Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
15 لە بیست و چواری شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا.
بەڵێنی شکۆمەندی پەرستگای نوێ
2 لە بیست و یەکی مانگی حەوت، فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات: 2 «ئێستا قسە بکە لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین و پاشماوەی گەل، بڵێ: 3 ”لەوانەی کە ماونەتەوە کامەتان ئەو ماڵەی لە شکۆمەندی یەکەمیدا بینیوە؟ ئەی ئێستا ئێوە چۆن دەیبینن؟ ئایا وەک هیچ نایەتە بەرچاوتان؟“ 4 یەزدان دەفەرموێت: ”بەڵام ئێستا ئەی زروبابل، بەهێزبە. ئەی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین، بەهێزبە. ئەی هەموو گەلی خاکەکە، بەهێزبن و ئیش بکەن، چونکە من لەگەڵتانم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 5 ”بەپێی ئەو پەیمانەی لەگەڵتاندا بەستم کاتێک لە میسرەوە هاتنە دەرەوە، ڕۆحم لەنێوتاندا ماوە. مەترسن.“
6 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”پاش کەمێک من جارێکی دیکە ئاسمان و زەوی، دەریا و وشکانی دەهەژێنم. 7 هەموو گەلان دەهەژێنم و هەموو شتە گرانبەهاکانی گەلان دێن و ئەم ماڵە پڕ لە شکۆ دەکەم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 8 ”زیو بۆ منە، زێڕ بۆ منە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 9 ”شکۆمەندی ئێستای ئەم ماڵە لە شکۆمەندی پێشتری مەزنتر دەبێت. لەم شوێنەدا ئاشتی دەبەخشم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
ستایشێکی داود.
145 بەرزت دەکەمەوە، ئەی خودایە، ئەی پاشا،
هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
2 هەموو ڕۆژێک ستایشت دەکەم،
هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
3 یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە،
مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.
4 هەموو نەوەیەک بۆ نەوەی دوای خۆی شایەتی بۆ کارەکانت دەدات،
پاڵەوانیێتی تۆ ڕادەگەیەنن.
5 دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن،
هەروەها من لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
17 یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە،
خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
18 یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.
19 ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن،
گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات.
20 یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت،
بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.
21 دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ،
با هەموو کەسێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.
زەبوورێک
98 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ،
چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە.
دەستە ڕاست و بازووی پیرۆزی،
سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە.
2 یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند،
ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست.
3 خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی،
بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا،
ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی.
4 ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان،
بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن.
5 بە قیسارە مۆسیقای بۆ یەزدان بژەنن،
بە قیسارە و دەنگی گۆرانی.
6 بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا،
هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا.
7 با دەریا و هەرچی تێیدایە،
با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن.
8 با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و
هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن، 9 لەبەردەم یەزدان،
چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
گەلانیش بە دادپەروەری.
مرۆڤی سەرپێچی
2 ئیتر خوشکان و برایان، دەربارەی هاتنەوەی عیسای مەسیحی گەورەمان و کۆبوونەوەمان لەگەڵیدا، داواتان لێ دەکەین 2 خێرا بیرتان نەهەژێت و نەترسن لەوەی کە دەڵێن ڕۆژی یەزدان هاتووە، بە پشتبەستن بە بینینی ڕۆحی، پەیامی زارەکی، یان بە نامەیەک کە دەڵێن گوایە لە ئێمەوەیە. 3 بە هیچ شێوەیەک کەس هەڵتاننەخەڵەتێنێ چونکە ئەو ڕۆژە نایێت ئەگەر پێشتر هەڵگەڕانەوە[a] نەیێت و مرۆڤی سەرپێچی[b] دەرنەکەوێت، کوڕی وێران[c]، 4 ئەوەی بەرهەڵستی دەکات و بەسەر هەموو ئەوەی پێی دەگوترێ خودا یان پەرستراو خۆی بەرز دەکاتەوە، تەنانەت لە پەرستگای خودا دادەنیشێت و خۆی بە خودا دەردەخات.
5 ئایا لە یادتان نییە کە لەلاتان بووم ئەمانەم پێ دەگوتن؟
13 بەڵام ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێمە دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، چونکە خودا ئێوەی بە یەکەمین بەرهەم هەڵبژاردووە بۆ ڕزگاری بە پیرۆزکردنتان لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە و باوەڕکردنی ڕاستی. 14 بۆ ئەمەش خودا لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەکەی ئێمەوە بانگی کردن، بۆ دەستکەوتنی شکۆی عیسای مەسیحی گەورەمان. 15 کەواتە خوشکان و برایان، چەسپاو بن و دەست بگرن بەو نەریتەی لە ئێمەوە فێربوون، چ بە وشە بێت یان بە نامە.
16 با عیسای مەسیحی گەورەمان خۆی لەگەڵ خودای باوکمان، ئەوەی خۆشیویستین و دڵنەوایی هەتاهەتایی و هیوایەکی باشی بە نیعمەت پێداین، 17 ورەتان بەرز بکاتەوە و لە هەموو کردار و قسەیەکی چاک بتانچەسپێنێت.
زیندووبوونەوە
27 هەندێک سەدوقی[a] هاتن، ئەوانەی دەڵێن هەستانەوە نییە، لێیان پرسی: 28 «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. 29 ئینجا حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد. 30 دووەمیش و 31 سێیەمیش خواستیانەوە، هەر حەوتیان بە هەمان شێوە بە وەجاخکوێری مردن. 32 لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. 33 ئایا لە هەستانەوەدا ژنەکە بۆ کامیان دەبێت؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.»
34 عیساش پێی فەرموون: «خەڵکی ئەم دنیایە ژن دەهێنن و شوو دەکەن، 35 بەڵام ئەوانەی شایانی گەیشتنن بەو دنیا و هەستانەوەی نێو مردووان، ژن ناهێنن و شوو ناکەن. 36 هەروەها ناتوانن بمرن، چونکە وەک فریشتەن و کوڕی خودان کە کوڕی هەستانەوەن. 37 تەنانەت موساش لە چیڕۆکی دەوەنەکە بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە مردووان هەڵدەستنەوە، چونکە یەزدانی ناوبرد بە [خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.][b] 38 ئەویش خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە، چونکە لای ئەو هەموو زیندوون.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.