Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داودە کاتێک لەبەردەم شاول هەڵات لە ئەشکەوتەکە.
57 لەگەڵم میهرەبان بە، ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە،
چونکە گیانم پەنا دەهێنێتە بەر تۆ،
من پەنا دەهێنمە بەر سێبەری باڵەکانی تۆ،
هەتا ئەم بەڵایە بەسەردەچێت.
2 بۆ خودای هەرەبەرز هاوار دەکەم،
بۆ ئەو خودایەی ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت[a].
3 لە ئاسمانەوە دەنێرێت و ڕزگارم دەکات،
ئەوانە ڕیسوا دەکات کە ڕاوم دەنێن.[b]
خودا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی دەنێرێت.
4 گیانم لەناو شێرانە،
لەنێو ئاژەڵی دڕندە ڕادەکشێم،
ئەو مرۆڤانەی کە ددانەکانیان ڕم و تیرن،
زمانیشیان شمشێری تیژە.
5 ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
6 تۆڕیان ناوەتەوە بۆ پێیەکانم،
گیانم پەرێشانە.
چاڵێکیان لەپێشم هەڵکەند،
بەڵام خۆیان تێی کەوتن.
7 دڵم چەسپاوە، ئەی خودایە،
دڵم چەسپاوە،
سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
8 ئەی گیانی من، هەستە!
ئەی ساز و قیسارە، هەستن!
من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
9 ئەی پەروەردگار، من لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،
لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
10 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان،
دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان.
11 ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
گریانی داود بۆ ئەبشالۆم
19 ئەوە بوو ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق گوتی: «با ڕابکەم و مژدە بدەمە پاشا: ”یەزدان حەقی بۆ سەندیتەوە و لە دوژمنەکانت ڕزگاری کردیت.“»
20 یۆئابیش پێی گوت: «تۆ ئەمڕۆ خاوەن مژدە نیت، لە ڕۆژێکی دیکەدا مژدە بدە و ئەمڕۆ مژدە مەدە، چونکە کوڕی پاشا مردووە.»
21 یۆئاب بە کوشییەکی[a] گوت: «بڕۆ و ئەوەی بینیت بە پاشای ڕابگەیەنە.» کوشییەکەش کڕنۆشی بۆ یۆئاب برد و ڕایکرد.
22 ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق دووبارە بە یۆئابی گوت: «هەرچییەک بووە لێمگەڕێ با منیش بەدوای کوشییەکەدا ڕابکەم.»
یۆئابیش گوتی: «کوڕم، تۆ بۆ ڕادەکەیت، لە کاتێکدا مژدەیەکت نییە شایانی پاداشت بێت؟»
23 ئەویش گوتی: «هەرچی بێت، ڕادەکەم.»
یۆئابیش پێی گوت: «ڕابکە!» ئەوسا ئەحیمەعەچ بە ڕێگای پێدەشتەکەدا ڕایکرد و بە پێش کوشییەکە کەوت.
24 کاتێک داود لەنێوان دەروازەکانی ژوورەوە و دەرەوە دانیشتبوو، ئێشکگرەکە سەرکەوتە سەربانی دەرگاکە بۆ سەر شووراکە، چاوی هەڵبڕی و بینی پیاوێک بە تەنها ڕادەکات. 25 ئێشکگرەکە هاواری کرد و بە پاشای ڕاگەیاند.
پاشاش گوتی: «ئەگەر بە تەنها بێت مژدەی پێیە.» پیاوەکەش ڕایدەکرد و نزیک دەبووەوە.
26 ئینجا ئێشکگرەکە پیاوێکی دیکەی بینی ڕادەکات، بانگی دەرگاوانەکەی کرد و پێی گوت: «ئەوەتا پیاوێک بە تەنها ڕادەکات.»
پاشاش گوتی: «ئەمەش هەر مژدەی پێیە.»
27 ئێشکگرەکە گوتی: «من دەبینم کە ڕاکردنی یەکەم وەک ڕاکردنی ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق وایە.»
پاشاش گوتی: «ئەمە پیاوچاکە و مژدەیەکی چاکیش دەهێنێت.»
28 ئەحیمەعەچ هاواری کرد و بە پاشای گوت: «سڵاو.» کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی، گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی ئەو خەڵکەی ڕادەست کرد کە لە پاشای گەورەم هەستابوون!»
29 پاشاش گوتی: «ئەو گەنجە، ئەبشالۆم سەلامەتە؟»
ئەحیمەعەچیش گوتی: «گەورەم، کاتێک کە یۆئابی بەردەستی تایبەتی تۆ منی دەنارد، شڵەژانێکی گەورەم بینی، بەڵام نەمزانی چی بوو.»
30 پاشاش گوتی: «بسووڕێوە و لێرە ڕابوەستە.» ئەویش سووڕایەوە و ڕاوەستا.
31 لەو کاتەدا کوشییەکەش هات، کوشییەکە گوتی: «پاشای گەورەم مژدەم بدەرێ، چونکە یەزدان ئەمڕۆ حەقی بۆ سەندیتەوە و لە هەموو ئەوانەی لێت ڕاست بوونەوە ڕزگاری کردیت!»
32 پاشاش بە کوشییەکەی گوت: «ئەو گەنجە، ئەبشالۆم سەلامەتە؟»
کوشییەکەش گوتی: «با دوژمنەکانی پاشای گەورەم و هەموو ئەوانەی بۆ خراپە لە دژی تۆ سەرهەڵدەدەن وەک ئەو گەنجەیان لێ بێت.»
33 جا پاشا نیگەران بوو، دەگریا و سەرکەوتە ژووری سەر دەروازەکە، بە دەم ڕۆیشتنەوە ئاوای دەگوت: «کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم، کوڕەکەم ئەبشالۆم! خۆزگە لە جێی تۆ بمردبامایە، کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم!»
14 خۆشەویستان، کە چاوەڕێی ئەو شتە دەکەن، تێبکۆشن بۆ ئەوەی بێ لەکەیی و بێ گلەیی لە ئاشتیدا لەلای ئەو بدۆزنەوە. 15 بزانن کە پشوودرێژی پەروەردگارمان هەلێکە بۆ ڕزگاری، وەک پۆڵسی برای خۆشەویستمان بەگوێرەی ئەو داناییەی خودا پێیداوە بۆی نووسین، 16 وەک لە هەموو نامەکانیدا لەبارەی ئەم شتانەوە دواوە، ئەوەی هەندێک شتی تێدایە گرانە بۆ تێگەیشتن، نەزان و نەچەسپاوەکان وەک نووسراوە پیرۆزەکانی دیکە[a] دەیشێوێنن، بۆ لەناوچوونی خۆیان.
17 بۆیە خۆشەویستان، چونکە ئێوە لەپێشدا دەزانن، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک بە خراپەی سەرپێچیکاران چەواشە بن و لە چەسپاوی خۆتان بکەون. 18 بەڵکو لە نیعمەت و ناسینی عیسای مەسیحی ڕزگارکەر و گەورەماندا گەشە بکەن. شکۆی ئێستا و هەتاهەتایە بۆ ئەوە. ئامین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.