
2 لەگەڵ خزمەتکاری خۆت مەکەوە دادگایی،
چونکە کەس نییە لەبەردەم تۆ بێتاوان دەربچێت.
3 چونکە دوژمن ڕاوم دەنێت،
ژیانمی بەرەو زەوی پێپەست کردووە،
لەناو تاریکی داینیشاندووم
وەک ئەوانەی دەمێکە مردوون.
4 ڕۆحم بێ ورە دەبێت،
لە ناخمەوە دڵم دەبەسترێت.
5 ڕۆژگاری دێرین دێتەوە یادم،
لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە،
سەرنج دەدەمە کردارەکانی دەستت.
6 دەستم بۆ تۆ پاندەکەمەوە،
گیانم بۆ تۆ وەک خاکێکی وشکە.[a]
7 ئەی یەزدان، زوو وەڵامم بدەوە،
ڕۆحم لەناودەچێت،
ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
ئەگینا لەوانە دەچم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان.
8 با بەیانییان گوێم لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بێت،
چونکە من پشت بە تۆ دەبەستم.
ئەو ڕێگایەم پێ بناسێنە کە دەیگرمەبەر،
چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.
9 ئەی یەزدان، لە دوژمنەکانم دەربازم بکە،
هانا بۆ تۆ دەهێنم.
10 فێرم بکە بە ڕەزامەندی تۆ بهێنمە دی،
چونکە تۆ خودای منی.
ڕۆحە چاکەکەت ڕێنماییم دەکات
لە زەوییەکی ڕاست.
11 ئەی یەزدان، لەبەر ناوی خۆت بمژیێنەوە،
بە ڕاستودروستی خۆت گیانم لە تەنگانە دەربهێنە.
12 بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دوژمنانم دەمکوت بکە،
هەموو ئەوانە لەناوببە کە تەنگم پێ هەڵدەچنن،
چونکە من خزمەتکاری تۆم.
17 دوای ماوەیەک کوڕی ژنە خاوەن ماڵەکە نەخۆش کەوت، نەخۆشییەکەی بە جۆرێک سەخت بوو کە هەناسەی لێ بڕا. 18 ئینجا بە ئەلیاسی گوت: «ئەی پیاوی خودا، چیت لەسەر من هەیە؟ ئایا هاتووی بۆ لای من هەتا تاوانەکەم بەبیر بهێنیتەوە و کوڕەکەم بمرێنیت؟»
19 ئەلیاسیش پێی گوت: «کوڕەکەتم بدێ.» لە باوەشییەوە بردی و سەری خستە ژوورەکەی سەرەوە کە تێیدا دەمایەوە، لەسەر جێگاکەی خۆی پاڵی خست. 20 هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، ئایا خراپەت بەسەر ئەم بێوەژنەش هێنا کە من لەلای ئەو ئاوارەم، بەوەی کوڕەکەی ئەوت کوشت؟» 21 ئینجا سێ جار لەسەر کوڕەکە درێژ بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد، گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، با گیانی ئەم کوڕە بگەڕێتەوە ناوی!»
22 یەزدانیش گوێی لە هاوارەکەی ئەلیاس گرت، گیانی کوڕەکە گەڕایەوە ناوی و زیندووبووەوە. 23 ئینجا ئەلیاس کوڕەکەی برد و لە ژوورەکەی سەرەوە هێنایە خوارەوە بۆ ناو ماڵەکە و دایە دەست دایکی. ئەلیاس گوتی: «ببینە، کوڕەکەت زیندووە!»
24 ژنەکەش بە ئەلیاسی گوت: «ئێستا زانیم کە تۆ پیاوی خودایت و ئەوەی دەیڵێیت فەرمایشتی یەزدانە و ڕاستییە.»
پۆڵس لە ترۆیاس
7 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا بۆ نانلەتکردن کۆبووینەوە، پۆڵس گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، چونکە بەتەمابوو ڕۆژی دواتر بڕوات، بۆیە هەتا نیوە شەو قسەی بۆ کردن. 8 ئەو ژوورەی سەرەوە کە لێی کۆببووینەوە چرای زۆری لێبوو. 9 گەنجێک ناوی یوتیخۆس بوو لەناو پەنجەرەدا دانیشتبوو، خەوەکوتکێیەکی قورس دەیبردەوە، پۆڵس وتارێکی درێژی دەدا، جا خەوی لێ کەوت و لە نهۆمی سێیەمەوە کەوتە خوارەوە، بە مردوویی هەڵگیرایەوە. 10 پۆڵس هاتە خوارەوە خۆی بەسەریدا دا و لە باوەشی گرت، گوتی: «مەشێوێن، ژیانی تێدایە!» 11 دوایی پۆڵس چووە سەرەوە، نانی لەتکرد و خواردی، هەتا بەرەبەیان قسەی کرد، پاشان لەوێ ڕۆیشت. 12 گەنجەکەشیان بە زیندووێتی برد و زۆر دڵنەوایی کران.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.