Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
5 پاشا فەرمانی بە یۆئاب و ئەبیشەی و ئیتتای کرد و گوتی: «لەبەر من، لەگەڵ ئەو گەنجە نەرم بن، لەگەڵ ئەبشالۆم.» هەموو سەربازەکانیش گوێیان لێبوو کاتێک پاشا سەبارەت بە ئەبشالۆم فەرمانی بە سەرکردەکان کرد.
6 سوپای داود چوونە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە دەشتودەر، شەڕەکەش لە دارستانی ئەفرایم ڕوویدا. 7 لەوێ سوپای ئیسرائیل لەبەردەم خزمەتکارەکانی داود شکان، لەو ڕۆژەدا کوشتارێکی گەورە ڕوویدا، بیست هەزار پیاو کوژرا. 8 شەڕەکە لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە، لەو ڕۆژەدا ئەوانەی لەناو دارستانەکەدا لەناوچوون زیاتر بوون لەوانەی بە شمشێر لەناوچوون.
9 ئەبشالۆم بە سواری هێسترەکەیەوە بەڕێکەوت تووشی خزمەتکارەکانی داود بوو. هێسترەکە چووە ژێر لقەکانی دار بەڕووێکی گەورە و سەری ئەبشالۆم لەنێوان لقەکانی دار بەڕووەکەدا گیربوو، لەنێوان ئاسمان و زەویدا هەڵواسرا، هێسترەکەی ژێریشی ڕۆیشت.
15 دە خزمەتکار کە هەڵگرانی تفاقەکانی یۆئاب بوون چواردەوریان دا، لە ئەبشالۆمیان دا و کوشتیان.
31 لەو کاتەدا کوشییەکەش هات، کوشییەکە گوتی: «پاشای گەورەم مژدەم بدەرێ، چونکە یەزدان ئەمڕۆ حەقی بۆ سەندیتەوە و لە هەموو ئەوانەی لێت ڕاست بوونەوە ڕزگاری کردیت!»
32 پاشاش بە کوشییەکەی گوت: «ئەو گەنجە، ئەبشالۆم سەلامەتە؟»
کوشییەکەش گوتی: «با دوژمنەکانی پاشای گەورەم و هەموو ئەوانەی بۆ خراپە لە دژی تۆ سەرهەڵدەدەن وەک ئەو گەنجەیان لێ بێت.»
33 جا پاشا نیگەران بوو، دەگریا و سەرکەوتە ژووری سەر دەروازەکە، بە دەم ڕۆیشتنەوە ئاوای دەگوت: «کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم، کوڕەکەم ئەبشالۆم! خۆزگە لە جێی تۆ بمردبامایە، کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم!»
گۆرانی گەشتیاران.
130 ئەی یەزدان، لە ناخی قووڵاییەکانەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم!
2 ئەی پەروەردگار، گوێ لە دەنگم بگرە!
با گوێیەکانت سووک بن بۆ دەنگی پاڕانەوەم.
3 ئەی یەزدان، ئەگەر گوناهەکان تۆمار بکەیت،
ئەی پەروەردگار، کێ دەوەستێت؟
4 بەڵام لێخۆشبوون لەلای تۆیە،
بۆ ئەوەی لێت بترسین.
5 چاوەڕێی یەزدان دەکەم، گیانم چاوەڕێی دەکات،
هیوام بە بەڵێنەکانییەتی.
6 گیانم چاوەڕێی پەروەردگار دەکات،
زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان،
زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان.
7 ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت،
چونکە خۆشەویستی نەگۆڕ لەلای یەزدانە،
توانایەکی زۆریشی هەیە بۆ کڕینەوە.
8 هەر ئەوە ئیسرائیل دەکڕێتەوە
لە هەموو گوناهەکانی.
25 بۆیە واز لە درۆ بهێنن، با هەریەکە ڕاستگۆ بێ لەگەڵ نزیکەکەی، چونکە ئەندامی یەک جەستەین. 26 [کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن.][a] مەهێڵن ڕۆژئاوا بێت بەسەر تووڕەییتاندا، 27 دەرفەت بۆ شەیتان مەڕەخسێنن. 28 دز ئیتر با دزی نەکات، بەڵکو با ڕەنج بدات و بە دەستی خۆی ئیشێکی پاک بکات، تاکو هەیبێت بداتە ئەوەی پێویستی پێیەتی.
29 وشەی خراپ لە دەمتان دەرنەچێت، بەڵکو هەرچییەکی باشە بۆ بنیادنان، بەگوێرەی پێویستی، تاکو نیعمەت بداتە گوێگران. 30 ڕۆحی پیرۆزی خودا خەمبار مەکەن، ئەوەی بۆ ڕۆژی ڕزگاری[b] پێی مۆرکران. 31 هەموو تاڵی و تووڕەیی و توندی و هاوارکردن و بوختان و هەموو دڵڕەشییەک فڕێبدەن. 32 لەگەڵ یەکتری نەرمونیان و بە بەزەیی بن، لە یەکتری خۆشبن، هەروەک چۆن خودا بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحدا لێتان خۆشبوو.
وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین
5 کەواتە لاسایی خودا بکەنەوە، وەک ڕۆڵەی خۆشەویست، 2 لە خۆشەویستیدا بژین، وەک مەسیح خۆشیویستین و لە پێناوی ئێمەدا خۆی بەختکرد، قوربانییەک و سەربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا.
35 عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت.
41 جولەکەش بۆڵەبۆڵیان لەسەر دەکرد، چونکە فەرمووی: «منم ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە.» 42 گوتیان: «ئەمە عیسای کوڕی یوسف نییە، کە دایک و باوکی دەناسین؟ ئێستا چۆن دەڵێت ”لە ئاسمانەوە دابەزیوم“؟»
43 عیساش وەڵامی دانەوە و پێی گوتن: «لەناو خۆتاندا بۆڵەبۆڵ مەکەن. 44 کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت، ئەوەی ناردوومی، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە. 45 لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: [هەموو لە خوداوە فێر دەبن.][a] جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام. 46 کەس باوکی نەبینیوە جگە لەوەی لە خوداوەیە، تەنها ئەوەی لە خوداوەیە باوکی بینیوە. 47 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. 48 منم نانی ژیان. 49 باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و مردن. 50 بەڵام ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو ئەوەی لێی بخوات نەمرێت. 51 منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.