Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێری ژێدار. زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.
76 لە یەهودا خودا ناسراوە،
لە ئیسرائیلدا ناوی گەورەیە!
2 کەپری لە شالیمە[a]،
هەواری لە سییۆنە.
3 لەوێ تیرە گڕدارەکان و
قەڵغان و شمشێر جەنگەکانی تێکشکاند.[b]
4 تۆ ڕەوشەنی،
لە چیای نێچیرەکان شکۆدارتری.
5 قارەمانەکان ماڵیان بە تاڵان چوو،
دوایین خەوی خۆیان نوستن،
هیچ جەنگاوەرێک نەیتوانی دەست بکاتەوە.
6 ئەی خودای یاقوب، بە سەرزەنشتی تۆ،
ئەسپ و سوار پێکەوە کەوتنە خەوێکی قووڵەوە!
7 تۆ خۆت بەسامیت!
لە کاتی تووڕەییت، کێ لەبەردەمت ڕادەوەستێت؟
8 لە ئاسمان حوکمت بیسترا،
زەوی ترسا و کپ بوو،
9 بە هەستانی خودا بۆ دادوەری،
بۆ ڕزگارکردنی هەموو ستەملێکراوانی زەوی.
10 چونکە تووڕەیی مرۆڤ ستایشت دەکات،
خۆتت بە پاشماوەی تووڕەیی چەکدار کردووە.
11 نەزر بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن و بەجێی بهێنن.
ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوریدان،
دیاری پێشکەش بە سامناک بکەن.
12 ئەوەی ڕۆحی میرەکان دەشکێنێت،
سامناکە بۆ پاشاکانی سەر زەوی.
دادوەری و هیوا
66 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئاسمان تەختی منە و
زەویش تەختەپێمە.
کوا ئەو ماڵەی کە ئێوە بۆم بنیاد دەنێن و
لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
2 ئایا هەموو ئەمانەش دەستی من دروستی نەکردن؟
جا هەموو ئەمانە نەهاتنە دی؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«من ڕوو لەمە دەکەم:
لەوەی بێفیز و دڵشکێنراوە و
لەبەر ڕێزی فەرمایشتەکەم دەلەرزێت.
3 بەڵام ئەوەی گا سەردەبڕێت
بکوژی مرۆڤە،
ئەوەی بەرخ دەکاتە قوربانی سەربڕاو،
وەک ئەوەیە ملی سەگ بشکێنێت[a]،
ئەوەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش دەکات،
خوێنی بەراز پێشکەش دەکات و
ئەوەی بخوور دەسووتێنێت،
بت بەرەکەتدار دەکات.
هەروەها ئەوان ڕێگاکانی خۆیان هەڵبژارد و
دڵیان بە قێزەونەکانیان خۆش بوو،
4 هەروەها منیش کارەساتەکانیان هەڵدەبژێرم و
ترسەکانیان بەسەریاندا دەهێنم،
لەبەر ئەوەی بانگم کرد و کەس نەبوو وەڵام بداتەوە،
قسەم کرد و گوێیان نەگرت،
بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکارییان کرد،
ئەوەی پێی دڵخۆش نەبووم هەڵیانبژارد.»
5 ئەی ئەوانەی لە ڕێزی وشەی یەزدان دەلەرزن،
گوێ لە فەرمایشتی ئەو بگرن:
«براکانتان ئەوانەی ڕقیان لێتانە و
لەبەر ناوی من دەریانکردن،
بە تەوسەوە گوتیان: ”با یەزدان شکۆمەند بێت و
دڵخۆشی ئێوە ببینین!“
بەڵام ئەوان شەرمەزار دەبن.
6 دەنگی هاتوهەرایە لە شارەوە،
دەنگە لە پەرستگاوە!
ئەمە دەنگی یەزدانە
سزای شایستەی دوژمنانی دەدات.
7 «پێش ئەوەی ژان بگرێت، منداڵی بوو،
پێش ئەوەی ژانی بۆ بێت، کوڕێکی بوو.
8 کێ وەک ئەمەی بیستووە؟
کێ وەک ئەمەی بینیوە؟
ئایا وڵاتێک لە یەک ڕۆژدا ژان دەیگرێت
یان نەتەوەیەک بە یەک جار لە دایک دەبێت؟
بەڵام سییۆن ئەو ساتەی کە ژان دەگرێت
چەندین منداڵی دەبێت.»
9 یەزدان دەفەرموێت: «ئایا من کە ژانی منداڵبوون دەهێنم،
وا ناکەم منداڵ لەدایک ببێت؟
یان ئەگەر من وا دەکەم منداڵ ببێت،
سکی دایک دادەخەم؟» خودای تۆ دەفەرموێت.
10 «ئەی هەموو خۆشەویستانی ئۆرشەلیم،
لەگەڵی دڵخۆش بن و تێیدا شاد بن،
ئەی هەموو ئەوانەی شیوەنی بۆ دەگێڕن،
بە تەواوی لەگەڵی دڵخۆش بن.
11 بۆ ئەوەی شیری مەمکی بمژن و
تێر و ئارام بن
هەتا لە پڕی شکۆمەندییەکەی بخۆنەوە و
چێژ ببینن.»
12 سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من ئاشتی بەسەردا دەشکێنمەوە وەک ڕووبار و
شکۆمەندی نەتەوەکان وەک جۆگەیەکی ڕاماڵ،
جا ئێوە شیر دەدرێن و لە ئامێز دەگیرێن و
لەسەر ئەژنۆکان ڕادەژەنرێن.
13 وەک یەکێک کە دایکی دڵنەوایی بکات،
منیش ئاوا دڵنەواییتان دەکەم،
بە ئۆرشەلیم دڵنەوایی دەکرێن.»
هەموو شتێک بۆ شکۆی خودایە
23 «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک بنیادنەر نییە. 24 کەس بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا نەگەڕێت، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خەڵک هەوڵ بدەن. 25 ئەو گۆشتەی لە بازاڕ دەفرۆشرێت بیخۆن، ئەوەندە لێی مەکۆڵنەوە، بەبێ لێپرسینەوەی ویژدان، 26 چونکە [زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە.][a]
27 ئەگەر بێباوەڕێک داوەتتان بکات و ئێوەش ویستتان بچن، جا هەرچییەکتان لەپێش دانرا بیخۆن، بێ لێکۆڵینەوە، لەبەر ویژدان. 28 بەڵام ئەگەر یەکێک پێی گوتن: «ئەمە کراوەتە قوربانی بت» مەیخۆن، لەبەر ئەوەی پێی گوتن و لەبەر ویژدان، 29 دەڵێم ویژدان، هی تۆ نا، بەڵکو هی ئەوی دیکە. جا بۆچی سەربەستیم لەلایەن ویژدانێکی دیکەوە حوکم بدرێت؟ 30 ئەگەر بە سوپاسکردنەوە بەشداری بکەم، ئیتر بۆچی تاوانبار دەکرێم لەسەر ئەوەی سوپاسی خودای لەسەر دەکەم؟
31 بۆیە ئەگەر خواردتان یان خواردتانەوە یان هەر شتێکتان کرد، هەموو شتێک بۆ شکۆی خودا بکەن. 32 بۆ جولەکە و ناجولەکە و کڵێسای خودا مەبنە کۆسپ. 33 هەروەک منیش لە هەموو شتێک هەمووان ڕازی دەکەم، بەدوای بەرژەوەندی خۆمدا ناگەڕێم، بەڵکو هی زۆران، تاکو ڕزگاریان ببێت.
11 لاسایی من بکەنەوە هەروەک چۆن منیش لاسایی مەسیح دەکەمەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.