Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بەندەی یەزدان
49 ئەی دوورگەکان، گوێم لێ بگرن،
ئەی نەتەوە دوورەکان، گوێ شل بکەن:
یەزدان پێش لەدایکبوونم بانگی کردم،
لەناو سکی دایکمەوە دیاری کردم.
2 دەمی منی کرد بە شمشێرێکی تیژ،
لە سێبەری دەستی خۆیدا منی شاردەوە،
منی کردە تیرێکی تیژکراو،
لەناو تیردانەکەی منی شاردەوە.
3 بە منی فەرموو: «تۆ بەندەی منیت،
ئیسرائیل، ئەوەی لەنێویاندا شکۆدار دەبم.»
4 منیش گوتم: «بەخۆڕایی ماندوو بووم،
لە شتی هیچوپووچدا توانای خۆمم نەهێشت،
بەڵام دادم لەلای یەزدانە و
پاداشتم لای خودامە.»
5 ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
یەزدان کە لە سکی دایکمەوە شێوەی منی کێشا،
بۆ ئەوەی ببم بە بەندەی خۆی،
تاوەکو یاقوب بگەڕێنەوە بۆ لای ئەو،
ئیسرائیلیش بچنە پاڵ ئەو،
جا لەبەرچاوی یەزدان شکۆمەند دەبم و
خوداشم دەبێتە هێزم،
6 ئەو دەفەرموێت:
«کەمە کە بەندەی من بیت
بۆ هەستانەوەی هۆزەکانی یاقوب و
بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی کە لە ئیسرائیل ئەوانم پاراست،
بەڵکو دەتکەمە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان
تاکو ڕزگاریم بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت[a].»
7 یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەوەی دەیکڕێتەوە، دەفەرموێت:
بە گیان ڕیسواکراو، بەوەی مایەی ڕقی نەتەوەیە،
بە خزمەتکاری فەرمانڕەواکان:
«پاشایان دەبینن و هەڵدەستن،
میرانیش کڕنۆش دەبەن،
لەبەر یەزدان کە دڵسۆزە و
لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە تۆی هەڵبژارد.»
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان زەبوورێکی داود.
40 بە پشوودرێژییەوە چاوەڕێی یەزدانم کرد،
ئاوڕی لێ دامەوە و گوێی لە هاوارم بوو.
2 لەناو چاڵی لەناوچوون هەڵیکێشامە دەرەوە،
لەناو قوڕ و زەلکاو دەریهێنام.
پێیەکانمی لەسەر تاشەبەرد دانا و
هەنگاوەکانی منی توندوتۆڵ کرد.
3 گۆرانییەکی نوێی خستە ناو دەمم،
سروودێکی ستایش بۆ خودامان.
زۆر کەس ئەمە دەبینن و دەترسن و
پشت بە یەزدان دەبەستن.
4 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
پشت بە یەزدان دەبەستێت،
ڕوو لە لووتبەرزان ناکات،
لەوانەی ڕوویان وەرگێڕاوە بەرەو درۆ.
5 ئەی یەزدان، خودای من،
زۆرن ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە کردووتە.
ئەو شتانەی بۆ ئێمە نەخشەت کێشاوە
کەس ناتوانێت بیانژمێرێت بۆت،
ئەگەر باسیان بکەم و بیانگێڕمەوە،
ئەوەندە زۆرن نایەنە ژماردن.
6 بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،
بەڵکو گوێی منت کردەوە،
داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد.
7 ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم،
هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە.[a]
8 ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم،
فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.»
9 لەناو کۆمەڵی گەورە ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم،
ئەی یەزدان، تۆ خۆت دەزانیت،
دەمی خۆم ناگرم.
10 ڕاستودروستیت لەناو دڵم کپ ناکەمەوە،
باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت دەکەم.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و ڕاستییەکەت لەناو کۆمەڵی گەورە ناشارمەوە.
11 ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە،
با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت.
1 لە پۆڵس، بانگکراو لەسەر خواستی خودا، تاکو ببێت بە نێردراوی عیسای مەسیح، هەروەها لە سۆستانیسی برامانەوە،
2 بۆ کڵێسای خودا لە شاری کۆرنسۆس، ئەوانەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح پیرۆزکراون و بانگکراون بۆ پیرۆزبوون، لەگەڵ ئەوانەی لە هەموو شوێنێکدا بە ناوی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە نزا دەکەن، کە گەورەی ئێمە و ئەوانیشە:
3 با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
4 سەبارەت بە ئێوە هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم، بۆ ئەو نیعمەتەی خودا کە بەهۆی عیسای مەسیحەوە پێتان دراوە. 5 بەهۆی ئەوەوە لە هەموو بوارێکەوە دەوڵەمەند بوون، لە هەموو وتە و زانینێک. 6 خودا بەو شێوەیە شایەتی ئێمە بۆ مەسیح لە ئێوەدا دەچەسپێنێت. 7 بۆیە لە هیچ بەهرەیەک کەموکوڕیتان نییە، هەروەها بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی گەورەمان بن. 8 ئەوەی هەتا کۆتایی دەتانچەسپێنێت، تاکو لە ڕۆژی عیسای مەسیحی گەورەماندا بێ گلەیی بن. 9 خودا بەوەفایە، ئەوەی بانگی کردن بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵ کوڕەکەی، عیسای مەسیحی گەورەمان.
بەرخی قوربانی خودا
29 بۆ بەیانی یەحیا بینی عیسا دێتە لای، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا، ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات! 30 ئەمە ئەوەیە کە باسم کرد، پیاوێک دوای من دێت پێشم کەوت، چونکە پێش من بووە. 31 منیش نەمدەناسی، بەڵام تاکو ئەو بۆ ئیسرائیل دەربکەوێت، لەبەر ئەوە هاتووم خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم.»
32 یەحیا شایەتی دا: «بینیم ڕۆحی پیرۆز وەک کۆترێک لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە. 33 من نەمدەناسی، بەڵام ئەوەی منی ناردووە خەڵک لەئاوهەڵکێشم، پێی گوتم: ”ئەوەی دەیبینیت ڕۆحی پیرۆز دێتە خوارەوە و لەسەری دەنیشێتەوە، ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت[a].“ 34 خۆم بینیم و شایەتیم دا کە ئەمە کوڕی خودایە.»
قوتابییە یەکەمینەکان
35 بۆ بەیانی دیسان یەحیا لەگەڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوەستا بوو، 36 عیسای بینی دەڕۆیشت، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا!»
37 دوو قوتابییەکە گوێیان لێی بوو کە وای گوت، دوای عیسا کەوتن. 38 عیسا ئاوڕی دایەوە و بینی بەدوایدا دێن، لێی پرسین: «چیتان دەوێت؟» پێیان گوت: «ڕابی، لەکوێ دەمێنیتەوە؟» ڕابی واتە مامۆستا.
39 پێی فەرموون: «وەرن، تەماشا بکەن.» لەبەر ئەوە ئەوانیش ڕۆیشتن و بینییان لەکوێ دەمایەوە، ئەو ڕۆژەش لەگەڵی مانەوە، نزیکەی کاتژمێر چواری[b]پاش نیوەڕۆ بوو.
40 ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس، یەکێک بوو لەو دووانەی کە گوێیان لە یەحیا بوو و دوای عیسا کەوتن. 41 یەکەم جار ئەندراوس چوو شیمۆنی برای دۆزییەوە و پێی گوت: «مەسیحمان[c] دۆزییەوە.» واتە دەستنیشانکراو. 42 ئینجا شیمۆنی هێنایە لای عیسا. عیساش تەماشای کرد و فەرمووی: «تۆ شیمۆنی کوڕی یۆنای، بەڵام بە کێفاس[d] ناو دەبردرێیت.» کێفاس واتە پەترۆس.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.