Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی ستایش
12 لەو ڕۆژەدا دەڵێیت:
«ئەی یەزدان، ستایشت دەکەم،
هەرچەندە لێم تووڕە بوویت،
بەڵام تووڕەییەکەت لە من دامرکایەوە و دڵت دامەوە.
2 ئەوەتا خودای ڕزگاریی من،
دڵنیا دەبم و ناترسم،
چونکە یەزدانی پەروەردگار هێز و سروودی منە و
ئەو بوو بە ڕزگاریم.»
3 بە شادییەوە ئاو دەکێشنەوە
لە کانییەکانی ڕزگاری.
4 لەو ڕۆژەدا دەڵێن:
«ستایشی یەزدان بکەن، ناوی ڕابگەیەنن،
وا بکەن کردارەکانی لەنێو گەلاندا زانراو بێت،
باسی ئەوە بکەن کە ناوی بەرز بووەتەوە.
5 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
چونکە کاری شکۆمەندانەی کردووە،
با ئەمە لە هەموو جیهاندا زانراو بێت.
6 ئەی نیشتەجێی سییۆن دەنگ بەرز بکەرەوە و هاوار بکە!
چونکە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل لەنێوتاندا مەزنە.»
15 ڕاستی ون بووە و
ئەوەی لە خراپە لادەدات دەبێت بە نێچیر.
یەزدان بینی و لەبەرچاوی خراپ بوو
کە دادپەروەری نەبوو.
16 بینی کەس نەبوو،
سەرسام بوو کە ناوبژیوان نەبوو.
بە هێزی بازووی خۆی ڕزگاری کردین،
ڕاستودروستی خۆی پاڵپشتی کرد.
17 ڕاستودروستی وەک سپەر[a] لەبەرکرد و
کڵاوی ئاسنینی ڕزگاریش لەسەری،
بەرگی تۆڵەسەندنەوەی لەبەرکرد،
دڵگەرمیشی وەک کەوا لە خۆی پێچا.
18 بەگوێرەی کردەوەکان لە ناحەزانی تووڕە دەبێت،
سزای ڕەوای دوژمنانی دەدات،
بە تەواوی سزای دوورگەکانیش دەدات.
19 خەڵکی ڕۆژئاوا لە ناوی یەزدان دەترسن،
خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شکۆمەندییەکەی،
چونکە یەزدان وەک لافاو دێت،
بە هەناسەی خۆی پاڵی پێوە دەنێت.
20 «ئەوەی دەمانکڕێتەوە دێت بۆ سییۆن،
بۆ لای ئەوانەی نەوەی یاقوب کە لە گوناهەکانیان تۆبەیان کرد.»
ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
21 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان: ڕۆحم لەگەڵتدایە و وتەکانی خۆمم خستووەتە دەمی تۆوە، نە لە دەمی خۆت و نە لە دەمی نەوەت و نە لە دەمی نەوەی دوای نەوەت نابڕێنەوە، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە،»
یەزدان دەفەرموێت.
هاتنی پاشایەتی خودا
20 کە فەریسییەکان پرسیاریان لێکرد، کەی پاشایەتی خودا دێت، وەڵامی دانەوە: «پاشایەتی خودا بە جۆرێک نایەت کە ببینرێت، 21 خەڵکیش ناڵێن: ”ئەمەتا،“ یان ”ئەوەتا،“ چونکە پاشایەتی خودا لە نێوتاندایە.»
22 جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕۆژانێک دێت کە تامەزرۆن ڕۆژێک لە ڕۆژانی کوڕی مرۆڤ ببینن، بەڵام نایبینن. 23 ئینجا پێتان دەڵێن: ”ئەوەتا لەوێیە،“ یان ”ئەمەتا لێرەیە،“ مەڕۆن و بەدوایدا مەچن، 24 چونکە وەک ئەو بروسکەیەی لە لایەکەوە لەژێر ئاسماندا بروسکە دەدات لایەکی دیکە لەژێر ئاسماندا ڕووناک دەکاتەوە، کوڕی مرۆڤیش لە ڕۆژی خۆیدا بەو شێوەیە دەبێت. 25 بەڵام دەبێت یەکەم جار زۆر ئازار بچێژێت و ئەم نەوەیەش ڕەتی بکەنەوە.
26 «وەک ئەوەی لە سەردەمی نوحدا بوو، لە سەردەمی کوڕی مرۆڤیشدا ئاوا دەبێت. 27 دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، تاکو ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، لافاوەکە هات و هەموویانی لەناوبرد.
28 «دیسان وەک ئەوەی لە سەردەمی ڵوت بوو، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، دەیانکڕی و دەیانفرۆشت، دەیانچاند و بنیادیان دەنا. 29 بەڵام لەو ڕۆژەی ڵوت لە سەدۆم هاتە دەرەوە، خودا لە ئاسمانەوە ئاگر و گۆگردی باراند و هەموویانی لەناوبرد.
30 «لەو ڕۆژەدا کوڕی مرۆڤ ئاشکرا دەکرێت، ئاوا دەبێت. 31 ئەوەی لەو ڕۆژەدا لە سەربانە و شتەکانی لە ناو ماڵە، با نەیەتە خوارەوە بۆ بردنی. ئەوەی لە کێڵگەشە با نەگەڕێتەوە. 32 ژنەکەی ڵوتتان بەبیر بێتەوە! 33 ئەوەی بیەوێ ژیانی خۆی بباتەوە دەیدۆڕێنێت، ئەوەش کە دەیدۆڕێنێت دەیباتەوە. 34 پێتان دەڵێم: لەو شەوەدا دووان لەناو یەک جێگان، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. 35 دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. ⌟ 36 دووان لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.⌞»
37 لێیان پرسی: «لەکوێ گەورەم؟»
پێی فەرموون: «کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.