Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 15

زەبوورێکی داود.

15 ئەی یەزدان، کێ لە پیرۆزگای تۆ نیشتەجێ دەبێت؟
    کێ لەسەر کێوی پیرۆزی تۆ دەژیێت؟

ئەو کەسەی ڕێگای تەواو دەگرێت و
    ڕاستودروستی پەیڕەو دەکات،
لە دڵەوە بە ڕاستگۆیی قسە دەکات و
    بە زمانی بوختان ناکات،
کە خراپە لەگەڵ کەس ناکات و
    هاوڕێکەی شەرمەزار ناکات،
کە بە سووکایەتییەوە دەڕوانێتە خراپەکاران
    بەڵام ڕێزی ئەوانە دەگرێت کە ترسی یەزدانیان لە دڵدایە،
کە سوێندی خۆی بەجێدەهێنێت،
    ئەگەر ببێتە مایەی زەرەریش بۆی،
کە پارە بە سوود نادات و
    بەرتیل وەرناگرێت لە دژی پیاوی بێتاوان.

ئەوەی ئەم شتانە بکات،
    هەتاهەتایە جێی لەق نابێت.

میخا 3:1-4

سەرزەنشتی ڕابەران و پێغەمبەران

گوتم:

«ئەی سەرکردەکانی یاقوب،
    ئەی ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن.
ئایا بۆ ئێوە نییە زانینی دادپەروەری؟
    ئێوە کە ڕقتان لە چاکەیە و حەز لە خراپە دەکەن،
پێستی گەلەکەم دادەماڵن و
    گۆشتیان لە ئێسکەکانیان جیا دەکەنەوە؛
ئێوە کە گۆشتی گەلەکەم دەخۆن،
    کەوڵیان دەکەن،
    ئێسکیان دەشکێنن،
پارچەپارچەیان دەکەن وەک بۆ ناو مەنجەڵ،
    وەک گۆشتی ناو تاوە.»

ئینجا هاوار بۆ یەزدان دەکەن،
    بەڵام وەڵامیان ناداتەوە.
لەو کاتەدا ڕووی خۆی لێیان دەشارێتەوە،
    لەبەر ئەو خراپانەی کردیان.

یۆحەنا 13:31-35

ڕاسپاردەی نوێ

31 کاتێک چووە دەرەوە، عیسا فەرمووی: «ئێستا کوڕی مرۆڤ شکۆدار کرا و خوداش تێیدا شکۆدار کرا. 32 جا ئەگەر خودا تێیدا شکۆدار کرا، خوداش کوڕەکە لە خۆیدا شکۆدار دەکات، دەستبەجێ شکۆداری دەکات.

33 «ڕۆڵەکانم، ماوەیەکی کورت لەگەڵتاندا دەبم. جا بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام وەک چۆن بە جولەکەکانم گوت، ئێستا بە ئێوەشی دەڵێم: ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی کە من بۆی دەچم.

34 «من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێ. وەک خۆشمویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێ. 35 بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.