Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێک
98 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ،
چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە.
دەستە ڕاست و بازووی پیرۆزی،
سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە.
2 یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند،
ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست.
3 خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی،
بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا،
ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی.
4 ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان،
بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن.
5 بە قیسارە مۆسیقای بۆ یەزدان بژەنن،
بە قیسارە و دەنگی گۆرانی.
6 بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا،
هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا.
7 با دەریا و هەرچی تێیدایە،
با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن.
8 با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و
هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن، 9 لەبەردەم یەزدان،
چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
گەلانیش بە دادپەروەری.
زروبابل ئەنگوستیلەی یەزدانە
20 دووبارە فەرمایشتی یەزدان بۆ حەگەی هاتەوە، لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ، فەرمووی: 21 «قسە لەگەڵ زروبابلی فەرمانڕەوای یەهودا بکە و بڵێ: ”من ئاسمان و زەوی دەهەژێنم. 22 تەختی پاشایەتییەکان وەردەگێڕم و هێزی پاشایەتی نەتەوەکان لەناودەبەم. گالیسکە و سوارەکەی وەردەگێڕم، ئەسپ و سوارەکانیان دەکوژرێن، هەریەکە بە شمشێری براکەی.“
23 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”ئەی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی بەندەی من، لەو ڕۆژەدا دەتبەم و وەک ئەنگوستیلەت لێ دەکەم بۆ خۆم، چونکە تۆم هەڵبژارد.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
1 لە پیرەکەوە[a]،
بۆ خانمی هەڵبژێردراو و بۆ منداڵانیشی کە لە ڕاستیدا خۆشمدەوێن، نەک تەنها من، بەڵکو هەموو ئەوانەی ڕاستی دەناسن، 2 لەبەر ئەو ڕاستییەی تیاماندا نیشتەجێ دەبێت و هەتاهەتایە لەگەڵمان دەبێت:
3 با نیعمەت[b] و بەزەیی و ئاشتیمان لە خودای باوک و عیسای مەسیحی کوڕی باوکەوە، بە ڕاستی و خۆشەویستییەوە لەگەڵ بێت.
ڕاستی و خۆشەویستی
4 زۆر دڵخۆش بووم کە بینیم هەندێک لە منداڵەکانت بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن، وەک باوک ڕایسپاردین. 5 ئێستاش ئەی خانم، ڕاسپاردەیەکی نوێت بۆ نانووسم، بەڵکو ئەوەی لە سەرەتاوە هەمانبووە: داوات لێ دەکەم، با یەکتریمان خۆشبوێ. 6 خۆشەویستی ئەمەیە: بەگوێرەی ڕاسپاردەکانی خودا بڕۆین. هەروەک لە سەرەتادا گوێتان لێی بووە، ڕاسپاردەکە ئەمەیە، کە بە خۆشەویستی هەڵسوکەوت بکەن.
ئاگاداری گومڕاییکاران بن
7 چەواشەکاری زۆر بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و دان بەوەدا نانێن کە عیسای مەسیح بە جەستە هاتووە. ئەمانە چەواشەکار و دژە مەسیحن. 8 ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک ئەوە لەدەستبدەن کە کارمان بۆ کردووە، بەڵکو پاداشتی تەواو وەربگرن. 9 هەرکەسێک پێش بکەوێت و لە فێرکردنی مەسیح بەردەوام نەبێت، بێبەرییە لە خودا. ئەوەی لە فێرکردنەکە بەردەوام بێت، هەم باوکی ئاسمانی و هەم کوڕەکەی هەیە. 10 ئەگەر یەکێک هاتە لاتان و ئەو فێرکردنەی نەهێنا، لە ماڵەکەتان وەریمەگرنەوە و سڵاوی لێ مەکەن، 11 چونکە ئەوەی سڵاوی لێ بکات، لە بەدکارییەکانیدا بەشدار دەبێت.
کۆتایی
12 زۆر شتم هەیە بۆتانی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە مەرەکەب و کاغەز بێت، بەڵکو ئومێدەوارم لەگەڵتان بم و ڕووبەڕوو بدوێین، تاکو تەواو دڵخۆش بین.
13 منداڵانی خوشکە هەڵبژێردراوەکەت[c] سڵاوت لێدەکەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.