Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان. زەبوورێکی داودە. کاتێک ناتانی پێغەمبەر هاتە لای دوای ئەوەی داود لەگەڵ بەتشەبەع[a] جووتبوو.
51 ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە،
بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.
2 بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و
لە گوناهم پاکم بکەرەوە.
3 چونکە من یاخیبوونم دەزانم،
هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.
4 لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد،
لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد،
تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت،
دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.
5 ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم،
گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
6 ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت،
لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.
7 بە زوفا[b] پاکم بکەرەوە پاک دەبم،
بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.
8 با گوێم لە شادی و خۆشی بێت،
با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.
9 چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و
هەموو خراپەکانم بسڕەوە.
10 ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و
ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.
11 لە بەرچاوی خۆت دەرممەکە،
ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.
12 شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە،
بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.
یەشوع ڕابەرەکان بە خودا دەسپێرێت
23 پاش بەسەرچوونی ماوەیەکی زۆر، لەدوای ئەوەی یەزدان ئیسرائیلی لە دوژمنەکانی دەوروبەریان حەساندەوە، یەشوع پیر بوو و بەساڵدا چوو، 2 هەموو ئیسرائیلی بە پیر و ڕابەر و دادوەر و کوێخاکانیەوە بانگکرد و پێی گوتن: «ئەوا من پیر بووم، بەساڵدا چووم و 3 ئێوەش هەموو ئەوەتان بینیوە کە یەزدانی پەروەردگارتان لەبەر ئێوە بە هەموو ئەو نەتەوانەی کرد، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لە جیاتی ئێوە جەنگا. 4 ببینن، من خاکی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە بە تیروپشک بۆم دابەش کردوون بە میرات بەپێی هۆزەکانتان، هەموو ئەو نەتەوانەم بەزاندووە، لە ڕووباری ئوردونەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست[a] بەرەو ڕۆژئاوا. 5 یەزدانی پەروەردگارتان خۆی لەبەردەمتان ڕایاندەماڵێت و لەپێشتان دەریاندەکات، ئێوەش دەست بەسەر خاکەکەیاندا دەگرن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان بەڵێنی پێدان.
6 «جا زۆر بەهێز بن بۆ پاراستن و کارکردن بە هەموو ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، تاکو نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپ لێی لا نەدەن، 7 تاکو نەچنە ناو ئەو نەتەوانەوە، ئەوانەی لەگەڵتان ماونەتەوە ناوی خوداوەندەکانیان مەهێنن، سوێندیان پێ مەخۆن، مەیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ مەبەن. 8 بەڵکو دەست بە یەزدانی پەروەردگارتانەوە بگرن هەروەک هەتا ئەمڕۆ کردووتانە.
9 «یەزدان نەتەوە مەزن و بەهێزەکانی لەبەردەمتان دەرکردووە و هەتا ئەمڕۆش کەس لەبەردەمتاندا خۆی ڕانەگرتووە. 10 یەک پیاو لە ئێوە هەزار دەردەپەڕێنێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لە جیاتی ئێوە دەجەنگێت هەروەک بەڵێنی پێدان. 11 جا زۆر ئاگاداری خۆتان بن کە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت.
12 «بەڵام ئەگەر گەڕانەوە و هاوپەیمانیێتی بەجێماوەکانی ئەو نەتەوانەوەتان کرد، ئەوانەی کە لەگەڵتان ماونەتەوە، ژن و ژنخوازیتان لەگەڵدا کردن و هەڵسوکەوتتان لەگەڵیان کرد، 13 ئەوا باش بزانن کە ئیتر یەزدانی پەروەردگارتان ئەو نەتەوانە لەبەردەمتان دەرناکات، بەڵکو دەبنە داو و تەڵە، قامچی لەسەر پشتتان و دڕک لەناو چاوتان، هەتا لەسەر ئەو خاکە چاکە لەناودەچن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون.
14 «ئەوەتا خەریکە منیش ئەمڕۆ وەک هەموو دانیشتووانی زەوی کۆچی دوایی دەکەم، ئێوەش بە هەموو دڵ و بە هەموو دەروونتانەوە دەزانن کە تەنها یەک بەڵێن نەشکاوە لە هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدان دەربارەی ئێوە فەرمووبووی، هەمووی بۆتان هاتە دی، یەک بەڵێنی لێ نەشکاوە. 15 ئاواش دەبێت، هەروەک چۆن هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدانی پەروەردگارتان دەربارەی ئێوە بەڵێنی دابوو هاتە دی، بە هەمان شێوە یەزدان هەموو شتە خراپەکانتان بەسەردا دەهێنێت، هەتا لەسەر ئەم خاکە چاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون لەناوتان دەبات. 16 کاتێک پەیمانەکەی یەزدانی پەروەردگارتان دەشکێنن کە فەرمانی پێ کردن، دەڕۆن و خودای دیکە دەپەرستن و کڕنۆشی بۆ دەبەن، تووڕەیی یەزدان بەسەرتاندا دەجۆشێت و بە زوویی لەسەر ئەو خاکە چاکە لەناودەچن کە پێیداون.»
27 کەواتە ئەوەی بە شێوازێکی ناشایستە[a] نانەکە بخوات یان لە جامەکەی مەسیحی خاوەن شکۆ بخواتەوە، ئەوا بەرامبەر بە جەستە و خوێنی مەسیحی خاوەن شکۆ تاوانبارە. 28 با هەرکەسێک خۆی تاقی بکاتەوە، ئینجا لە نانەکە بخوات و لە جامەکە بخواتەوە، 29 چونکە ئەوەی بخوات و بخواتەوە و بێ ئەوەی ڕێز لە جەستەی مەسیح بگرێت، ئەوا بۆ خۆی حوکم دەخوات و دەخواتەوە. 30 لەبەر ئەمەیە زۆر نەخۆش و لاوازتان تێدایە، هەندێکیش نوستوون[b]. 31 بەڵام ئەگەر خۆمان حوکمی خۆمان بدایە، ئەوا حوکم نەدەدراین. 32 بەڵام کاتێک مەسیحی خاوەن شکۆ حوکممان بدات، ئەوا تەمبێ دەکرێین، تاکو لەگەڵ جیهاندا تاوانبار نەکرێین.
33 کەواتە ئەی خوشک و برایانم، کاتێک بۆ خواردن کۆدەبنەوە، چاوەڕێی یەکتری بکەن. 34 ئەگەر یەکێک برسی بوو با لە ماڵەوە بخوات، نەوەک بۆ حوکمدان کۆببنەوە.
کاتێک هاتم بۆ لاتان، ڕێنمایی زیاتریشتان دەدەمێ.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.