Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 51:1-12

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان. زەبوورێکی داودە. کاتێک ناتانی پێغەمبەر هاتە لای دوای ئەوەی داود لەگەڵ بەتشەبەع[a] جووتبوو.

51 ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە،
    بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.
بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و
    لە گوناهم پاکم بکەرەوە.

چونکە من یاخیبوونم دەزانم،
    هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.
لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد،
    لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد،
تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت،
    دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.
ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم،
    گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت،
    لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.

بە زوفا[b] پاکم بکەرەوە پاک دەبم،
    بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.
با گوێم لە شادی و خۆشی بێت،
    با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.
چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و
    هەموو خراپەکانم بسڕەوە.

10 ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و
    ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.
11 لە بەرچاوی خۆت دەرممەکە،
    ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.
12 شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە،
    بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.

ڕابەران 6:1-10

گدعۆن

نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد، یەزدانیش حەوت ساڵ ژێر دەستەی میدیانییەکانی کردن. جا دەسەڵاتی مییدیانییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوو، لەبەر میدیانییەکان نەوەی ئیسرائیل بۆ خۆیان پەناگایان لەناو کونە شاخ و ئەشکەوت و قەڵای چیاکان دروستکرد. هەر جارێک ئیسرائیلییەکان تۆویان دەچاند میدیانییەکان بۆیان سەردەکەوتن و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات دەهاتنە سەریان. لە دژیان چادریان هەڵدەدا و بەروبوومی زەوی و زاریان لەناو دەبرد تاکو دەگەیشتنە غەزە، هیچ شتێکی زیندوویان بۆ نەوەی ئیسرائیل نەدەهێشت[a]، نە لە مەڕ و نە لە مانگا و نە لە گوێدرێژ. لەبەر ئەوەی کە سەردەکەوتن بە ئاژەڵی ماڵی و چادرەکانیانەوە دەهاتن و وەک کۆمەڵە کوللە لە زۆریدا، خۆیان و وشترەکانیان بێشومار بوون، دەچوونە ناو خاکەکەوە بۆ ئەوەی وێرانی بکەن. ئیتر ئیسرائیلییەکان بەدەست میدیانییەکانەوە زۆر هەژار بوون و نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد.

کاتێک نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد بەهۆی میدیانییەکانەوە، یەزدان پێغەمبەرێکی بۆ نەوەی ئیسرائیل نارد، ئەوەی پێ گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لە میسرەوە سەرم خستن و لە خاکی کۆیلایەتی دەرمهێنان و لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەوانەی دەیانچەوساندنەوە دەربازم کردن، لەبەردەمتاندا دەرمکردن و خاکەکەیانم پێدان. 10 پێم فەرموون: ”من یەزدانی پەروەردگاری ئێوەم. خوداوەندەکانی ئەمورییەکان مەپەرستن، ئەوانەی ئێوە لە خاکیاندا نیشتەجێن،“ بەڵام گوێتان لێ نەگرتم.»

مەتا 16:5-12

کاتێک قوتابییەکان گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان ببەن. عیسا پێی فەرموون: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان بن.»

لەناو خۆیاندا گفتوگۆیان کرد و گوتیان: «لەبەر ئەوەیە کە نانمان نەهێناوە.»

عیسا زانی و پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی لەنێو خۆتان دەڵێن نانمان نییە؟ ئایا هێشتا تێنەگەیشتوون؟ نایەتە بیرتان پێنج نانەکەی پێنج هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ 10 یان حەوت نانەکەی چوار هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ 11 چۆن تێناگەن من باسی نانم بۆ نەکردن؟ لە هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان ئاگاداربن!» 12 ئینجا تێگەیشتن کە ئەو لە هەویرترشی نان ئاگاداریان ناکاتەوە، بەڵکو لە فێرکردنی فەریسی و سەدوقییەکان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.