Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 21

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

21 ئەی یەزدان، پاشا بە هێزی تۆ شادمان دەبێت.
    چەند دڵخۆشە بەو ڕزگارییەی پێت بەخشیوە!

ئارەزووی دڵیت پێ بەخشیوە و
    لە داواکارییەکانی زمانیت ڕانەگرتووە.[a]
بە بەرەکەتێکی زۆرەوە پێشوازیت لێکرد و
    تاجێکی زێڕی بێگەردت لە سەری کرد.
داوای ژیانی لێکردیت، پێت بەخشی،
    ڕۆژگاری درێژی هەتاهەتاییە.
بەو ڕزگارییەی کە پێت داوە، شکۆمەندییەکەی مەزنە،
    تۆ شکۆمەندی و پایەبەرزیت پێ بەخشیوە.
چونکە بەرەکەتێکی بێ کۆتاییت داوەتێ،
    بە خۆشی دیداری خۆت شادی دەکەیت.
چونکە پاشا پشت بە یەزدان دەبەستێت،
    بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودای هەرەبەرزە هەرگیز نالەقێت.

دەستت بەسەر هەموو دوژمنەکانتدا دەڕوات،
    دەستی ڕاستت بەسەر ناحەزانت.
کە دەردەکەویت وەک تەنوورێکی بڵێسەداریان لێ دەکەیت،
    لە تووڕەییدا یەزدان هەڵیاندەلووشێت،
    ئاگریش دەیانخوات.
10 ڕەچەڵەکیان لەسەر زەوی لەناودەبەیت،
    نەوەیان لەناو ئادەمیزاد.
11 هەرچەندە پیلانیان لە دژت دانا و
    بیریان لە خراپە کردەوە، سەرناکەون،
12 چونکە تۆ وایان لێ دەکەیت ڕابکەن،
    کاتێک بە تیروکەوان نیشانیان لێ دەگریت.

13 ئەی یەزدان، بە هێزی خۆت پایەبەرز بە،
    گۆرانی و ستایش بۆ توانای تۆ دەڵێین.

پەیدابوون 15:1-18

پەیمانی خودا لەگەڵ ئەبرام

15 لەدوای ئەم ڕووداوانە، لە بینینێکدا[a] فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەبرام هات، فەرمووی:

«مەترسە ئەی ئەبرام،
    من قەڵغانم بۆت،
    پاداشتت زۆر گەورەیە.»

بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چیم دەدەیتێ کە من هەروا وەجاخکوێر بم و میراتگری ماڵم ئەلیعەزەری دیمەشقییە؟» هەروەها ئەبرام گوتی: «هیچ وەجاخێکت نەداومەتێ، ئەوەی لە ماڵەکەم لەدایک بووە وا دەبێتە میراتگرم.»[b]

لەو کاتەدا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «ئەمە نابێتە میراتگرت، بەڵکو ئەوەی لە پشتی تۆوە دێت ئەو دەبێتە میراتگرت.» ئینجا بردییە دەرەوە و فەرمووی: «سەیری ئاسمان بکە و ئەستێرەکان بژمێرە، ئەگەر دەتوانیت بیانژمێریت.» هەروەها پێی فەرموو: «نەوەکەت ئاوا دەبێت.»

جا ئەبرام باوەڕی بە یەزدان هێنا، ئەویش ئەمەی بە ڕاستودروستی بۆ دانا.

هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، ئەوەی لە ئووری کلدانییەکانەوە تۆی هێنایە دەرەوە، هەتا ئەم زەوییەت بە میرات پێ ببەخشێت.»

بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چۆن بزانم کە من دەبمە میراتگری؟»

یەزدانیش پێی فەرموو: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە[c] و بزنێکی سێ ساڵە و بەرانێکی سێ ساڵە و قومرییەک و کۆترێکم بۆ بهێنە.»

10 ئەمانەی هەموو بۆ هێنا و لە ناوەڕاستەوە لەتی کردن، لەتی هەریەکەشیانی بەرامبەر ئەوی دیکە دانا، بەڵام باڵندەکانی لەت نەکرد. 11 ئینجا سیسارکە کەچەڵەکان بۆ سەر کەلاکەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام ئەبرام دووری خستنەوە.

12 کە خۆریش بەرەو ئاوابوون دەچوو، ئەبرام کەوتە خەوێکی قووڵەوە، لەناکاو تاریکییەکی ترسناک و سەختی بەسەرهات. 13 ئینجا یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «بە دڵنیاییەوە بزانە کە نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. 14 بەڵام سزای ئەو نەتەوەیەش دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن. لەدوای ئەوە بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دێنە دەرەوە. 15 بەڵام تۆ بە سەلامەتی دەچیتە لای باوباپیرانت و لە تەمەنێکی باشی پیریدا دەنێژرێیت. 16 لە نەوەی چوارەمیشدا، نەوەکانت دەگەڕێنەوە ئێرە، چونکە هێشتا تاوانی ئەمورییەکان نەگەیشتووەتە ئەندازەی تەواوی خۆی.»

17 ئینجا کاتێک خۆر ئاوابوو و تاریکی داهات، لەناکاو تەنوورێکی پڕ دووکەڵ و مەشخەڵێکی داگیرساو دەرکەوت و لەنێوان پارچەکاندا تێپەڕی. 18 لەو ڕۆژەدا یەزدان پەیمانێکی لەگەڵ ئەبرامدا بەست و پێی فەرموو: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەکانی تۆ، لە ڕووباری میسرەوە هەتا ڕووبارە گەورەکە، ڕووباری فورات،

مەتا 12:33-37

دار بە بەرهەمی دەناسرێت

33 «دار بە بەرهەمەکەی دەناسرێتەوە. ئەگەر دار باش بێت، بەرهەمی باش دەدات، ئەگەر دار خراپ بێت، بەرهەمی خراپ دەدات. 34 ئەی بێچووە ماران، کە ئێوە خراپ بن، چۆن دەتوانن بە چاکە بدوێن؟ دەم ئەوە دەڵێت کە لە دڵ دەڕژێتەوە. 35 مرۆڤی چاک لە گەنجینەی چاک شتی چاک دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش، لە گەنجینەی خراپ، شتی خراپ دەردەهێنێت. 36 بەڵام پێتان دەڵێم: هەر وشەیەکی پووچ کە خەڵک پێی دەدوێ، لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا حیسابی خۆی هەیە، 37 چونکە بە وشەکانی خۆت بێتاوان دەکرێیت، بە وشەکانی خۆشت تاوانبار دەکرێیت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.