Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کێوی یەزدان
2 ئەو شتەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی سەبارەت بە یەهودا و ئۆرشەلیم:
2 لە ڕۆژانی کۆتاییدا،
کێوی پەرستگای یەزدان
لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،
بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و
هەموو نەتەوەکان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.
3 زۆرێک لە گەلان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:
«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،
بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،
بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»
فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،
پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.
4 لەنێو نەتەوەکان دادوەری دەکات،
ناوبژی بۆ چەندین گەل دەکات.
شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،
ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.
هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،
چیتر فێری جەنگ نابن.
5 ئەی بنەماڵەی یاقوب وەرن،
با لەژێر ڕووناکی یەزداندا بڕۆین.
گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
122 شادمان بووم بەوانەی پێیان گوتم،
«با بچینە ماڵی یەزدان.»
2 ئەی ئۆرشەلیم، پێیەکانمان
لە دەروازەکانت ڕادەوەستن.
3 ئۆرشەلیم بنیاد نراوە،
وەک شارێکی یەکگرتوو.
4 لەوێ کە خێڵەکان سەردەکەون،
هۆزەکانی یەزدان،
وەک یاسا بۆ ئیسرائیل
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
5 چونکە تەختەکان بۆ دادوەری لەوێ دادەنرێت،
تەختەکانی بنەماڵەی داود.
6 داوای ئاشتی بکەن بۆ ئۆرشەلیم:
«با ئەوانەی تۆیان خۆشدەوێت ئاسوودە بن.
7 با ئاشتی لە شووراکانت بێت،
ئاسایش لە قەڵاکانت.»
8 لە پێناوی برا و هاوڕێیەکانم دەڵێم:
«ئاشتیت تێدابێت!»
9 لە پێناوی ماڵی یەزدانی پەروەردگارمان،
بەدوای چاکەی تۆدا دەگەڕێم.
11 جگە لەوەش کاتەکە دەزانن، وا کاتی ئەوەیە لە خەو هەستن، چونکە ئێستا ڕزگاریمان نزیکترە لەو کاتەی باوەڕمان هێنا. 12 شەو لە تەواوبوونە، وا ڕۆژ هەڵدێت. با کرداری تاریکی دابکەنین و چەکی ڕووناکی لەبەر بکەین. 13 با بەڕێزەوە ڕەفتار بکەین وەک چۆن لە ڕۆژدا ڕەفتار دەکرێت، نەک لە ڕابواردن و سەرخۆشی، داوێنپیسی و بەڕەڵایی، ناکۆکی و ئیرەیی. 14 بەڵکو عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەبەر بکەن، بیر لە تێرکردنی ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی مەکەنەوە.
کەس ئەو کاتە نازانێت
36 «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکانی ئاسمان و نە کوڕەکە، تەنها باوک نەبێت. 37 ڕۆژانی نوح چۆن بوو، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 38 وەک چۆن لە ڕۆژانی پێش لافاوەکە دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، هەتا ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، 39 کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات، هەتا لافاوەکە هات و هەمووی برد. هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 40 لەو کاتەدا دوو پیاو لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. 41 دوو ئافرەت دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.
42 «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن لە چ ڕۆژێکدا گەورەتان مەسیح دێتەوە. 43 بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتێکدا دز دێتە سەری، ئێشک دەگرێت و نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت. 44 کەواتە ئێوەش ئامادە بن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.