Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
110 یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
«لە دەستەڕاستم دابنیشە،
هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ[a] بۆ پێیەکانت.»
2 یەزدان لە سییۆنەوە هێز و دەسەڵاتەکەت فراوان دەکات،
لەناو دوژمنەکانت فەرمانڕەوایەتی دەکەیت.
3 گەلەکەت لە ڕۆژی هێزت خۆیان پێشکەش دەکەن،
بە ئاراییشتێکی پیرۆزەوە لە منداڵدانی بەرەبەیانەوە،
تۆ شەونم لە گەنجییەتیت وەردەگریت.
4 یەزدان سوێندی خواردووە و بڕیاری ناگۆڕێت:
«هەتاهەتایە تۆ کاهینیت لە پلەی مەلکیسادق[b].»
7 موساش هات و هەموو پیرانی گەلی بانگکرد و هەموو ئەو وشانەی لەبەردەمیان دانا کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو. 8 هەموو گەلیش پێکەوە وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەوەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین.» موساش قسەکانی گەلی بۆ یەزدان گێڕایەوە.
9 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە چڕی هەوردا دێمە لات، بۆ ئەوەی گەل گوێی لێبێت کاتێک لەگەڵت دەدوێم و هەتاهەتایە باوەڕت پێ بکەن.» موساش وتەکانی گەلی بە یەزدان ڕاگەیاند.
10 هەروەها یەزدان بە موسای فەرمووی: «بڕۆ لای گەل و ئەمڕۆ و بەیانی تەرخانیان بکە. با جلەکانیان بشۆن و 11 ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، چونکە لە ڕۆژی سێیەم یەزدان لەبەرچاوی هەموو گەل دێتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا. 12 بە چواردەوری کێوەکەدا سنوور بۆ گەل دادەنێیت و دەڵێیت: ”ئاگاداری خۆتان بن، بەسەر کێوەکە مەکەون و دەست لە لێوارەکەی مەدەن، چونکە هەرکەسێک دەست لە کێوەکە بدات دەبێت بکوژرێت. 13 ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ، نابێت بژیێت، دەبێت بەردباران یان تیرباران بکرێت، بەبێ ئەوەی کەس دەستی پێی بکەوێت.“ بەڵام لە کاتی فووکردنێکی بەهێز بە کەڕەنادا[a]، ئەوان لە کێوەکە نزیک دەبنەوە.»
14 موساش لە کێوەکە هاتە خوارەوە بۆ لای گەل و تەرخانی کردن، ئەوانیش جلەکانیان شوشت. 15 بە گەلی گوت: «ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، لە ئافرەت نزیک مەکەونەوە.»
16 ئەوە بوو سەر لە بەیانی ڕۆژی سێیەم، بووە هەورەتریشقە و بروسک و تەمێکی چڕ لەسەر کێوەکە، دەنگی کەڕەنا زۆر بەرزبووەوە، هەموو گەل ئەوانەی لە ئۆردوگاکە بوون کەوتنە لەرزین. 17 ئینجا موسا گەلی لە ئۆردوگاکەوە دەرهێنا بۆ دیداری خودا، جا لە خوارەوەی کێوەکە وەستان. 18 هەموو شاخی سیناش دووکەڵی دەکرد لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگرەوە هاتە خوارەوە بۆ سەری و دووکەڵیش وەک دووکەڵی کوورە بەرزبووەوە و هەموو کێوەکەش بە توندی لەرزی. 19 دەنگی کەڕەناش جار لەدوای جار بەرزتر دەبوو. موسا دەدوا و خوداش بە دەنگ وەڵامی دەدایەوە.
20 یەزدان هاتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا و موسای بۆ سەری کێوەکە بانگکرد. موساش سەرکەوت. 21 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ خوارەوە و گەل ئاگادار بکەرەوە، نەوەک پێشێلی بکەن بۆ بینینی یەزدان و زۆریان لەناوبچن. 22 هەروەها ئەو کاهینانەش کە لە یەزدان نزیک دەبنەوە، با خۆیان تەرخان بکەن، نەوەک یەزدان بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»
23 موساش بە یەزدانی گوت: «گەل ناتوانێت بۆ شاخی سینا سەربکەوێت، چونکە تۆ ئاگادارت کردینەوە و فەرمووت: ”سنوور بۆ کێو دابنێ و تەرخانی بکە.“»
24 یەزدانیش پێی فەرموو: «بڕۆ خوارەوە، پاشان لەگەڵ هارون سەربکەوە، بەڵام کاهینەکان و گەل با پێشێلی نەکەن بۆ سەرکەوتن بۆ لای یەزدان، نەوەک بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»
25 ئیتر موسا بۆ لای گەل چووە خوارەوە و پێی گوتن.
پشتگوێ نەخستنی ڕزگاری
2 لەبەر ئەمە دەبێ وریاتر بین لەوەی بیستمان، نەوەک لێی لابدەین، 2 چونکە ئەگەر پابەند بوون بەو پەیامەی کە لە ڕێگەی فریشتەکانەوە گوترا، کە هەموو دەستدرێژی و سەرپێچییەک سزای دادپەروەرانەی وەرگرتووە، 3 ئەوا ئێمە چۆن دەتوانین لەو سزایە هەڵبێین، کە ڕزگارییەکی ئەوەندە گەورەی وەک ئەمە پشتگوێ بخەین؟ ئەوەی یەکەم جار بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە گوترا و لەلایەن ئەوانەی بیستیان بۆمان پشتڕاست کرایەوە، 4 خوداش بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجووی جۆراوجۆر شایەتی بۆ ئەم ڕزگارییە دا، هەروەها بەو بەهرانەی ڕۆحی پیرۆز کە بەگوێرەی خواستی خۆی دابەشی کردوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.