Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
7 ئەی یەزدان، گوێت لە دەنگم بێ کاتێک لێت دەپاڕێمەوە،
لەگەڵم میهرەبان بە و وەڵامم بدەوە.
8 سەبارەت بە تۆ دڵم دەڵێت: «ڕووت لەو بکە!»
ئەی یەزدان، ڕووم لە تۆ دەکەم.
9 ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
خزمەتکاری خۆت لە کاتی تووڕەییت مەگەڕێنەوە،
تۆ یارمەتیدەری من بوویت.
ئەی خودای ڕزگارکەرم،
ڕەتم مەکەرەوە و جێم مەهێڵە.
10 تەنانەت دایک و باوکیشم وازم لێ بهێنن،
یەزدان دەمگرێتە خۆی.
11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنماییم بکە،
لەبەر دوژمنەکانم.
12 بە ویستی ناحەزەکانم مەمسپێرە،
چونکە شایەتی درۆ لێم ڕاست بوونەتەوە،
هەناسەی زۆردارییان لێ دێتە دەرەوە.
13 من هێشتا باوەڕم بەوە هەیە،
کە لە خاکی زیندووان
چاکەی یەزدان دەبینم.
14 چاوەڕێی یەزدان بە،
خۆت ئازا بکە و دڵت بەهێز بکە،
چاوەڕێی یەزدان بە.
12 میدیانی و عەمالێقییەکان و هەموو کوڕانی ڕۆژهەڵات لە زۆریدا وەک کوللە وابوون و لە دۆڵەکە بوون، وشترەکانیشیان بێشومار بوون لە زۆریدا وەک ئەو لمەی لەسەر کەناری دەریادایە.
13 ئینجا گدعۆن هات و بینی پیاوێک خەونێک بۆ هاوڕێکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «بەڕاستی خەونێکم بینیوە، لە خەونەکە کولێرەیەکی جۆ گلۆربووەوە بۆ ئۆردوگای میدیانییەکان و هاتە چادرەکە و لێیدا، ئیتر کەوت و سەرەوژێری کرد، چادرەکەی تەخت کرد.»
14 هاوڕێکەشی وەڵامی دایەوە: «ئەوە لە شمشێرەکەی گدعۆنی کوڕی یۆئاشی پیاوی ئیسرائیل زیاتر بەولاوە هیچی دیکە نییە، خودا میدیانییەکان و هەموو سوپاکەی خستووەتە ژێر دەستیەوە.»
15 ئیتر کاتێک گدعۆن گوێی لە هەواڵی خەونەکە و لێکدانەوەکەی بوو کڕنۆشی برد[a] و گەڕایەوە ئۆردوگاکەی ئیسرائیل و گوتی: «هەستن، چونکە خودا سوپای میدیانییەکانی خستووەتە ژێر دەستتانەوە.» 16 ئینجا سێ سەد پیاوەکەی دابەش کرد بۆ سێ تیپ و کەڕەنای دایە دەستی هەموویان لەگەڵ گۆزەی بەتاڵ و چرای خستە ناو گۆزەکانەوە.
17 پێی گوتن: «سەیری من بکەن و وەک من بکەن، ئەوەتا من دەچمە نزیک ئۆردوگاکە، ئیتر من چی دەکەم ئێوەش وا بکەن. 18 ئینجا من و هەموو ئەوانەی لەگەڵمدان کە کەڕەنامان لێدا، ئێوەش بە دەوری هەموو ئۆردوگاکەدا کەڕەنا لێ بدەن و بڵێن: ”بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!“»
19 ئیتر گدعۆن و سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون لە سەرەتای نیوە شەودا هاتن بۆ کەناری ئۆردوگاکە و لەو کاتەدا پاسەوانەکانیان گۆڕی بوو، ئینجا کەڕەنایان لێدا و ئەو گۆزانەی لە دەستیان بوو شکاندیانن. 20 سێ تیپەکە کەڕەنایان لێدا و گۆزەکانیان شکاند و چراکانیان بە دەستی چەپیانەوە گرت و کەڕەناکانیان بە دەستی ڕاست بۆ ئەوەی لێی بدەن، هاواریان کرد: «شمشێرێک بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!» 21 ئیتر هەریەکە و لە شوێنی خۆیان بە دەوری ئۆردوگاکەدا ڕاوەستان. ئینجا هەموو میدیانییەکان ڕایانکرد و هاواریان کرد و هەڵاتن.
22 کاتێک سێ سەد کەسەکە کەڕەنایان لێدا، یەزدان کارێکی کرد لە پیاوانی سەراپای ئۆردوگاکە کە هەریەکە بە شمشێرەکەی لە هاوڕێکەی خۆی بدات، ئیتر سوپاکە هەڵات بۆ بێتشیتا بەرەو چەرێرا هەتا دەگاتە سنووری ئابێل مەحۆلا نزیک تەبات.
ڕۆڵەکانی خودا بێ گلەیین
12 بۆیە خۆشەویستانم، هەروەک چۆن کاتێک لەلاتان بووم هەمیشە گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانم بوون، ئێستاش کە لەلاتان نیم زۆر گرنگترە کە گوێڕایەڵم بن. بە ترس و لەرزەوە کۆشش بکەن بۆ تەواوکردنی ڕزگاریتان، 13 چونکە خودا خۆی لە ئێوەدا کار دەکات تاکو بتانەوێت و کار بکەن بۆ ڕەزامەندی ئەو.
14 هەموو شتێک بێ بۆڵەبۆڵ و شەڕەقسە بکەن، 15 تاکو بێ گلەیی و پاک بن، منداڵانی خودا لەناو نەوەیەکی چەوت و خواردا بێ لەکەن، لەنێو ئەواندا وەک ئەستێرە لە گەردووندا دەدرەوشێنەوە، 16 کاتێک دەست بە وشەی ژیانەوە بگرن. ئیتر لە ڕۆژی مەسیحدا دەتوانم شانازی بکەم کە بێهوودە غارم نەداوە و ڕەنجم نەکێشاوە. 17 بەڵام ئەگەر بمرم و خوێنم وەک شەرابی پێشکەشکراو بەسەر قوربانی و خزمەتی باوەڕتاندا بڕژێم،[a] ئەوا دڵشاد و دڵخۆشم لەگەڵتان. 18 جا ئێوەش ئاوا دڵشاد بن و لەگەڵم دڵخۆش بن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.