Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم پاشایان 8:1

هێنانی سندوقی پەیمان بۆ پەرستگا

لەو کاتەدا سلێمان پاشا لە ئۆرشەلیم پیرانی ئیسرائیلی کۆکردەوە، هەموو سەرکردەی هۆزەکان و گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل، بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە سییۆنەوە، کە بە شاری داود ناسراوە.

یەکەم پاشایان 8:6

ئینجا کاهینەکان سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنایە شوێنەکەی خۆی، بۆ پیرۆزگاکەی ناوەوەی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆز، بۆ ژێر باڵی دوو کەڕوبەکە.

یەکەم پاشایان 8:10-11

10 ئەوە بوو بە هاتنە دەرەوەی کاهینەکان لە شوێنە پیرۆزەکە، هەورێک پیرۆزگای یەزدانی پڕکردەوە. 11 کاهینەکانیش لەبەر هەورەکە نەیانتوانی خزمەت بکەن، چونکە شکۆی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکرد.

یەکەم پاشایان 8:22-30

نوێژی تەرخانکردنی پەرستگا

22 ئینجا سلێمان لەبەردەم قوربانگای یەزدان بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا و دەستی بۆ ئاسمان بەرز کردەوە، 23 گوتی:

«ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، هیچ خودایەک لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە لە وێنەی تۆ نییە، پەیمانی خۆشەویستییەکەت بۆ خزمەتکارەکانت دەبەیتەسەر، ئەوانەی لەبەردەمی تۆ بە دڵسۆزییەوە ڕەفتار دەکەن. 24 تۆ بەڵێنی خۆتت بۆ بەندەکەت، بۆ داودی باوکم هێنایە دی. ئەوەی بە دەمت بەڵێنت پێدا، ئەمڕۆ بە دەستی خۆتت هێنایە دی.

25 «ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەو بەڵێنەی کە تۆ بە بەندەکەی خۆت، بە داودی باوکی منت دا، بۆی بهێنە دی، کە فەرمووت: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەبەردەمم بۆ دانیشتن لەسەر تەختی ئیسرائیل، تەنها ئەگەر کوڕانت ئاگاداری ئەوە بن کە بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیم بکەن، هەروەک چۆن تۆ بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیت کردم.“ 26 ئێستاش ئەی خودای ئیسرائیل، با ئەو بەڵێنەت بێتە دی کە بەڵێنت بە داودی باوکم دا کە بەندەی تۆیە.

27 «بەڵام ئایا بەڕاستی خودا لەسەر زەوی نیشتەجێ دەبێت؟ ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی تۆیان تێدا نابێتەوە، ئیتر چۆن ئەم پەرستگایە کە من بنیادم ناوە! 28 بەڵام ئەی یەزدان، خودای من، ئاوڕ لە نوێژ و لە داواکارییەکانی بەندەکەت بدەوە و گوێ لە هاوار و ئەو نوێژە بگرە کە بەندەکەت ئەمڕۆ لەبەردەمت دەیکات. 29 با شەو و ڕۆژ چاوەکانت کراوە بن لەسەر ئەم پەرستگایە، لەسەر ئەو شوێنەی کە فەرمووت: ”ناوی من لەوێ دەبێت،“ هەتا گوێت لەو نوێژە بێت کە بەندەکەت بەرەو ئەم شوێنە دەیکات. 30 هەروەها گوێ لە پاڕانەوەی بەندەکەت و ئیسرائیلی گەلت بگرە، ئەوانەی بەرەو ئەم شوێنە نوێژ دەکەن، تۆش لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە بیبیستە، جا کە بیستت لێمان خۆشبە.

یەکەم پاشایان 8:41-43

41 «هەروەها ئەو بیانییەی کە لە ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت نییە و لە پێناوی ناوی تۆ لە خاکێکی دوورەوە هاتووە، 42 چونکە دەربارەی ناوی مەزنی تۆ و دەستی پۆڵایین و بازووی بەهێزت دەبیستن، جا کە هات و بەرەو ئەم پەرستگایە نوێژی کرد، 43 تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە و بەپێی هەموو ئەوەی ئەم بیانییە لێت دەپاڕێتەوە بۆی بەجێبهێنە، هەتا هەموو گەلانی زەوی بە ناوی تۆ ئاشنا بن و وەک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت لێت بترسن، هەروەها بۆ ئەوەی بزانن ئەم ماڵەی کە بنیادم ناوە هەڵگری ناوی تۆیە.

زەبوورەکان 84

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، لەسەر ئاوازی گتیت[a]، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

84 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
    ماڵەکەت چەند خۆشە!
گیانم شەیدایە، تەنانەت تامەزرۆی چوونە ناو حەوشەی ماڵی یەزدانە.
    لەش و دڵم هەلهەلە لێدەدەن بۆ خودای زیندوو.
پاساری ماڵی دەست دەکەوێت و
    پەڕەسێلکەش هێلانە، تەنانەت لە قوربانگای تۆدا،
    بۆ ئەوەی بێچووەکانی تێدا دابنێت،
ئەی یەزدانی سوپاسالار، پاشا و خودام.
خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە لە ماڵی تۆدا نیشتەجێن،
    هەمیشە ستایشی تۆ دەکەن.[b]

خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هێزیان لە تۆوەیە،
    ڕێگاکانت لەناو دڵیاندایە[c]،
کە بە دۆڵی فرمێسک[d] تێدەپەڕن،
    دەیکەنە کانیاو،
    پاییزە بارانیش پڕ بەرەکەتی دەکات.
لە هێزێکەوە دەچنە هێزێکی دیکە،
    تاکو هەریەک لەبەردەم خودا لە سییۆن دەربکەوێت.

ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، گوێت لە نوێژم بێت،
    خودای یاقوب، گوێ شل بکە.
ئەی خودایە، بڕوانە قەڵغانەکەمان،
    سەیری ڕوخساری دەستنیشانکراوەکەت[e] بکە.

10 یەک ڕۆژ لە حەوشەی ماڵی تۆ
    لە هەزار ڕۆژ لە شوێنێکی دیکە باشترە.
ڕاوەستان لە بەردەرگای ماڵی خودای خۆمم هەڵبژارد،
    نەک نیشتەجێی نێو ڕەشماڵی بەدکاران.
11 چونکە یەزدانی پەروەردگار خۆر و قەڵغانە،
    یەزدان میهرەبانی و شکۆ دەبەخشێت،
    ڕێ لە چاکە ناگرێت بۆ ئەوانەی ڕێگایان تەواوە.

12 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
    خۆزگە بەوە دەخوازرێ کە پشت بە تۆ دەبەستێت.

ئەفەسۆس 6:10-20

چەکی تەواوی خودا

10 لە کۆتاییدا پێتان دەڵێم کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەست و هێزە گەورەکەی بەهێز بن. 11 بە چەکی تەواوی خودا خۆتان چەکدار بکەن، تاکو بتوانن بەرامبەر پیلانی شەیتان خۆتان ڕابگرن، 12 چونکە زۆرانبازی ئێمە لەگەڵ گۆشت و خوێن نییە، بەڵکو لە دژی سەرۆکەکان، لە دژی دەسەڵاتداران، لە دژی فەرمانڕەوایانی ئەم تاریکییەی جیهانە، هەروەها لە دژی سەربازە بەدکارە ڕۆحییەکانە لە شوێنەکانی ئاسمان. 13 بۆیە چەکی تەواوی خودا هەڵبگرن، تاکو بتوانن لە ڕۆژی بەدکاردا خۆڕاگر بن و دوای تەواوبوونی هەموو شتێک، بچەسپێن. 14 بە بەستنی پشتێنی ڕاستی بە ناوقەدتان و سپەری[a] ڕاستودروستی بە سنگتانەوە، 15 ئامادەیی لە پێ بکەن بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنی ئاشتی[b]، 16 لە سەرووی هەموو ئەوانە قەڵغانی باوەڕ هەڵبگرن، بەمە دەتوانن هەموو تیرە گڕدارەکانی شەیتان بکوژێننەوە. 17 هەروەها کڵاوی ئاسنینی ڕزگاری لەسەر بکەن و شمشێری ڕۆحی پیرۆز هەڵبگرن کە پەیامی خودایە. 18 بە هەموو جۆرە نوێژێک و پاڕانەوەیەک، هەموو کاتێک لە ڕۆحی پیرۆزدا نوێژ بکەن، بۆ ئەمەش شەوارە بگرن بەوپەڕی بەردەوامی و پاڕانەوە بۆ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا.

19 نوێژ بۆ منیش بکەن تاکو هەر کاتێک دەمم دەکەمەوە قسەی گونجاوم بدرێتێ، ئازایانە نهێنی پەیامی ئینجیل ڕابگەیەنم. 20 من لێرە باڵوێزی ئینجیلم، هەرچەندە لە پێناویدا کۆت و بەند کراوم، نوێژ بکەن بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێویست ئازابم بۆ قسەکردن.

یۆحەنا 6:56-69

56 ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە بە منەوە پەیوەست دەبێت و منیش بەوەوە. 57 وەک باوکی زیندوو ناردوومی، منیش بەو باوکە زیندووم، ئاواش ئەوەی لە جەستەی من بخوات بەهۆی منەوە دەژیێت. 58 ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، نەک وەکو ئەوەی باوباپیران خواردیان و مردن. ئەوەی لەم نانە بخوات هەتاهەتایە دەژیێت.» 59 ئەمانەی لە کەنیشتێکدا فەرموو، لە کەفەرناحوم خەڵکی فێر دەکرد.

قوتابییەکان گومان دەکەن

60 لەبەر ئەوە زۆر لە قوتابییەکانی کە گوێیان لێبوو، گوتیان: «ئەم قسەیە گرانە! کێ دەتوانێت وەریبگرێت؟»

61 عیسا لە دڵی خۆیدا زانی قوتابییەکانی بەهۆی ئەمەوە بۆڵەبۆڵ دەکەن، پێی فەرموون: «ئایا ئەمە بۆ ئێوە دەبێتە کۆسپ؟ 62 ئەی ئەگەر ببینن کوڕی مرۆڤ بەرزبێتەوە بۆ ئەو شوێنەی یەکەم جار لێی بوو؟! 63 ڕۆحی پیرۆز ژیان دەدات، بەڵام جەستە بە کەڵک نایەت. ئەو قسانەی پێم گوتن ڕۆح و ژیانن. 64 بەڵام هەندێکتان باوەڕ ناکەن،» کە عیسا لە سەرەتاوە ئەوانەی دەناسی کە باوەڕ ناهێنن، هەروەها کێیە ئەوەی بە گرتنی دەدات. 65 ئینجا فەرمووی: «لەبەر ئەوە پێم گوتن، کەس ناتوانێ بێت بۆ لام، مەگەر باوک ڕێگەی پێدابێت.»

66 لەو کاتەوە زۆر لە قوتابییەکانی گەڕانەوە و ئیتر لەگەڵی نەدەگەڕان.

67 لەبەر ئەوە عیسا بە دوازدەکەی[a] فەرموو: «ئەی ئێوە ناتانەوێ بڕۆن؟»

68 شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بچینە لای کێ؟ وتەکانی ژیانی هەتاهەتایی لەلای تۆیە. 69 ئێمەش باوەڕمان هێنا و زانیمان کە تۆ پیرۆزەکەی خودایت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.