Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 40:1-11

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان زەبوورێکی داود.

40 بە پشوودرێژییەوە چاوەڕێی یەزدانم کرد،
    ئاوڕی لێ دامەوە و گوێی لە هاوارم بوو.
لەناو چاڵی لەناوچوون هەڵیکێشامە دەرەوە،
    لەناو قوڕ و زەلکاو دەریهێنام.
پێیەکانمی لەسەر تاشەبەرد دانا و
    هەنگاوەکانی منی توندوتۆڵ کرد.
گۆرانییەکی نوێی خستە ناو دەمم،
    سروودێکی ستایش بۆ خودامان.
زۆر کەس ئەمە دەبینن و دەترسن و
    پشت بە یەزدان دەبەستن.

خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
    پشت بە یەزدان دەبەستێت،
ڕوو لە لووتبەرزان ناکات،
    لەوانەی ڕوویان وەرگێڕاوە بەرەو درۆ.
ئەی یەزدان، خودای من،
    زۆرن ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە کردووتە.
ئەو شتانەی بۆ ئێمە نەخشەت کێشاوە
    کەس ناتوانێت بیانژمێرێت بۆت،
ئەگەر باسیان بکەم و بیانگێڕمەوە،
    ئەوەندە زۆرن نایەنە ژماردن.

بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،
    بەڵکو گوێی منت کردەوە،
    داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد.
ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم،
    هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە.[a]
ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم،
    فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.»

لەناو کۆمەڵی گەورە ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم،
    ئەی یەزدان، تۆ خۆت دەزانیت،
    دەمی خۆم ناگرم.
10 ڕاستودروستیت لەناو دڵم کپ ناکەمەوە،
    باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت دەکەم.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و ڕاستییەکەت لەناو کۆمەڵی گەورە ناشارمەوە.

11 ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە،
    با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت.

یەکەم پاشایان 19:19-21

بانگکردنی ئەلیشەع

19 ئیتر ئەلیاس لەوێ ڕۆیشت و ئەلیشەعی کوڕی شافاتی دۆزییەوە زەوی دەکێڵا، دوازدە جووت گا لەپێشییەوە بوون، ئەو لەگەڵ جووتی دوازدەیەمین بوو. ئینجا ئەلیاس بەلایدا تێپەڕی و کەواکەی فڕێدایە سەری. 20 ئەلیشەعیش گایەکانی بەجێهێشت و لەدوای ئەلیاس ڕایکرد و گوتی: «دایک و باوکم ماچ دەکەم و دوات دەکەوم.»

ئەلیاسیش پێی گوتی: «بڕۆ و بگەڕێوە، چونکە من چ ڕێگرییەکم لێکردوویت؟»

21 ئەلیشەعیش لەدوای گەڕایەوە و جووتە گایەکەی برد و سەری بڕین، گاسنەکەی سووتاند بۆ ئەوەی گۆشتەکە بکوڵێنێت، دایە خەڵکەکە و خواردیان. ئینجا هەستا و دوای ئەلیاس کەوت و بووە خزمەتکاری.

لۆقا 5:1-11

عیسا قوتابییەکانی بانگ دەکات

ڕۆژێکیان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەنیسارەت ڕاوەستابوو، خەڵکی پاڵەپەستۆیان دەکرد تاکو گوێ لە پەیامی خودا بگرن، دوو بەلەمی لە کەناری دەریاچەکە بینی، ماسیگرەکان بەجێیان هێشتبوو و تۆڕەکانیان دەشوشت. چووە ناو یەکێکیان، هی شیمۆن بوو، داوای لێکرد کەمێک لە وشکانی دووری بخاتەوە، ئینجا دانیشت و لەناو بەلەمەکەوە خەڵکەکەی فێردەکرد.

کاتێک وتەکانی تەواو کرد بە شیمۆنی فەرموو: «دووری بخەرەوە بۆ قووڵایی و تۆڕەکانتان بۆ ڕاوکردن فڕێبدەن.»

شیمۆن وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بە درێژایی شەو زۆر هەوڵمان دا و هیچمان نەگرت. بەڵام لەبەر قسەی تۆ، تۆڕەکان فڕێدەدەم.»

کاتێک ئەمەیان کرد ماسییەکی زۆریان گرت، خەریک بوو تۆڕەکانیان بدڕێت. جا ئیشارەتیان بۆ هاوکارانی ناو بەلەمەکەی دیکە کرد، تاکو بێن و یارمەتییان بدەن، ئیتر هاتن و هەردوو بەلەمەکەیان پڕکرد، هەتا وای لێهات خەریک بوو نوقوم ببن.

شیمۆن پەترۆس کە ئەمەی بینی، خۆی خستە بەرپێی عیسا و گوتی: «گەورەم، لێم دووربکەوە، چونکە مرۆڤێکی گوناهبارم!» پەترۆس و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە زۆری ئەو ماسییانەی گرتبوویان سەریان سوڕمابوو، 10 یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدیش، هاوبەشی شیمۆن بوون.

عیسا بە شیمۆنی فەرموو: «مەترسە! ئیتر تۆ لە ئێستاوە مرۆڤ ڕاو دەکەیت[a] 11 لەدوای ئەوەی بەلەمەکانیان هێنایە وشکانی، هەموو شتێکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.