Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
147 هەلیلویا!
چەندە باشە مۆسیقا ژەنین بۆ خودامان!
ستایشکردن چەندە خۆشە و شیاوە!
2 یەزدان ئۆرشەلیم بنیاد دەنێتەوە،
ڕاپێچکراوەکانی[a] ئیسرائیل کۆدەکاتەوە.
3 دڵشکاوان چاک دەکاتەوە و
برینیان ساڕێژ دەکات.
4 ژمارەی ئەستێرەکان دیاری دەکات و
هەریەکەیان بە ناوێک بانگ دەکات.
5 پەروەردگارمان گەورەیە و هێزی زۆرە،
تێگەیشتنی بێ سنوورە.
6 یەزدان یارمەتی بێفیزەکان دەدات و
بەدکاران بەرەو زەوی نزم دەکاتەوە.
7 بە سوپاسەوە گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
بە قیسارە مۆسیقا بۆ خودامان بژەنن.
8 ئەوەی ئاسمان بە هەور دادەپۆشێت،
باران بۆ زەوی ئامادە دەکات،
گیا لەسەر چیاکان دەڕوێنێت،
9 خۆراکی ئاژەڵ و
بێچووە قەلەڕەشی دەم بە قیڕە دەدات.
10 یەزدان بە هێزی ئەسپ خۆشحاڵ نابێت،
بە قاچی مرۆڤ دڵشاد نییە،
11 بەڵام یەزدان بەوانە دڵشادە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،
ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەیە.
20 ئەمەی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکردووە،
حوکمەکانی ئەویان نەزانیوە.
هەلیلویا!
36 دیسان ئەلیهو گوتی:
2 «تۆزێک ئارامم لەگەڵ بگرە جا پێتی نیشان دەدەم
کە هێشتا قسە هەیە لەبەر خودا بگوترێت.
3 زانینم لە دوورەوە هەڵدەگرم و
ڕاستودروستی دەدەمە پاڵ دروستکەرەکەم.
4 بەڕاستی قسەکانم درۆ نین،
ئەو کەسەی زانیاری تەواوە لەلای تۆیە.
5 «خودا مەزنە و بە چاوی سووک تەماشای کەس ناکات،
گەورەیە و ئامانجەکەی چەسپاوە.
6 خراپەکار ناژیێنێت و
مافی زەلیلان دەدات.
7 چاوەکانی لەسەر کەسی ڕاستودروست لا نادات،
بەڵکو لەگەڵ پاشایان لەسەر تەخت دایاندەنیشێنێت و
هەتاسەر پایەداریان دەکات.
8 ئەگەر بە زنجیر ببەسترێنەوە،
ئەگەر بە پەتی زەلیلی ببردرێن،
9 کردەوە و یاخیبوونەکانی خۆیانیان بۆ دەردەخات،
چونکە لووتبەرز بوون.
10 گوێیەکانیان بۆ ئاگادارکردنەوە دەکاتەوە و
فەرمانیان پێ دەکات لە خراپەکانیان تۆبە بکەن.
11 ئەگەر گوێ بگرن و بیپەرستن،
ڕۆژگاریان بە باشە و
ساڵانیان بە خۆشی بەسەردەبەن.
12 ئەگەر گوێش نەگرن،
بە شمشێر لەناودەچن و
بە نەزانی دەمرن.
13 «خوانەناسان تووڕەیی کۆدەکەنەوە،
هاواری فریاکەوتن ناکەن کە بیانبەستێتەوە.
14 لەنێو پیاوە لەشفرۆشەکانی نزرگەکان
لە گەنجیێتیدا دەمرن.
15 بەڵام فریای کڵۆڵ دەکەوێت لە زەلیلییەکەی و
لە کاتی تەنگانە گوێیان دەکاتەوە.
16 «هەروەها لە ڕووی تەنگانە پاڵت پێوە دەنێت
بەرەو شوێنێکی پانوبەرین و بێ بەربەست و
سەر خوانەکەت پڕ دەبێت لە خواردنی بەتام.
17 بەڵام ئێستا ئەو حوکمدانەی کە بۆ خراپەکارە بەسەر تۆدا درا،
حوکمدان و دادپەروەری دەتگرن.
18 ئاگاداربە دەوڵەمەندی پەلکێشت نەکات،
زۆری بەرتیل بەڕەڵات ناکات.
19 ئایا دەوڵەمەندیت بۆ فریاکەوتن
لە تەنگانە دەتپارێزێت
یان هەموو ئەو کۆششکردنە لە تواناتدایە؟
20 تامەزرۆی شەو مەبە،
هەتا خەڵک لە ماڵەکانیان ڕابکێشیت.
21 ئاگاداربە! ئاوڕ لە خراپە مەدەوە،
چونکە ئەمەت هەڵبژارد نەک زەلیلی.
22 «خودا بە توانای خۆی پایەبەرزە.
کێ وەک ئەو مامۆستایە؟
23 کێ ڕێگای ئەوی بەسەردا سەپاندووە؟
یان کێ پێی دەڵێت: ”خراپەت کردووە؟“
سنووری سەربەستی
9 ئایا سەربەست نیم؟ ئایا نێردراو نیم؟ ئایا عیسای گەورەمانم نەبینیوە؟ ئایا ئێوە بەهۆی یەزدانەوە ئەنجامی کاری من نین؟ 2 ئەگەر هاتوو بۆ خەڵکی دیکە نێردراو نەبم، ئەوا بۆ ئێوە نێردراوم، چونکە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح بەڵگەیە کە من نێردراوم.
3 بۆ ئەوانەی دادوەریم دەکەن ئەمەیە بەرگریم: 4 ئایا مافی خواردن و خواردنەوەمان نییە؟ 5 ئایا مافمان نییە خانمێکی باوەڕدار بکەینە هاوسەر و هاوڕێمان لە گەشتەکانماندا، وەک نێردراوانی دیکە و براکانی مەسیح و پەترۆس[a]؟ 6 یاخود تەنها من و بەرناباس ئەو مافەمان نییە، دەبێت هەر ئیش بکەین؟
7 کێ هەبووە بە خەرجی خۆی سەربازی کردبێت؟ کێ ڕەزێک دەچێنێت و لە بەروبوومەکەی ناخوات؟ یان کێ شوانایەتی مێگەلێک دەکات و لە شیرەکەی ناخوات؟ 8 ئەم قسانە وەک مرۆڤ دەکەم؟ ئایا تەوراتیش ئەمانە ناڵێت؟ 9 چونکە لە تەوراتی موسا نووسراوە: [لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە.][b] ئایا خودا بایەخ بە گا دەدات؟ 10 بێگومان لە پێناو ئێمە وای فەرمووە، مەگەر نە؟ بەڵێ، لە پێناوی ئێمەدا نووسراوە، چونکە ئەوەی دەکێڵێت پێویستە بە هیواوە بکێڵێت، ئەوەی گێرە دەکات بەو هیوایە دەیکات کە بەشی لە بەرهەمەکەدا هەبێت. 11 ئەگەر ئێمە شتی ڕۆحیمان بۆتان چاندووە، ئایا زۆرە ئەگەر شتی ماددی لە ئێوە بدروینەوە؟ 12 ئەگەر خەڵکی دیکە مافی پشتگیرییان[c] لەسەرتانە، ئایا ئێمە لەپێشتر نین؟
بەڵام ئەم مافەمان بەکارنەهێنا، بەڵکو بەرگەی هەموو شتێک دەگرین، نەوەک کۆسپ دابنێین بۆ مزگێنی مەسیح. 13 ئایا نازانن ئەوانەی خزمەتی پەرستگا دەکەن لە شتەکانی پەرستگا دەخۆن، ئەوانەی خزمەتی قوربانگاش دەکەن لە قوربانگادا بەشدارن؟ 14 بە هەمان شێوە مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمانی داوە، ئەوانەی کە مزگێنی ڕادەگەیەنن گوزەرانیان لەسەر مزگێنییە.
15 بەڵام شتێکم لەمە بەکارنەهێناوە. منیش ئەوانە نانووسم، تاکو بۆ من ئاوا بێت، چونکە مردنم باشترە لەوەی یەکێک شانازیم پووچەڵ بکاتەوە. 16 ئەگەر مزگێنی بدەم شانازیم نییە، لەبەر ئەوەی پێویستە و خراوەتە ئەستۆم. قوڕبەسەرم ئەگەر مزگێنی نەدەم!
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.