Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە قیسارە بە شێوەی شیمینیت[a]. زەبوورێکی داود.
6 ئەی یەزدان، لە کاتی تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،
لە کاتی تووڕەییت تەمبێم مەکە.
2 ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە داهێزراوم.
ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چونکە ئێسقانەکانم ژان دەکات.
3 گیانم زۆر دەلەرزێت،
هەتا کەی، ئەی یەزدان، هەتا کەی؟
4 ئەی یەزدان، بگەڕێوە و ژیانم ڕزگار بکە،
بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربازم بکە.
5 چونکە یادکردنەوەی تۆ لە مردندا نییە.
لە جیهانی مردووان[b] کێ ستایشت دەکات؟
6 ئەوەندەم ناڵاند شەکەت بووم!
هەموو شەوێک نوێنەکەم نوقومی فرمێسک دەکەم،
جێگاکەم تەڕ دەکەم.
7 چاوەکانم لە خەفەتان کز بوون،
بەهۆی دوژمنەکانمەوە بێهێز بوون.
8 ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە،
چونکە یەزدان گوێی لە دەنگی گریانم بووە،
9 یەزدان گوێی لە پاڕانەوەم بووە،
یەزدان نوێژم وەردەگرێت.
10 هەموو دوژمنەکانم بە توندی شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،
لەناکاو سەرشۆڕی دایاندەگرێت و شەرمەزار دەبن.
16 «بە هێواشی ژیانم بەرە و کۆتایی دەچێت،
کەوتمە ڕۆژانی زەلیلییەوە.
17 شەوگار ئێسکەکانم لەناومدا کلۆر دەکات،
ئازارەکانم پشوو نادەن.
18 خودا بە زۆری هێزەکەی منی بە جلەکانم گرت و شێوەی گۆڕیم،
وەک لە یەخەی کراسەکەمەوە منی پێچایەوە.
19 فڕێیدامە ناو قوڕەوە،
ڕەنگی خۆڵ و خۆڵەمێشم لێ نیشت.
20 «ئەی خودا هاوارت بۆ دەهێنم و وەڵامم نادەیتەوە؛
ڕادەوەستم و ئاوڕم لێ نادەیتەوە.
21 لەگەڵ مندا توند دەجوڵێیتەوە،
بە توانای دەستەکانت دژایەتیم دەکەیت.
22 دەمڕفێنیت و دەمدەیتە دەست ڕەشەبا؛
فڕێمدەدەیتە ناو زریانەوە.
23 چونکە دەزانم بۆ مردن دەمگەڕێنیتەوە،
بۆ ماڵی چاوەڕوانکراوی هەموو زیندووێک.
24 «بێگومان کەس دەستدرێژی ناکاتە سەر مرۆڤێکی تێکشکاو،
کاتێک لە تەنگانەیدا هاوار دەکات.
25 ئایا بۆ لێقەوماوان نەگریام؟
ئایا بۆ نەدار گیانم خەمبار نەبوو؟
26 لەگەڵ ئەوەشدا، کە ئاواتەخوازی چاکە بووم، خراپە هات؛
چاوەڕوانی ڕووناکی بووم، تاریکی هات.
27 هەناوم گڕی گرتووە و ناوەستێت،
ڕۆژانی زەلیلی بەرەوپیرم دێن.
28 ڕەش هەڵگەڕام بەڵام بەبێ خۆر؛
لەناو کۆمەڵ هەستام هاوارم کرد.
29 بووم بە برای چەقەڵەکان و
هاوڕێی کوندەپەپووەکان.
30 پێستم ڕەش و هەڵوەری لەبەرم،
لەشم لەبەر تایەکی توند دەسووتێت.
31 قیسارەکەم بۆ لاوانەوەیە و
شمشاڵەکەم بۆ دەنگی گریاوەکانە.
46 هاتەوە شارۆچکەی قانا لە ناوچەی جەلیل کە لەوێ ئاوی کردبووە شەراب، کاربەدەستێکی پاشا هەبوو، کوڕەکەی لە کەفەرناحوم نەخۆش بوو. 47 کاتێک ئەو بیستی عیسا لە یەهودیاوە هاتووەتە جەلیل، چووە لای و لێی پاڕایەوە کە بێت بۆ ئەوەی کوڕەکەی چاک بکاتەوە، چونکە نزیکی مردن بوو.
48 ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر ئێوە پەرجوو و کاری سەرسوڕهێنەر نەبینن هەرگیز باوەڕ ناهێنن.»
49 کاربەدەستەکەش پێی گوت: «گەورەم، پێش ئەوەی کوڕەکەم بمرێت، وەرە.»
50 عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ! کوڕەکەت دەژیێت.» پیاوەکە باوەڕی بەو قسەیە کرد کە عیسا پێی فەرموو و ڕۆیشت. 51 کە بە ڕێگاوە بوو کۆیلەکانی تووشی بوون و دەیانگوت کە کوڕەکەی زیندووە، 52 جا سەبارەت بەو کاتژمێرەی تێیدا چاکتر ببووەوە پرسیاری لێکردن، وەڵامیان دایەوە: «دوێنێ کاتژمێر یەکی[a] پاش نیوەڕۆ تایەکە بەریدا.»
53 باوکەکە زانی لەو کاتژمێرە بوو کە عیسا پێی فەرموو: «کوڕەکەت دەژیێت.» ئەوسا خۆی و خاووخێزانی هەموو باوەڕیان هێنا.
54 ئەمەش دووەم پەرجوو بوو کە عیسا کردی، کە لە یەهودیاوە هاتە جەلیل.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.