Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا.[a]
30 ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم،
چونکە هەڵتکێشام و
نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
2 ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا،
تۆش چاکت کردمەوە.
3 ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە،
منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.
4 ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
5 چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە،
بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە.
ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت،
بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.
6 کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم:
«هەرگیز نالەقێم.»
7 ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت،
منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند،
بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە،
پەرێشان بووم.
8 ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا،
من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
9 «مەرگی من سوودی چی تێدایە،
ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟
ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟
ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
10 ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە!
ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!»
11 تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی،
جلوبەرگی گوشت[b] لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
12 بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت.
ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.
21 «بەڵام ئەگەر هەژار و دەستکورت بوو، ئەوا یەک بەرخی نێر دەبات وەک قوربانی تاوان ڕادەوەشێنرێت، بۆ کەفارەتکردن بۆی، لەگەڵ دەیەکێکی ئێفەیەک[a] لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و لۆگێک زەیت، 22 هەروەها دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، بەپێی توانای دەستی، جا یەکێکیان دەبێتە قوربانی گوناه و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن.
23 «لە ڕۆژی هەشتەمدا دەیهێنێتە لای کاهینەکە بۆ پاکبوونەوەی، بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان. 24 جا کاهینەکە بەرخەکەی بۆ قوربانی تاوان و لۆگە زەیتەکە دەبات و لەبەردەم یەزدان بەرزی دەکاتەوە وەک قوربانی بەرزکردنەوە. 25 ئینجا بەرخەکە بۆ قوربانی تاوان سەردەبڕێت و کاهینەکە لە خوێنی قوربانییەکەی تاوان لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە. 26 ئینجا کاهینەکە هەندێک لە زەیتەکە لەناو لەپی دەستی چەپی خۆی دەکات، 27 کاهینەکە بە پەنجەیەکی دەستە ڕاستی لەو زەیتەی لە لەپی دەستی چەپیدایە حەوت جار لەبەردەم یەزدان دەیپرژێنێت. 28 هەروەها کاهینەکە لەو زەیتەی لەناو لەپیەتی، لە شلکەی گوێی ڕاست و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە، لە شوێنی خوێنەکەی قوربانی تاوان. 29 ئەوەی دەمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی کاهینەکە، بەسەر سەری ئەو کەسەی دادەکات کە پاک دەبێتەوە بۆ کەفارەتکردن بۆی لەبەردەم یەزدان. 30 ئینجا یەکێک لە دوو کوکوختییەکە یان یەکێک لە دوو بێچووە کۆترەکان، ئەوەی لە توانای دەستییەتی، 31 یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکە قوربانی سووتاندن لەگەڵ پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵە، کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەت بۆ ئەو کەسە دەکات کە پاک دەبێتەوە.»
32 ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو کەسەی نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوەی دەستکورت بێت بۆ پاکبوونەوەکەی.
ئامادەکردنی عیسا بۆ ناشتنی
6 کاتێک عیسا لە گوندی بێتعەنیا لە ماڵی شیمۆنە گول بوو، 7 ژنێک بە بوتڵێکی ئەلەباستەریی[a] بۆنی گرانبەهاوە بۆ لای هات و بۆنەکەی بەسەریدا ڕژاند کە لەسەر خوان بوو.
8 کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، تووڕە بوون و گوتیان: «ئەم دەست بڵاوییەی بۆ چییە؟ 9 دەتوانرا ئەو بۆنە بە نرخێکی گران بفرۆشرایە و بدرایە بە هەژاران.»
10 عیسا زانی و پێی فەرموون: «بۆچی گرفت بۆ ژنەکە دەنێنەوە؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد. 11 هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم. 12 کاتێک ئەو ئەم بۆنەی بەسەر لەشمدا ڕژاند، بۆ ئامادەکردنم بۆ ناشتن ئەمەی کرد. 13 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.