Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێک
98 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ،
چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە.
دەستە ڕاست و بازووی پیرۆزی،
سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە.
2 یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند،
ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست.
3 خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی،
بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا،
ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی.
4 ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان،
بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن.
5 بە قیسارە مۆسیقای بۆ یەزدان بژەنن،
بە قیسارە و دەنگی گۆرانی.
6 بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا،
هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا.
7 با دەریا و هەرچی تێیدایە،
با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن.
8 با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و
هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن، 9 لەبەردەم یەزدان،
چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
گەلانیش بە دادپەروەری.
بەڵێنی بەرەکەتی ئۆرشەلیم
8 فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات.
2 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «خۆشەویستییەکی بێ پایانم بۆ سییۆن هەیە، بە دڵگەرمییەوە ئیرەدار بووم بۆی.»
3 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دەگەڕێمەوە سییۆن و لەناوەڕاستی ئۆرشەلیم نیشتەجێ دەبم. ئینجا ئۆرشەلیم بە شاری ڕاستی ناودەبردرێت و کێوی یەزدانی سوپاسالاریش بە ”کێوی پیرۆز“.»
4 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «جارێکی دیکە پیرەمێرد و پیرێژن لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم دادەنیشن، هەریەکە لەبەر تەمەنی گۆچانەکەی بە دەستیەوەیە. 5 شەقامەکانی شار پڕ دەبنەوە لە کوڕ و کچ یاری تێدا دەکەن.»
6 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەو سەردەمە لەوانەیە لەبەرچاوی پاشماوەی ئەم گەلە سەرسوڕهێنەر بێت، بەڵام ئایا لەبەرچاوی منیش سەرسوڕهێنەرە؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
7 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «من گەلەکەم لە خاکی ڕۆژهەڵات و لە خاکی ڕۆژئاوا ڕزگار دەکەم. 8 دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بن، دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی.»
9 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئێستا گوێتان لەم پەیامە بێت، ”با دەستەکانتان بەهێزبن بۆ ئەوەی پەرستگاکە بنیاد بنرێت.“ هەر ئەوەش بوو کە پێغەمبەرەکان لە ڕۆژی دامەزراندنی ماڵی یەزدانی سوپاسالار گوتیان. 10 بەر لەو سەردەمە هیچ کرێیەک بۆ مرۆڤ نەبوو، ئاژەڵیش کرێی نەبوو. ئەوەی دەچووە سەر کاریش لەبەر دوژمنانی سەلامەتی نەبوو، چونکە هەموویانم لە یەکتری بەردا. 11 بەڵام ئێستا من وەک پێشتر هەڵسوکەوت لەگەڵ پاشماوەی گەلەکەم ناکەم.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
12 «تۆو بە جوانی دەڕوێت، دار مێو بەری خۆی دەدات، زەوی بەروبوومی خۆی دەدات، ئاسمان شەونمی خۆی دەدات. هەموو ئەم شتانە دەکەمە میرات بۆ پاشماوەی ئەم گەلە. 13 ئەی بنەماڵەی یەهودا و ئیسرائیل، هەروەک ئێوە مایەی نەفرەت بوون لەنێو نەتەوەکان، من ڕزگارتان دەکەم، دەبنە مایەی بەرەکەت. مەترسن، بەڵکو با دەستەکانتان بەهێزبن.»
14 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «وەک چۆن مکوڕ بووم لەسەر ئەوەی تووشی بەڵاتان بکەم، کاتێک باوباپیرانتان تووڕەیان کردم و پاشگەز نەبوومەوە، 15 ئێستا بە هەمان شێوە مکوڕم لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە چاکە بکەم لەگەڵ ئۆرشەلیم و بنەماڵەی یەهودا. مەترسن. 16 ئەمانە ئەو شتانەن کە دەبێت بیانکەن: لەگەڵ یەکتری بە ڕاستی بدوێن؛ لە دادگاکانتان ڕاستی و حوکمی دادپەروەرانە هەبێت؛ 17 لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری؛ حەزتان لە سوێندخواردنی بە درۆ نەبێت. ڕقم لە هەموو ئەمانەیە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
19 لەبەر ئەوە عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کوڕەکە ناتوانێت لە خۆیەوە هیچ شتێک بکات ئەوە نەبێت کە دەیبینێت باوک دەیکات، چونکە هەرچی باوک دەیکات، کوڕەکەش دەیکات. 20 باوک کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو ئەوەی پیشان دەدات کە دەیکات، کاری لەمانەش مەزنتری پیشان دەدات، تاکو سەرسام بن. 21 وەک باوک مردووان هەڵدەستێنێتەوە و زیندوو دەکاتەوە، کوڕەکەش ئەوەی بیەوێت زیندووی دەکاتەوە. 22 هەروەها باوک کەس حوکم نادات، بەڵکو هەموو حوکمدانی داوەتە دەست کوڕەکە، 23 تاکو هەموو ڕێزی کوڕەکە بگرن هەروەک ڕێزی باوک دەگرن. ئەوەی ڕێزی کوڕەکە نەگرێ، ڕێزی باوکیش ناگرێ کە ناردوویەتی.
لە مردنەوە بەرەو ژیان
24 «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی گوێ لە وشەکەم بگرێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی ژیانی هەتاهەتایی دەبێت و حوکم نادرێت، بەڵکو لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە. 25 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کاتێک دێت کە ئێستایە، کاتێک مردووان دەنگی کوڕی خودا دەبیستن، گوێگرانیش زیندوو دەبنەوە، 26 چونکە وەک باوک ژیانی لە خۆیدا هەیە، بە کوڕەکەشی داوە ژیانی لە خۆیدا هەبێت.[a] 27 دەسەڵاتی حوکمدانیشی داوەتێ، چونکە ئەو کوڕی مرۆڤە.
28 «لەمە سەرسام مەبن، چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن و 29 دێنە دەرەوە، ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی حوکم بدرێن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.