Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا.[a]
30 ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم،
چونکە هەڵتکێشام و
نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
2 ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا،
تۆش چاکت کردمەوە.
3 ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە،
منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.
4 ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
5 چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە،
بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە.
ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت،
بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.
6 کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم:
«هەرگیز نالەقێم.»
7 ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت،
منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند،
بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە،
پەرێشان بووم.
8 ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا،
من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
9 «مەرگی من سوودی چی تێدایە،
ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟
ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟
ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
10 ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە!
ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!»
11 تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی،
جلوبەرگی گوشت[b] لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
12 بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت.
ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.
ڕێنمایی دەربارەی نەخۆشی پێست
13 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 2 «ئەگەر کەسێک ئاوسانێک، یان لیرێک یان لەکەیەکی بریقەدار لەسەر پێستی لەشی هەبوو، کە گومانی نەخۆشی گواستراوەی پێستی[a] لێ بکرێت، ئەوا ئەو کەسە دەهێنرێتە لای هارونی کاهین، یان یەکێک لە کوڕە کاهینەکانی. 3 ئەگەر کاهینەکە پشکنی زامەکە لە پێستی لەشە و ئەو مووانەی لەناو زامەکەن سپین و زامەکە لە پێستی لەش قووڵترە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. کاتێک کاهینەکە پشکنی، بەپێی ڕێوڕەسم ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. 4 بەڵام ئەگەر لەکەیەکی بریقەداری سپی بوو لە پێستی لەش و لە پێست قووڵتر نەبوو و ئەو مووانەی لەناو لەکەکەن سپی نەببوون، ئەوا کاهینەکە کەسی تووشبوو حەوت ڕۆژ لە خەڵک جیای دەکاتەوە. 5 ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی زامەکە وەک خۆیەتی و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژی دیکەش جیای دەکاتەوە. 6 ئەگەر کاهینەکە دووبارە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینییەوە و زامەکە کاڵ بووەتەوە و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، واتە ئەوە لیرە. ئەو کەسە جلەکانی دەشوات و پاک دەبێت. 7 بەڵام ئەگەر لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کرد لەدوای ئەوەی پیشانی کاهینەکە درا بۆ پاککردنەوەی، دەبێت دیسان پیشانی کاهینەکە بدرێتەوە. 8 ئەگەر کاهینەکە پشکنی لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کەسە گڵاو بووە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە.
9 «ئەگەر کەسێک نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوا دەهێنرێتە لای کاهین. 10 ئەگەر کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی ئاوسانێکی سپی لە پێست هەیە و مووی سپی کردووە و لە شوێنی ئاوسانەکە گۆشتی ڕووت بە دەرەوەیە، 11 ئەوا نەخۆشی پێستی درێژخایەنە لە پێستی لەشی، ئیتر کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، دوورەپەرێزی ناکات، چونکە گڵاوە.
12 «بەڵام ئەگەر نەخۆشییەکە تەشەنەی کردبێت و هەموو پێستی داگرتبوو، لە سەرییەوە هەتا پێیەکانی، بەگوێرەی هەموو ئەوەی چاوی کاهینەکە دەیبینێت، 13 کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی وا نەخۆشییەکە هەموو لەشی داگرتووە، ئەوا ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، لەو کاتەوە هەمووی سپی بووە، ئەوە پاکە. 14 بەڵام هەر کاتێک گۆشتی ڕووتی تێدا بینی، ئەوا گڵاو دەبێت. 15 کاتێک کاهینەکە گۆشتە ڕووتەکەی بینی، ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. گۆشتی ڕووت گڵاوە، ئەوا کەسەکە نەخۆشییەکی گواستراوەی هەیە. 16 ئەگەر گۆشتە ڕووتەکە جارێکی دیکە سپی بووبێتەوە، ئەوا دێتەوە لای کاهینەکە. 17 ئینجا کە کاهینەکە پشکنی وا شوێنە تووشبووەکە سپی بووە، کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، ئەوا کەسەکە پاکە.
7 کەواتە بەرگەی تەمبێکردن بگرن، خوداش وەک ڕۆڵەی خۆی لەگەڵتان دەجوڵێتەوە. چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟ 8 ئەگەر بێتو خودا تەمبێتان نەکات وەک هەموو منداڵەکانی دیکەی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ ئێوە زۆڵن و منداڵی ئەو نین. 9 سەرەڕای ئەمە، باوکی مرۆڤانەمان هەیە کە تەمبێی کردووین و ڕێزی ئەومان گرتووە. ئەی چەند زیاتر ملکەچی باوکی ڕۆحیمان بین، بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەستبهێنین؟ 10 چونکە باوکانمان بۆ ماوەیەک ئەوەندەی بە باشیان زانیوە تەمبێیان کردووین، بەڵام خودا بۆ سوودی ئێمەیە تەمبێمان دەکات، تاکو بەشداری پیرۆزییەکەی بکەین. 11 هەموو تەمبێکردنێک لە کاتی خۆیدا ئازاربەخشە و خۆش نییە، بەڵام دواتر بەروبوومی ئاشتییانەی ڕاستودروستی دەگرێت بۆ ئەوانەی پێی ڕاهێنراون.
12 کەواتە دەستە لاوازبووەکان و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بەهێز بکەن، 13 [ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە،][a] تاکو شەل پێی لەجێ نەچێت، بەڵکو چاک بێتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.