Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
124 «ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،»
با ئێستا ئیسرائیل بڵێت،
2 «ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،
کاتێک خەڵک لێمان هەستان،
3 ئەوا بە زیندوویی قووتیان دەداین،
کاتێک قینیان لە دژمان جۆشا،
4 ئەوا لافاو ڕایدەماڵین،
لێشاو بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی،
5 ئەوا ئاوی هەڵچوو
بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی.»
6 ستایش بۆ یەزدان،
کە ئێمەی نەکردە نێچیری بەر کەڵبەیان.
7 گیانمان وەک چۆلەکە لە داوی ڕاوچی دەربازبوو،
داوەکە پسا و ئێمە دەربازبووین.
8 هانامان بە ناوی یەزدانەوەیە،
دروستکەری ئاسمان و زەوی.
پەیمانی خودا لەگەڵ نوح و نەوەی دواییدا
9 ئیتر خودا نوح و کوڕەکانی بەرەکەتدار کرد، پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن. 2 با ئێوە ترس و سامتان هەبێت لەسەر هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و لەسەر هەموو ئەو ئاژەڵانەی کە لەسەر زەوی دەجوڵێنەوە، هەروەها لەسەر هەموو ماسییەکانی دەریاش، ئەوان خراونەتە بەردەستی ئێوە. 3 هەموو ئەوانەی گیاندارن و دەبزوێن دەبنە خۆراک بۆتان: هەروەک چۆن ڕووەکی سەوزم پێداون، ئێستا هەموو شتێکتان دەدەمێ.
4 «بەڵام نابێت گۆشتێک بخۆن کە هێشتا زیندووە، واتە کە خوێنی[a] تێدابێت. 5 بۆ خوێنی ژیانتان، بێگومان لێپرسینەوە دەکەم، بەهۆی هەر گیاندارێکەوە بێت لێپرسینەوە دەکەم. هەروەها بە دەستی مرۆڤ لەسەر گیانی مرۆڤی برای لێپرسینەوە دەکەم.
6 «هەرکەسێک خوێنی مرۆڤ بڕێژێت،
بە دەستی مرۆڤ خوێنی دەڕێژرێتەوە،
چونکە خودا لەسەر وێنەی خۆی
مرۆڤی دروستکردووە.
7 ئێوەش بەردار بن و زۆر بن، زەوی پڕ بکەن و تێیدا زۆر بن.»
8 خودا بە نوح و بە کوڕەکانی فەرموو کە لەگەڵیدا بوون: 9 «من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە و نەوەی دوای ئێوەدا دەچەسپێنم، 10 لەگەڵ هەموو ئەو گیاندارانەی کە لەگەڵ ئێوەن، باڵندە و ئاژەڵە ماڵییەکان و هەموو ئاژەڵە کێوییەکان، هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان و لە کەشتییەکە هاتوونەتە دەرەوە، هەروەها هەرچی گیانداری سەر زەویش هەیە. 11 من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە دەچەسپێنم، هەرگیز جارێکی دیکە، هەموو گیانلەبەران بە ئاوی لافاو لەناو ناچن، هەرگیز جارێکی دیکە لافاو وا نابێت زەوی بە تەواوی وێران بکات.»
12 ئینجا خودا فەرمووی: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان دەیبەستم، پەیمانێکە بۆ هەموو نەوەکانی داهاتوو. 13 وا پەلکەزێڕینەی خۆمم لەناو هەورەکاندا داناوە، ئەوەش دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و زەوی. 14 ئینجا هەرکاتێک هەورم بەسەر زەویدا هێنا و پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا دەرکەوت، 15 من پەیوەست دەبم بە پەیمانەکەم لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو گیانێکی زیندوو لە هەموو جۆرێک. هەرگیز جارێکی دیکە ئاو لافاوێکی وا دروستناکات کە هەموو ژیانێک لەناو ببات. 16 هەرکاتێک پەلکەزێڕینە لە هەورەکان بێت، دەیبینم و من پەیوەست دەبم بە پەیمانە هەتاهەتاییەکە، کە لەنێوان خودا و هەموو گیانێکی زیندووە لە هەموو جۆرێک کە لەسەر زەوین.»
17 ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە کە لەنێوان خۆم و هەموو ژیانێک کە لەسەر زەویدایە چەسپاندم.»
32 چی دیکەش بڵێم؟ کاتم نییە باسی گدعۆن و باراک و شەمشون و یەفتاح و داود و ساموئێل و پێغەمبەران بکەم، 33 کە بە باوەڕ پاشایەتییەکانیان بەزاند، دادپەروەرییان هێنایە کایەوە، بەڵێنەکەیان بۆ هاتە دی، دەمی شێریان داخست، 34 هێزی ئاگریان کوژاندەوە، لە تیخی شمشێر ڕایانکرد، لە لاوازیدا بەهێزبوون، لە شەڕدا توند بوون، لەشکری بێگانەیان گەڕاندەوە. 35 هەندێک ژن مردووەکانیان بە هەستانەوە وەرگرتەوە. بەڵام خەڵکی دیکە ئەشکەنجە دران و ڕزگارییان نەویست، تاکو هەستانەوەیەکی باشتریان دەستبکەوێت. 36 هەندێکی دیکە ڕووبەڕووی سووکایەتی و قامچی و کۆت و زیندان بوونەوە. 37 بەردباران کران، بە مشار لەت لەت کران، بە شمشێر کوژران. هەندێکیش بە پێستی مەڕ و بزن خۆیان داپۆشی، تووشی نەبوونی و چەوسانەوە و زەلیلی بوون. 38 جیهان شایانی ئەمان نەبوو. دەربەدەری بیابان و شاخ و ئەشکەوت و کون و کەلەبەری زەوی بوون.
39 هەموو ئەمانەش بەهۆی باوەڕیانەوە شایەتییان بۆ درا، بەڵام بەڵێنی خودایان دەست نەکەوت، 40 چونکە خودا پێشتر شتێکی باشتری بۆمان بینی، تاکو بێ ئێمە تەواو نەبن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.