Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
5 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و
هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت،
6 دروستکەری ئاسمان و زەوی و
دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە،
ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.
7 دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات،
نان دەداتە برسییەکان.
یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،
8 یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە،
یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە،
یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت.
9 یەزدان نامۆکان دەپارێزێت،
یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات،
بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.
10 یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات،
ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت.
هەلیلویا.
نوێژی حەنا
2 حەنا نوێژی کرد و گوتی:
«دڵم بە یەزدان شادە،
سەرم بە یەزدان بەرزە.
پێکەنینم بە دوژمنەکانم دێت،
لەبەر ئەوەی شادمانم بە ڕزگارییەکەت.
2 «کەس نییە پیرۆز وەک یەزدان،
بێجگە لە تۆ کەس نییە،
هیچ تاشەبەردێک نییە وەک خودامان.
3 «بە لووتبەرزی زۆرەوە مەدوێن،
با قسەی زل لە دەمتان دەرنەچێت،
چونکە یەزدان خودایەکی بەئاگایە،
ئەوە کارەکان هەڵدەسەنگێنێت.
4 «کەوانی پاڵەوانەکان تێکشکێنران و
شکستخواردووەکانیش هێزیان بەبەردا کرا.
5 تێرەکان خۆیان بەکرێ دا بۆ نان و
برسییەکانیش نانیان لەبەر مایەوە.
نەزۆک حەوت منداڵی بوو و
ئەوەی کوڕی زۆر بوو نائومێد بوو.
6 «یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە،
دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە.
7 یەزدان مرۆڤ هەژار و دەوڵەمەند دەکات،
نزم دەکاتەوە و بەرزیشی دەکاتەوە.
8 ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و
تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان.
«چونکە کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن
جیهانی لەسەر داناوە.
یەحیای لەئاوهەڵکێش
3 لە ساڵی پازدەمینی[a] حوکمڕانی تێباریۆس قەیسەر، کاتێک پیلاتۆسی پۆنتی فەرمانڕەوای یەهودیا بوو، هێرۆدسی ئەنتیپاس[b] فەرمانڕەوای[c] جەلیل بوو، فیلیپۆسی براشی فەرمانڕەوای ئیتۆریە و تەراخۆنیتس بوو، لیسانیۆس فەرمانڕەوای ئەبیلینە بوو، 2 لە سەردەمی سەرۆک کاهینیێتی حەنا و قەیافا، لە دەشتودەر پەیامی خودا بۆ یەحیای کوڕی زەکەریا هات. 3 ئیتر بە هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردوندا دەگەڕا، جاڕی لەئاوهەڵکێشانی[d] تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین. 4 وەک لە پێشبینییەکانی پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە:
[کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»
5 هەموو دۆڵێک پڕ دەبێتەوە و
هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت،
ڕێگا خواروخێچەکان ڕاست دەبنەوە و
سەختەکانیش ئاسان دەبن،
6 هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاریی خودا دەبینن!][e]
7 یەحیا بەو خەڵکانەی دەگوت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ 8 با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. بە خۆتان مەڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. 9 ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.»
10 خەڵکەکە پرسیاریان لێکرد: «کەواتە چی بکەین؟»
11 وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی، ئەوەش کە نانی هەیە، با هەمان شت بکات.»
12 باجگرانیش بۆ لەئاوهەڵکێشان هاتن، لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە چی بکەین؟»
13 پێی گوتن: «لەوەی بۆتان دانراوە زیاتر وەرمەگرن.» 14 سەربازانیش پرسیاریان لێکرد: «ئەی ئێمە چی بکەین؟»
یەحیاش وەڵامی دانەوە: «خاوە لە کەس وەرمەگرن و بوختان مەکەن، بە موچەکانتان ڕازی بن.»
15 گەل لە چاوەڕوانیدا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا دەربارەی یەحیا لێکیان دەدایەوە کە لەوانەیە یەحیا خۆی مەسیح بێت. 16 یەحیا وەڵامی هەمووانی دایەوە: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک دێت لە من بەتواناترە، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت[f]. 17 شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی[g]، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش[h] بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.» 18 بە زۆر شتی دیکەش ئامۆژگاری گەلی دەکرد و مژدەی دەدانێ.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.