Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 52:7-10

چەند جوانە لەسەر چیاکان
    پێیەکانی مزگێنیدەران،
ڕاگەیەنەری ئاشتی،
    مزگێنیدەری خۆشی،
    ڕاگەیەنەری ڕزگاری،
ئەوانەی بە سییۆن دەڵێن:
    «خودات پاشایەتی دەکات!»
گوێ بگرە! ئێشکگرەکانت دەنگیان هەڵدەبڕن،
    پێکەوە هاواری خۆشی دەکەن،
بە چاوی خۆیان دەبینن
    کاتێک یەزدان دەگەڕێتەوە بۆ سییۆن.
ئەی کەلاوەکانی ئۆرشەلیم،
    پێکەوە بە خۆشی گۆرانی بڵێن،
چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلەکەی خۆی دەکات،
    بێگومان ئۆرشەلیم دەکڕێتەوە.
10 یەزدان بازووی پیرۆزی خۆی هەڵدەکات
    لەبەرچاوی هەموو نەتەوەکان،
هەر چوار لای زەویش
    ڕزگاریی خودای ئێمە دەبینن.

زەبوورەکان 98

زەبوورێک

98 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ،
    چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە.
دەستە ڕاست و بازووی پیرۆزی،
    سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە.
یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند،
    ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی،
    بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا،
    ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی.

ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان،
    بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن.
بە قیسارە مۆسیقای بۆ یەزدان بژەنن،
    بە قیسارە و دەنگی گۆرانی.
بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا،
    هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا.

با دەریا و هەرچی تێیدایە،
    با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن.
با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و
هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن،     لەبەردەم یەزدان،
چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
    بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
    گەلانیش بە دادپەروەری.

عیبرانییەکان 1:1-4

پایەبەرزی عیسای مەسیح

لە سەردەمانی کۆنەوە خودا زۆر جار و بە ڕێگای جۆراوجۆر لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە لەگەڵ باوباپیراندا دواوە، بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا لە ڕێگەی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا، ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە. کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی[a]، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی، لەدوای ئەوەی پاکسازیی بۆ گوناه کرد لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت. بەم شێوەیە کوڕەکە لە فریشتەکان پایەبەرزتر بوو، بەو ئەندازەیەی ناوێکی بە میرات بۆ مایەوە زۆر لەوان شکۆدارتر.

عیبرانییەکان 1:5-12

ئایا خودا چ جارێک بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە:

[تۆ کوڕی منی،
    من ئەمڕۆ بوومە باوکت][a]؟

هەروەها:

[من دەبمە باوکی ئەو و
    ئەویش دەبێتە کوڕی من][b]؟

دیسان کاتێک خودا نۆبەرەکەی دەهێنێتە جیهانەوە، دەفەرموێت:

[با هەموو فریشتەی خودا کڕنۆشی بۆ ببەن.][c]

لەبارەی فریشتەش دەفەرموێ:

[خودا وا لە فریشتەکانی دەکات وەک با بن،
    خزمەتکارەکانیشی وەک بڵێسەی ئاگر.][d]

بەڵام لەبارەی کوڕەکە:

[ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،
    گۆچانی شانشینیت گۆچانی دادپەروەرییە.
تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپە بووەوە،
    بۆیە خودا، خودای خۆت لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،
    بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی[e] کردیت.][f]

10 هەروەها:

[تۆ یەزدان، لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا،
    ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.
11 ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت،
    هەموو وەک کراس کۆن دەبن.
12 وەک کەوا دەیپێچیتەوە، وەک بەرگی کۆن دەگۆڕدرێن،
    بەڵام تۆ هەروەک خۆتی، ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.][g]

یۆحەنا 1:1-14

وشەی خودا

لە سەرەتادا، وشەکە[a] هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو. ئەو لە سەرەتاوە لەلای خودا بوو. هەموو شتێک بەو بەدیهاتووە، بێ ئەو هیچ شتێک بەدی نەهاتووە لەوانەی کە بەدیهاتوون. وشەکە سەرچاوەی ژیان بوو، ژیانەکەش ڕووناکی مرۆڤ بوو، ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و تاریکییەکە بەسەریدا زاڵ نەبووە[b].

مرۆڤێک هات کە خودا ناردبووی، ناوی یەحیا بوو. ئەو بۆ شایەتی هات، تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات، بۆ ئەوەی هەمووان لە ڕێگەی ئەوەوە باوەڕ بهێنن. ئەو ڕووناکییەکە نەبوو، بەڵکو هات تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات. ئەو ڕووناکییە ڕاستەقینەیەی کە بەسەر هەموو مرۆڤێکدا دەدرەوشێتەوە، دەهاتە جیهان.

10 ئەو لە جیهاندا بوو، جیهانیش بەو بەدیهات، کەچی جیهان نەیناسی. 11 ئەو بۆ لای گەلەکەی هات بەڵام ئەوان پێشوازییان لێ نەکرد. 12 لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی پێشوازییان لێکرد، ئەوانەی باوەڕیان بە ناوی هێنا، مافی پێدان ببنە ڕۆڵەی خودا، 13 ئەوانەی نە بە سروشت لەدایک بوون، نە بە خواستی مرۆڤ، نە بە ویستی پیاویش، بەڵکو لە خوداوە لەدایک بوون[c].

14 وشەکەش بوو بە مرۆڤ و لەنێوانماندا نیشتەجێ بوو. شکۆی ئەومان بینی، وەک شکۆی تاقانەیەک لە باوکەوە، پڕ لە نیعمەت[d] و ڕاستی.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.