Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 35:1-10

زەبوورێکی داود.

35 ئەی یەزدان، ململانێی ئەوانە بکە کە ململانێم لەگەڵ دەکەن،
    لە دژی ئەوانە بجەنگە کە لە دژی من دەجەنگن.
سپەر[a] بپۆشە و قەڵغان هەڵبگرە،
    ڕاپەڕە و بگە فریام.
ڕم ئاراستە بکە و تەور هەڵبگرە
    لە دژی ئەوانەی ڕاوم دەنێن.
    بە گیانم بڵێ: «من ڕزگاریی تۆم.»

با ڕیسوا و شەرمەزار بن
    ئەوانەی هەوڵی کوشتنم دەدەن،
با بەرەو پاش ببنەوە و ڕیسوا بن
    ئەوانەی پیلان دادەنێن بۆ ڕاوکردنم.
با وەک کای بەر بایان لێ بێت،
    فریشتەی یەزدان ڕایانبماڵێت.
با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت،
    فریشتەی یەزدان ڕاویان بنێت.

لەبەر ئەوەی بەبێ هۆ داویان بۆ نامەوە،
    بەبێ هۆ چاڵیان بۆ هەڵکەندم،
با ماڵوێرانی لەناکاو بەسەریاندا بدات،
    با بەو داوەوە بن کە خۆیان ناویانەتەوە،
    با بکەونە ئەو ماڵوێرانییە.
ئەوسا گیانم بە یەزدان شاد دەبێت،
    بە ڕزگارییەکەی دڵخۆش دەبێت.
10 هەموو ئێسقانەکانم هاوار دەکەن:
    «ئەی یەزدان، کێ وەک تۆیە؟
تۆ داماو دەرباز دەکەیت لە دەست ئەوانەی کە لەو بەهێزترن،
    هەژار و نەبوون لە دەست ئەوانەی دەیانڕووتێننەوە.»

یەرمیا 29:1-14

نامەیەک بۆ ڕاپێچکراوان

29 ئەمە دەقی ئەو نامەیەیە کە یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ پاشماوەکانی نارد، پیر و کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل، هەموو ئەوانەی نەبوخودنەسر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردبوون، لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا و شاژنی دایکی و دەستوپێوەندەکانی و پیاوە گەورەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم، هەروەها پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی ئۆرشەلیم. سدقیای پاشای یەهودا ئەلعاسای کوڕی شافان و گەمەریای کوڕی حیلقیای ناردە لای نەبوخودنەسری پاشای بابل. یەرمیاش نامەیەکی پێدا ناردن بۆ بابل و تێیدا گوتی:

یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل بە هەموو ئەوانە دەفەرموێت کە لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردن: «خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و بەروبوومی بخۆن. ژن بهێنن با کوڕ و کچتان ببێت؛ ژن بۆ کوڕتان بهێنن و کچتان بە مێرد بدەن، با ئەوانیش کوڕ و کچیان ببێت و لەوێ زۆر بن و کەم مەکەن. داوای ئاشتی و گەشەسەندن بکەن بۆ ئەو شارەی ئێوەم بۆ ئەوێ ڕاپێچ کردووە؛ نوێژ بکەن بۆ یەزدان لە پێناوی، چونکە بە گەشەسەندنی ئەو ئێوەش گەشە دەکەن.» چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «با پێغەمبەر و فاڵگرەوەکان کە لەنێوتانن هەڵتاننەخەڵەتێنن و گوێ لە خەونەکانیان مەگرن کە بۆ ئێوەی دەبینن. ئەوان بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن. من ئەوانم نەناردووە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

10 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: کاتێک حەفتا ساڵ لە بابل تەواو دەبێت، بەسەرتان دەکەمەوە و بەڵێنە باشەکەم سەبارەت بە ئێوە دەهێنمە دی، دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەم شوێنە. 11 خۆم ئەو پلانە دەزانم کە بۆ ئێوەم داڕشتووە، پلان بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئێوە نەک بۆ زیانتان، بۆ ئەوەی دواڕۆژ و هیواتان بدەمێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 12 «جا لێم دەپاڕێنەوە و دێن و نوێژم بۆ دەکەن، منیش گوێتان لێ دەگرم. 13 ڕووتان لە من دەکەن و بۆتان دەردەکەوم، کاتێک بە هەموو دڵتانەوە ڕووتان لێم دەکەن. 14 کاتێک بۆتان دەردەکەوم، ڕاپێچکراوەکانتان دەگەڕێنمەوە و بەختیاریتان نوێ دەکەمەوە. لەناو هەموو ئەو نەتەوانە و ئەو شوێنانە کۆتان دەکەمەوە کە بۆ ئەوێ دەرمکردبوون. دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە ڕاپێچم کردن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

مەرقۆس 5:1-20

دەرکردنی ڕۆحی پیس

ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین. کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، یەکسەر لەناو گۆڕستان پیاوێکی تووشبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، لەناو گۆڕستاندا دەژیا، کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە، تەنانەت بە زنجیریش. زۆر جار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپچڕاند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت. شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد.

کاتێک لە دوورەوە عیسای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا، ئەشکەنجەم مەدە!» چونکە عیسا پێی فەرمووبوو: «ئەی ڕۆحی پیس، لە پیاوەکە وەرە دەرەوە!»

ئینجا لێی پرسی: «ناوت چییە؟»

پێی گوت: «ناوم لێگیۆنە[a]، چونکە ئێمە زۆرین.» 10 زۆریش لە عیسا پاڕایەوە نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە.

11 لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە قەد شاخەکە دەلەوەڕان، 12 ڕۆحە پیسەکان لە عیسا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان، با بچینە ناویان.» 13 ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا ڕانەکە کە نزیکەی دوو هەزار دەبوون، بە خێرایی لە قەراغی شاخەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.

14 بەرازەوانەکان ڕایانکرد، هەواڵیان دا بە شار و کێڵگەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ببینن چی ڕوویداوە. 15 هاتنە لای عیسا، بینییان ئەوەی لەشکرێک ڕۆحی پیسی تێدابوو، دانیشتووە و پۆشتەیە و ئاقڵە، جا ترسان. 16 ئەوانەش کە بینیبوویان چی بەسەر بەرازەکان و کەسەکە هات کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، ڕووداوەکەیان بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە. 17 ئیتر دەستیان بە پاڕانەوە کرد لە عیسا تاکو لە ناوچەکەیان بڕوات.

18 کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەوەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بێت. 19 ڕێگای نەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بڕۆ ناو ماڵ و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆت کردووە و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە.» 20 جا ڕۆیشت و لە دە شارەکە[b] دەستی بە جاڕدانی هەموو ئەوە کرد کە عیسا بۆی کردبوو. هەموو سەرسام بوون.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.